Back

چەند بڕیارێکى گرنگ لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى

ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى (2022/10/31) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کۆبوونەوەى ژمارە (7)ى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى بەڕێوەچوو. لە دەستپێکى کۆبوونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسى سەرجەم زانکۆ حکومییەکانى کوردستانى کرد کە هاوکار و هەماهەنگى وەزارەت بوون بۆ سەرکەوتنى پرۆسەى وەرگرتنى دەرچووانى قۆناغی دوانزەى ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ئەمساڵى خوێندنى (٢٠٢٢-٢٠٢٣). لە خاڵى یەکەمى بەرنامەى کارى کۆبوونەوەکە بەئامادەبوونى نوێنەرانى دەرچووانى ساڵى ڕابردووى دوانزەى ئامادەیى بەڕێوەچوو، تایبەت بوو بە زیادکردنى کورسى خوێندنى پارالێل لە کۆلێجەکانی کۆمەڵەی پزیشکی، بۆ ئەم پرسە ئەنجومەنى وەزارەت دواى تاوتوێکردنى ورد و گفتوگۆى چڕو وەرگرتنى وتەى هەریەک لە نوێنەرى خوێندکاران و قوتابیان، بڕیاردرا لە ڕێگەى لیژنەیەکى تایبەتمەند لەو زانکۆیانەى کۆلێجى پزیشکییان هەیە ئەم بابەتە دیراسە بکرێت و دواتر پێشنیازەکانیان بۆ ئەنجومەنى وەزارەت بەرزدەکرێتەوە. خاڵى دووەمى بەرنامەى کارى کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە یەکخستن و ڕێکخستنى کرێى خوێندنى پارالێل لە زانکۆکانى کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەت کار بۆ یەکخستنی کرێی خوێندنی بەشە هاوشێوەکان لەسەرجەم زانکۆکاندا دەکەن. لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پاڵپشت بەدیدگاو بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاری ئەژمارکردنی ئارەزومەندانەی نمرەی وانەکانی (کوردی و عەرەبی) هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵام کاتی جێبەجێکردنی بڕیاری هەڵوەشانەوە لەسەر ئەو قوتابی و خوێندکارانە جێبەجێدەکرێت کە لە ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥-٢٠٢٦)دا لە پۆلی دوازدەی ئامادەیی دەبن، واتە لەو ساڵەوە وانەی زمانی کوردی و عەرەبی لەقۆناغی دوانزەی ئامادەیی وەک سەرجەم وانەکانی دیکە لە سیستمی وەرگرتن ئەژمار دەکرێت. لەهەمان ئەو ماوەیەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کار دەکات بۆ گۆڕینی سیستمی ناوەندی وەرگرتن، لە ڕێگەی هێنانەکایەی تاقیکردنەوەیەکی ستانداردی نیشتمانی بۆ وەرگرتن لەزانکۆ و پەیمانگەکان، کە تیایدا ڕەچاوی خولیاو ئارەزو و توانای داهێنان و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەو ئاراستەی پیشەیی خوێندکاران و قوتابیان بکرێت و زانکۆکانیش بەشداربن لە پرۆسەی هەڵسەنگاندنی دەرچووانی ئامادەیی لەسەر بنەما و پرەنسیپەکانی خوێندنی پەیوەندیدار (Relevant Education). بەپێى خاڵێکى دیکەى بەرنامەى کارى کۆبوونەوە، ئەنجومەنى وەزارەت تاوتوێی کۆنفرانسى زانستى تەکنیکى و پیشەیى (TVET) لە هەرێمی کوردستان کرد، کە بڕیارە لە کۆتاى مانگى داهاتوو لەشارى هەولێر ئەنجامبدرێت، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دووپاتیکردەوە کە: ستراتیژیەتى کارکردنى وەزارەت لەم کابینەیە دابینکردن و پێگەیاندنى کادیرى پێویستە بۆ بازاڕى کارى کوردستان، بەشێوەیەک خاوەن کارامەیى بن و بتوانن تواناکانیان بۆ خزمەتى سێکتەرە جیاوازەکان بەکاربهێنن، بۆ ئەمەش ئاماژەى بەوەکرد وەزارەتى خوێندنى باڵا کاردەکات بۆ فراوانکردنى پانتایى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى لە هەرێمى کوردستان لەهەردوو کەرتی گشتی و خوێندنی تایبەتدا چونکە لە ئێستادا بازاڕى کارى کوردستان لە هەمووکات زیاتر پێویستى بەکادیرى تەکنیکى و پیشەیى هەیە، بۆیە بونیاندنانەوەو پەرەپێدانى هەرێمەکەمان بەبێ بونى توێژێکى کارا لە کادیرانى تەکنیکى کارێکى ئەستەمە. هەر لە کۆبونەوەکەدا ئەنجامدانى کۆنفرانسێکى زانستى دەربارەى دۆخى زمانى کوردى لە ناوەندە پەروەردەیى و ئەکادیمییەکان و کارگێرییەکاندا پەسەندکرا، بۆ ئەمەش لایەنە پەیوەندارەکان ڕاسپێردران بۆ ئەنجامدانى ئامادەکارى پێویست بۆ بەستنى ئەم کۆنفرانسە.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile