لەسەر داوای سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و زانکۆی سلێمانی وە بەبڕیاری قوباد تاڵەبانی، خوێندکارانی دەستگیرکراو ئازاد دەکرێن
ئەمڕۆ سێشهممه 22 ی تشرینی دووهمی 2022 سەرۆکی هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و زانکۆی سلێمانی و یاریەدەدەرانی سەرۆکی زانکۆو ژمارەیەک لەئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆکان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانیان کردو لەلایەن بەرێوەبەری ئاسایشی سلێمانییەوە پێشوازیکران، ئامانج لەسەردانەکەش بەدواداچوون بوو بۆ کەیسی ئەو خوێندکارانەی دەستگیرکراون و هەوڵدان بوو بۆ ئازادکردنیان.
لەسەردانەکەدا سەرۆکی هەردوو زانکۆ باسیان لەوەکرد کە پێشنیاریان بۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کردووە کە ئەو خوێندکارانەی دەستگیرکراون ئازادبکرێن، چونکە ئەو خوێندکارانە بەکەسوکاری خۆیان دەزانن و هەرئەوانیش خاوەنی داوای رەوای خوێندکارانن و نایانەوێت لەپرۆسەی خوێندن و زانست دوابکەون، لەبەرامبەریشدا بەسوپاسەوە جێگری سەرۆکی حکومەت پێشنیاری هەردوو سەرۆکی زانکۆی پەسەندکردووەو لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە لەئەمڕۆوە بەپێی رێکارە یاساییەکان دەست بەئازادکردنی ئەو خوێندکارانە بکرێت.
لەوتەیەکیشیاندا پ.ی.د.هوشیار عەبدوڵا عەزیز سەرۆکی زانکۆی پۆکیتەکنیکی سلێمانی و پ.د.کۆسار محمد سەرۆکی زانکۆی سلێمانی ، بەناوی هەردوو زانکۆوە، سوپاسی وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستییان کرد، کە هەمیشە پشتیوانی داوای رەوای خوێندکاران بووەو لەوچوارچیوەیەشدا لەمانگی 7ی ئەمساڵەوە نوسراویان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی خوێندکاران، ئەمە جگە لەوەی لەماوەکانی رابردووداو لەکاتی خۆپیشاندانی خوێندکارانداو دەستگیرکردنی ژمارەیەک لەخوێندکارانیش هەمیشە لەگەڵ سەرۆک و ئەنجومەنی هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و زانکۆی سلێمانی لەپەیوەندیدابووەو داوای کردووە کە پشتیوانی داوای رەوای خوێندکارانبن و ئاگاداری دۆخی خوێندکارانبن، هەروەها وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی سوپاسی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی کردووە لەپای مامەڵەی دروستیان لەگەڵ خوێندکارانی دەستگیرکراوو ئازادکردنیان.
لەدیداریشیاندا لەگەڵ بەڕیوەبەری ئاسایشی سلێمانی هیوا شەهید ئەحمەدی سناعە رایگەیاند، ئەوانیش ئەو خوێندکارانە بە کەسوکاری خۆیان دەزانن و مامەڵەیەکی زۆر یاساییان لەگەڵدا کراوەو بگرە لەبەرئەوەی خوێندکاری زانکۆو پەیمانگان جیاواز لەهەر بەندکراوێکی دیکە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە.
بەڕیوەبەری ئاسایشی سلێمانی وتیشی، لەمڕۆوەو بەپێی یاسا ئەو خوێندکارانە ئازاد دەکرێن و دەگەڕێندرێنەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و بۆلای کەسوکارو هاوڕێکانیان، داواشی لەکەسوکاری خوێندکاران کرد هانی کوڕو کچەکانیان بدەن کە گرنگی بەخوێندنەکانیان بدەن و ئەوانیش وەکو سەرۆکایەتی زانکۆکان داوای خوێندکاران بە ڕەوا دەزانن و داوادەکەن داواکارییەکانیان بۆ جێبەجێ بکرێت.
جێی ئاماژەیە بەپێی خشتەی ساڵنامەی زانکۆو پەیمانگاکان کە ساڵانە دیاری دەرێت، پێویست دەکات خوێندکار پابەندی تەواوی ههبێت بەکات و بەشداری وانەکانیەوەو بەبەردەوامی چاودێری ئامادەبوونی خوێندکار دەکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی پێویست لەزانکۆکان و وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و رێکخراوە نێوەدەوڵەتییەکان چاودێری پرۆسەکە دەکەن و لەهەر کەموکوڕییەکدا گرفتی گەورە بۆ پرۆسەی خوێندن و ئاستی زانستی زانکۆکان و خوێندکاران دروستدەبێت.