زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی چەند بڕیارێکی لەبارەی سیستمی غازی شلی بەشەناوخۆییەکانی خوێندکارانەوە دەرکرد
ئەمڕۆ پێنج شەممە (٢٤/١١/٢٠٢٢)، پ.ی.د. هوشیار عبدالله عزیز، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و د. بەختیار عبید شریف یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران، پاڵپشت بە نووسراوی ژمارە (٢١٢٠٥ ) لە ٢٢/١١/٢٠٢٢ی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەگەڵ بەڕێوەبەری بەشەناوخۆییەکانی زانکۆ و لێپرسراوی هۆبەی بەشەناوخۆییەکانی کۆلێج و پەیمانگەکان و بەڕێوەبەری تەندروستی و سەلامەتی زانکۆ و لیژنەیەکی ئیدارەی گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبوونەوە.
وە کۆبوونەوەکە بۆ بڕیاردان بوو سەبارەت بە سیستمی غازی شل (LPG)ی بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، کە بەشێکیان لەکاردان و بەشێکی تریان هێشتا سیستەمەکەی نەکەوتۆتە کار لە بەشەناوخۆییەکانی زانکۆ، لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێکی پێویست دران، لەپێناو پاراستن و سەلامەتی گیانی خوێندکارانی ئازیزمان لە بەشەناوخۆییەکان، کە بریتیە لە:
١- دروستکردنی لیژنەیەکی باڵا بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی و کۆمپانیای جێبەجێکار، بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە سیستمی غازی شلی بەشەناوخۆییەکان.
٢ـ دروستکردنی لیژنەی هونەری لەو کۆلێج و پەیمانگەیانەی سیستەمی غاز بەکاردەهێنن بۆ چێککردن و سەرپەرشتیکردنی ڕۆژانەی سیستمی غازی بەشەناوخۆییەکان.
٣ـ کردنەوەی خولی راهێنان بۆ لیژنە هونەرییەکانی زانکۆ لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکاری سیستمی غازی بەشەناوخۆییەکان.
٤- بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی زانکۆ خولی پێدانی زانیاری لەسەر پێدانی سیستمی غازی بەشەناوخۆییەکان بۆ خوێندکاران دەکاتەوە، بۆ چۆنیەتی بەکارهێنانی سیستەمەکە بۆ ئامادەکردن و گەرمکردنەوەی خواردنەکانیان.
٥- پێکهێنانی لیژنەیەکی ئیدارەی گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکاری سیستمی غازی شلی بەشەناوخۆییەکان، بۆ ئەوەی لەکاتی دروستبوونی هەر کێشە و کەموکوڕییەک، دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەی هونەری زانکۆ ئاگادار دەکرێنەوە، کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سیستمەکە.
٦ـ پاراستنی تانکی غازە شلەکان و سەرجەم کەلوپەلەکانی سیستەمەکە بۆ ماوەی یەک ساڵ لەلایەن کەسانی پسپۆڕی کۆمپانیای جێبەجێکارەوە.
جێی خۆیەتی ، ئاماژەی بەوە بدرێت کە “ئیدارەی گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆڵی هەبووە لە رووی داراییەوە لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار بۆ دانانی سیستمەی غاز، هەر لەو ڕوانگەیەوە وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتیان لیژنەیەکیان ناردووە، کە ئەم لیژنەیە لە رێگەی کۆمپانیاکەوە بەشداری کۆبوونەوەکانیان کردووە، بۆ ئەوەی بەشداربن لە چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان، لەپێناوی سەلامەتی گیانی خوێندکارانی بەشەناوخۆییەکانی زانکۆمان”.