Back

پانێڵه‌كانی (خوێندکار بونیاتنەرە نەک ڕوخێنەر) به‌ڕێوه‌چوو

بە دروشمی (پێكه‌وه‌ یه‌ك ده‌ست یه‌ك ڕه‌نگ زانكۆمان پێشده‌خه‌ین ، خوێندکار بونیاتنەرە نەک روخێنەر) زانکۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی پانێڵێکی رێکخست بۆ چه‌ند پسپۆرێكی ئه‌و بواره‌.
کاتژمێر (١٠)ی سەرلەبەیانی ئه‌مڕۆ پێنجشەممە (٢٠٢٢/٩/٢٩)لە هۆڵی پیرەمێردی سه‌رۆكایه‌تی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و بەسەرپەرشتی راستەوخۆی (پ.ی.د.هوشیار عبداللە عزیز) سەرۆكی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ راگرانی كۆلێج و په‌یمانگاكان و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ خوێندكاران کەنوێنەرایەتی سەرجەم خوێندکارانیان دەکرد لەسەرجەم کۆلێج و پەیمانگاکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، پانێڵێک بە ناونیشانی (له‌پشت هه‌ر زانكۆیه‌كی پێشه‌نگ، خوێندكاری به‌توانا هه‌یه‌) وه‌ به‌دروشمی (پێكه‌وه‌ یه‌ك ده‌ست یه‌ك ڕه‌نگ زانكۆمان پێشده‌خه‌ین ، خوێندکار بونیاتنەرە نەک روخێنەر) به‌ڕێوه‌چوو.
بابه‌ته‌ پێشكه‌شكراوه‌كانی نێو پانێڵ بریتیبوون له‌:
*چالێنجەکانی بەردەم ماف و داخوازی خوێنکاران (د.بەختیار عبید شەریف-یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران.
*نەخویندەواری چەکی کوشندەی سیاسی (م.سەرکەوت شەریف اسماعیل-بەڕێوەبەری تۆماری گشتی زانکۆی چەرمۆ).
*ماف و پابەندییەکانی خوێندکار لە یاسا بەرکارەکاندا (پ.ی.د.بەختیار صديق رحیم-کۆلێجی یاسای زانکۆی سلێمانی).
*ئایا سیستمی ئێستای خوێندن بلیمەت بەرهەم دەهێنێت؟ پەیوەندی خوێندکارو مامۆستا، بەربەست و ئاڵنگارییەکان (ئاژێر کەریم-نوێنه‌ری گشتی خویندکاران).
پانێڵسته‌كان به‌شێوازێكی گشتی تیشكیان خسته‌سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ پێویسته‌ بنرێت به‌ئاراسته‌ی پێشخستن و بره‌ودانی زیاتر به‌ پرۆسه‌ی خوێندن له‌ زانكۆكان و گرنگیدان به‌ پرۆگرامه‌كانی خوێندن و دابینكردنی ژینگه‌ی پێویست بۆ خوێندن و نیشته‌جێبوونی خوێندكاران، هه‌روه‌ها ڕێوشوێنی پێویستیان باسكرد بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌ هه‌نوكه‌یی و درێژخایه‌نه‌كان و داوایانكرد سوود له‌دنیای ده‌ره‌وه‌ وه‌ربگیرێت و سیستمی خوێندنی ده‌ره‌وه‌ سوودی لێوه‌ربگیرێت به‌ گونجاندنی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا، هه‌روه‌ها ئاماژه‌یاندا به‌ هه‌نگاوه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا كه‌ دڵخۆشكه‌رن و داوایانكرد زیاتر ئه‌وله‌ویه‌ت بدرێت به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی كوالێتی خوێندن له‌ زانكۆكان و باشتركردنی ژیانی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و دابینكردنی شایسته‌ داراییه‌كانی خوێندكاران.له‌ پانێڵه‌كه‌دا گرنگی درا به‌ ئامانجی گه‌وره‌ی خوێندن كه‌ خزمه‌تكردنی سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانه‌ له‌بواره‌ جیاوازه‌كاندا، وه‌ داواكرا زیاتر هه‌وڵبدرێت هه‌ركه‌لێنێك كه‌ دروست ده‌بێت به‌خێرایی چاره‌سه‌ربكرێت تا كاریگه‌ری پۆزه‌تیڤ له‌سه‌ر پرۆسه‌ی خوێندن دابنێت .داواكرا جگه‌له‌ خوێندن و زانست گرنگی زیاتر بدرێت به‌ بواره‌كانی وه‌رزشی و هونه‌ری و ئه‌ده‌بی له‌نێو پرۆسه‌ی خوێندندا كه‌ ڕۆڵی گه‌وره‌ی ده‌بێت له‌ دڵخۆشكردنی خوێندكار.
دواتر له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه‌ گفتوگۆیه‌كی چڕوپڕ به‌ڕێوه‌چوو كه‌پرسیاره‌كانیان ئاراسته‌ی پانێڵسته‌كان كراو ئه‌وانیش وه‌ڵامی گونجاویان دانه‌وه‌.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile