(41253) دەرچو لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران
ئەنجامى وەرگرتن لە زانکۆکانى کوردستان لە ڕێگەى (زانکۆلاین) ڕاگەیەندرا
د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بۆ ئەمساڵى خوێندنیش وەک ساڵانى ڕابردو (١٠٠%) دەرچوانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیمان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکانى هەرێمى کوردستان وەرگرت.
ئەو ڕاگەیاندنەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (2022/10/12) لە میانەى کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەیدا هات، کە بۆ ڕاگەیاندنى ئەنجامى وەرگرتنى قوتابیان و خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان ڕێکخرابو.
لەسەرەتاى کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا، د.ئارام محمد قادر دواى پیرۆزبایکردن لە دەرچوانى دوانزەى ئامادەیی و کەسوکاریان، سوپاسى وەزارەتى پەروەردەى کرد، کە بەردەوام هاوکار و هەماهەنگى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بون بەتایبەت لە پرۆسەى گواستنەوەى داتاکانى دەرچوانى دوازدەى ئامادەیی، هەروەک سوپاسى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و ناوەندى وەرگرتنى کرد، کە لە ماوەى ڕابردودا هەموان پێکەوە شەو و ڕۆژیان خستەسەر یەک بۆ ئەوەى کار لەسەر پلانێکى تۆکمە بکەن، بەشێوەیەک زۆرترین دەرفەت بۆ دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی بڕخسێنن تا ڕۆڵەکانى وڵاتەکەمان لە زانکۆکانى خۆمان بتوانن درێژە بەخوێندنى زانکۆیی بدەن، هەر لەو چوارچێوەیەشدا توانرا (63,219) کورسى خوێندن بۆ ئەمساڵى خوێندن تەرخان بکەین، کە بەراورد بەساڵى ڕابردو (6,415) کورسى خوێندن زیاترە.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، د.ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: بۆ ئەمساڵى خوێندنیش وەک ساڵانى ڕابردو (١٠٠%) دەرچوانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیمان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکانى هەرێمى کوردستان وەرگرت، تەنها ژمارەیەکى کەم لە پێشکەشکاران کە ژمارەیان تەنها (368) خوێندکارە، بەهۆى هەڵە لە پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان ناویان نەهاتۆتەوە، ئەوانیش لە ڕێگەى فۆرمى سکاڵا دواتر بەپێى نمرەکانیان لە بەشە شایستەکان جێگەیان دەکرێتەوە، ئەوەشى ڕاگەیاند: دواى تەواوبونى پرۆسەکە لە ئێستادا (22,000) هەزار کورسى بەتاڵ ماوەتەوە، کە ئەوەش بریتیە لە سود وەرگرتن لەوپەڕى تواناى زانکۆکانمان، بۆ ئەوەش سوپاسى تەواوى سەرۆک زانکۆ و مامۆستایانى بەشە جیاکانى کرد، کە هاوکار و پشتیوانى وەزارەتە بون.
لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا، د.خەتاب ئەحمەد مستەفا بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلان و بەدواداچون لە وەزارەتى خوێندنى باڵا باسى لە وردەکارى وەرگرتنى دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى کرد، کە ئەوەش بەم شێوەیە بو:
کۆی گشتی دەرچوان | 38680 |
دەرچوانی زانستی | 25972 |
دەرچوانی وێژەیی | 12708 |
کۆی گشتی پلانی وەرگرتن | 63219 |
پێشکەشکار لە دەرچوانی ساڵی ٢٠٢٢ | 27728 |
پێشکەشکار لە دەرچوانی ساڵی ٢٠٢١ | 9354 |
پێشکەشکار لەدەرچوانی ساڵانی ڕابردو | 7326 |
کۆی پێشکەشکاران | 44408 |
کۆی گشتی وەرگیراوان | 41253 |
وەرگیراوی دەرچوانی ئەمساڵ | 27360 |
لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا، ئارام ئیراهیم بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن باسى لە چۆنیەتى پێشکەشکردنى سکاڵا کرد کە لە ڕێگەى وێبسایتى (Regayzanko.com) ئەنجام دەدرێت، بەوەڵامدانەوەى پرسیارى پەیامنێران کۆتایی بەکۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکە هات.