زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و کۆمپانیای هواوی خزمەتگوزاری کلاود تاوتوێ دەکەن
لەپێناو پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێشکەوتوو بۆ خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 2022/11/14 پ.ی.د.هوشیار عەبدوڵا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و پ.د.سۆران ئەبوبەکر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، پیشوازییانکرد لە نوێنەری کۆمپانیای هواوی.
لە دیدارەکەدا کە لە سەرۆکایەتی زانکۆ بوو تاوتوێی پێشنیاری جێبەجێکردنی خزمەتگوزاری ( کلاود )یان کرد بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی کە گرنگییەکی دریژخایەنی هەیە و هاوتایە لەگەڵ دیدگای زانكۆ لە زۆر رووەوە، لەوانە؛ دابینکردنی ئەدای بەرزی پاراستنی زانیاری و خێرایی بەرزی ئەنجامدان، جگە لە خزمەتگوزارییەکانی فێربوونی ئەلیکترۆنی و خزمەتگوزارییەکانی دیکە کە نوێترین رێگاکانی گواستنەوەی زانیاری لە مامۆستایانەوە بۆ خویندکاران دابین دەکەن، هەروەها هەردوولا رێككەوتن لەسەر بەردەوامیدان بەهاوکاری هاوبەشی نێوانیان لە خزمەتکردنی پرۆسەی خوێندن و پەرەپێدانی زانکۆ.
شایەنی باسە کۆتایی نیسانی 2020 زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و کۆمپانیای هواوی ڕێکەوتننامەیەکی هاوبەشیان واژۆکرد بەمەبەستی کردنەوەی سەنتەرێکی ئەکادیمی گەورەی راهێنان و هەماهەنگی نێوانیان کە بووە دەستپێکێکی نوێ بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.