هەفتەى نێودەوڵەتى ئاوى کوردستان بهچهند ڕاسپاردهیهك كۆتایی بهكارهكانی هێنا
راگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگهیاند: زانکۆکان لەڕوى زانستى و ئەکادیمیەوە ئەرکیانە توێژینەوەی زانستى لەبارەى ئاو و کێشەکانى داهاتووى ئاو لە هەرێمى کوردستان بخەنەڕوو، هەروەک پێشبینی و پێشنیازەکانی خۆیان بۆ حکومەتى هەرێم لەبارەى داهاتوى سەرچاوەکان و پاراستنى ئاوى کوردستان پێشکەش بکەن.
ئەم ڕاگەیاندنەى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانەى وتارێکى هات، کە ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى ٨/٣/٢٠١٦ لە کۆتا ڕۆژى هەفتەى نێودەوڵەتى ئاوى کوردستان لەشارى هەولێر بەئامادەبوونى د.ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆ سەڵاحەدین و مامۆستایانى زانکۆ و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پێشکەشى کرد.
لە وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گرنگى ئەنجامدانى ئەم چالاکییەى لەبارەى ئاو و داهاتوى ئاوى هەرێمى کوردستان بەبەشدارى زانکۆکانى پارچەکانى ترى کوردستان بەبایەخ وەسفکردو ڕایگەیاند: کێشەى ئاو یەکێکە لەکێشە جیهانییەکان، میللەتان و وڵاتان قسەو باسى زۆرى لەبارەوە دەکەن، بۆیه ئهم بابهته بۆتە بایەخى ئەو وڵاتانەى کە لەم کێشەیەدا نزیکبوونەتەوە. بۆ ئەوەش وتى: بەو پێیەى هەرێمى کوردستان و ناوچەکەش بەگشتى لەمەترسى ئەم کێشەیە بەدوور نیە و پێشبینی کراوە، بۆیە پێویستە هەنگاو و پلانى ستراتیژى و ڕاسپاردەى گرنگ پێشکەش بە حکومەتى هەرێمى کوردستان بکرێت بۆ دۆزینەوەى رێگەچارەى دروست و زانستى لەم بارەیەوە.
لە درێژەى وتارەکەیدا د. یوسف گۆران ڕایگەیاند: زانکۆکان لەڕوى زانستى و ئەکادیمیەوە ئەرکیانە توێژینەوەی زانستى لەبارەى ئاو و کێشەکانى داهاتوى ئاو لەسەر هەرێمى کوردستان بخەنەڕوو، هەروەک پێشبینی و پێشنیازەکانی خۆشیان بۆ حکومەتى هەرێم لەبارەى پاراستنى ئاوى کوردستان پێشکەش بکەن، لهههمان كاتدا ئەندامانى بەشداربوى هەفتەى ئاوى کوردستانیشى ڕاسپارد گروپى هاوبەش لەنێوان هەرێم و وڵاتانى دراوسێ دروست بکەن بۆ ئەوەى دیدێکى گشتگیر سەبارەت بە چارەسەرى پرسەکە بخەنەڕوو.
لەکۆتایى وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشنیازى کرد زانکۆى سەڵاحەددین کۆنفرانسێکى بەرفراوانى تایبەت بە ئاو ڕێكبخات و، وڵاتانى دراوسێ و ئەوانەى ڕوبەڕوى کێشەى ئاو بونەتەوە لەو کۆنفرانسەدا بەشداریان پێ بكرێ تا پێشنیاز و ڕاسپاردەى زانستى و ڕێگەچارەى دروست پێشکەش بە وڵاتان بکرێت، بۆ ئەوەى کێشەى ئاو لەسەر بنەماى هەرێمى چارەسەرى هاوبەشى بۆ بدۆزرێتەوە.
لەبەشێکى ترى هەفتەى نێودەوڵەتى ئاوى کوردستان چەند ڕاسپاردەیەک خرایەڕو بۆ ئەوەى بتوانرێت چارەسەرێکى گونجاو بۆ کێشەکانى ئاو بدۆزرێتەوە. گرنگترین ڕاسپاردەکانیش بریتیبون له:
· پێویستە ئاو پارێزگارى تەواوى لێبکرێت.
· وەک بابەتێکى سیادى لەلایەن حکومەتەوە مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت
· هەماهەنگى و پەیوەندنى نێوان زانکۆکان و فەرمانگەکانى ئاو پتەو تربکرێت.
· گرنگى زیاتر بە ئاوى ژێر زەوى بدرێت.
· هەوڵەکانى حکومەتى هەرێم لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ فراوانتر بکرێت بۆ پاراستنى ئاو.
· هانى وەبەرهێنانى بیانى و ناوخۆش بدرێت بۆ کارکردن لەسێکتەرى ئاو و پەرەپێدانى سەرچاوەکانى و رێگەگرتن لە بەفیرۆدانى.
هەفتەى نێودەوڵەتى ئاوى کوردستان بەبەشدارى وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و مامۆستایانى زانکۆ، لەلایەن بەشى ئەندازیارى بەنداو و سەرچاوەکانى ئاو لە کۆلێژى ئەندازیارى زانکۆى سەڵاحەددین بۆ ماوەى هەفتەیەک کارەکانى لەشارى هەولێر ئەنجامدا. لەکۆتا ڕۆژى کۆنفرانسەکەشدا لەلایەن وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خەڵاتى ڕێزلێنان پێشکەش بە بەشداربووان کرا.