Back

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا نزيكه‌ی (١٧٣) به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تی كه‌مكرده‌وه‌

ڕاگه‌ياندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی له‌به‌ر ڕۆشنايی كۆنوسی يه‌كه‌مين كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی، كه‌ له‌ ڕێكه‌وتی (٢٢/٢/٢٠١٦) به‌سه‌رپه‌رشتی د.يوسف گۆران وه‌زيری خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ تيايدا بڕياردرا زانكۆكان پێداچونه‌وه‌ به‌په‌يكه‌ری كارگێڕی زانكۆكانيان بكه‌ن، له‌هه‌مان كاتدا به‌فرمانی د.يوسف گۆران وه‌زيری خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی لێژنه‌يه‌كی باڵا بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕياره‌ پێكهات. له‌و چوارچێوه‌يه‌داو، دوای ئه‌وه‌ی زانكۆكان پێداچونه‌وه‌يان به‌په‌يكه‌ری كارگێڕی زانكۆكانيان كرد و ڕه‌وانه‌ی وه‌زاره‌تيان كرد، له‌لايه‌ن لێژنه‌‌كه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژينه‌وه‌ی زانستیيه‌وه‌ ديراسه‌ی په‌يكه‌ری يه‌ك يه‌كه‌ی زانكۆكان كرا. هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، دوێنێ چوارشه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی (١٦/٣/٢٠١٦) له‌ هۆڵی كۆبونه‌وه‌كانی ديوانی وه‌زاره‌ت لێژنه‌ی پێداچونه‌وه‌ی په‌يكه‌ری كارگێڕی ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی به‌سه‌رۆكايه‌تی د.خه‌تاب شێخانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی كارگێڕی و دارايی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ياريده‌ده‌رانی سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری كارگێڕی كۆبونه‌وه‌. له‌و كۆبونه‌وه‌يه‌دا، د.خه‌تاب شێخانی كورته‌يه‌كی له‌باره‌ی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ پێشكه‌ش كرد، كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ بواری چاكسازی و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی و زيادكردنی داهات ده‌ستی پێكردوه‌، وتيشی يه‌كێك له‌و كارانه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی په‌يكه‌ری كارگێڕی ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌، بۆيه‌ له‌به‌ر ڕۆشنايی هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و، دواين بڕياری ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی، ئێمه‌ش وه‌ك يه‌كێك له‌ دامه‌زراوه‌ باڵاكانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و هه‌نگاوه‌مان ده‌ستپێكردوه‌، به‌هيواين پێكه‌وه‌ بتوانين به‌كه‌مترين تێچوو زياترين خزمه‌ت پێشكه‌ش به‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ين. هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌يه‌دا دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندين پێشنياز گه‌ڵاڵه‌ كران بۆ چۆنييه‌تی كه‌مكردنه‌وه‌ی په‌يكه‌ری زانكۆكان، سه‌رئه‌نجام به‌له‌به‌رچاوگرتنی تايبه‌تمه‌ندی و قه‌باره‌ی زانكۆ و دامه‌زراوه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی، بڕياری كه‌مكردنه‌وه‌ی (١٧٣) به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تی له‌سه‌رجه‌م زانكۆ و دامه‌زراوه‌ جياكانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا په‌سند كرا و، په‌يكه‌رێكی كارگێڕی نوێ بۆ يه‌كه‌ يه‌كه‌ی زانكۆكان و دامه‌زراوه‌كانی ديكه‌ داڕێژرايه‌وه‌، له‌هه‌مان كاتدا كۆبونه‌وه‌كه‌ بڕياری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌يان هۆبه‌و يه‌كه‌ی كارگێڕی له‌سه‌رجه‌م زانكۆ و دامه‌زراوه‌كان په‌سند كرد، به‌وه‌ش له‌ كۆی (٤٨٧) به‌رێوه‌به‌رايه‌تی، (١٧٣) به‌ڕيوه‌به‌رايه‌تی كه‌مكرايه‌وه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تيانه‌ تێكه‌ڵ كران كه‌ كاره‌كانيان له‌يه‌كترييه‌وه‌ نزيكه‌، به‌وه‌ش‌ (٣١٤) به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تی له‌سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژينه‌وه‌ی زانستی بۆ ڕاپه‌ڕاندنی كاروباری مامۆستايان و فه‌رمانبه‌ران و خوێندكاران و هاوڵاتيان مايه‌وه‌. به‌م بڕياره‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی مانگانه‌ ده‌يان ميلۆن دينار بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌هه‌مان كاتدا بڕياره‌كه‌ خزمه‌تی زياتر پێشكه‌ش به‌مامۆستايان و فه‌رمانبه‌ران و خوێندكاران و هاوڵاتيانيش ده‌گه‌ێنێ به‌تايبه‌ت له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆتين، بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر پێشتر يه‌كێك له‌ دوو به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تی كاره‌كانيان جێبه‌جێ بكردايه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا به‌هۆی تێكه‌ڵكردن و يه‌كخستنی به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تيه‌كان كه‌ كاره‌كانيان له‌ يه‌كتر نزيكه‌، مامۆستايان و فه‌رمانبه‌ران و خوێندكاران و هاوڵاتيان له‌ بری ئه‌وه‌ی له‌ دوو به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تی كاره‌كانيان جێبه‌جێ بكه‌ن، له‌ ئه‌مڕۆ به‌دواوه‌ له‌ يه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تی كاره‌كانيان بۆ ڕايی ده‌كرێ.

This shortcode LP Profile only use on the page Profile