هەوڵەکان بۆ چارەسەرى کێشەى زانکۆکان و خوێندکاران دوپاتکرایەوە
ئەمڕۆ ٢١ی٩ی٢٠٢٢، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لەشاری سلێمانی، پێشوازیكرد لە سەرۆكی زانكۆكانی (سلێمانی، پۆلیتەكنیكی سلێمانی، راپەڕین، گەرمیان، كۆیە و هەڵەبجە)، لە دیدارێكدا بارودۆخی ناوەندەكانی خوێندنی باڵا و پڕۆسەی خوێندن و گەشەپێدانی ئەو كەرتە لە هەرێمی كوردستان تاوتوێكرا.
لەو دیدارەدا، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، كورتە باسێكی لەبارەی بارودۆخی سیاسی ئەم قۆناغە بەگشتی و كێشەكانی بەردەم پڕۆسەی خوێندن و ئەرك و بەرپرسیارێتی زانكۆكان لە چارەسەری كێشەكان پێشكەشكرد، لەو رووانەشەوە سیاسەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی روونكردەوە، بەتایبەت لە هاوكاریكردنی ناوەندە زانستی و ئەكادیمییەكان و هەوڵدان بۆ بەردەوامبوونى پێدانى دەرماڵە بەخوێندکاران.
دواترو لەگفتوگۆیەكدا، هەریەك لە سەرۆكی زانكۆكان پوختەیەكیان دەربارەی زانكۆكەیان و سەرنج و پێشنیازەكانیان خستەڕوو، بەمەبەستی چارەسەركردنى کێشەکان و پێشخستنی ئاستی زانستی لە زانكۆكاندا، هاوكات هەوڵەكانی خاتوو شاناز-یان بەرزنرخاند كە بەردەوام لە خەمی پێشخستن و چارەسەركردنی كێشە و كەموكورتییەكانی ناوەندەكانی خوێندنی باڵادایە.
لای خۆیەوە، خاتوو شاناز پشتیوانیی خۆی بۆ داواكاری سەرۆكی زانكۆكان دەربڕی و ئامادەیی پیشاندا، كە بەردەوام دەبن لە چارەسەركردنی كێشەكانیان و پێشكەشكردنی هەموو جۆرە هاوكاری و پاڵپشتییەك.