Back

مامۆستایەکی زانکۆمان بەشداری پرۆگرامێکی گرنگی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکات

م.دڵنیا ڕەؤوف محی الدین مامۆستا لە سەنتەری نێودەوڵەتی زمانی ئینگلیزیی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی وەک یەکێک لە بەشداربووانی پرۆگرامی فوڵبرایت دەستنیشانکرا کە ساڵانە بۆ مامۆستایانی زانکۆکانی عێراق ئەنجام دەدرێت لە چەند پسپۆڕییەکی جیاوازدا. مامۆستایان لە سەرتاسەری عێراق لە ڕێی وێبسایتی فەرمیی پرۆگرامەکەوە بەشێوەی ئۆنلاین داواکاری پێشکەش دەکەن بۆ بەشداربوون لە پرۆگرامەکە و له‌سه‌ر بنه‌مای پێشبڕکێ و بە چەند قۆناغێک هەڵدەبژێردرێن، وەک ( پڕکردنەوەی فۆرمی ئۆنلاین، نوسینی پرۆپۆزەڵ، ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی تۆفڵ و چاوپێکەوتن ). بەشداربووانی ئەم پرۆگرامە ماوەی ( 10 ) هەفتە لە یەکێک لە زانکۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەسەردەبەن بە مەبەستی گەشەپێدانی تواناکانیان لە بواری وانەوتنەوەی زمانی ئینگلیزیدا و ئەنجامدانی چەندین خولی ڕاهێنان و بەشداربوون لە چالاکی و ئاڵوگۆڕی کلتوری، هەروەها ئاشنادەکرێن بە ڕێگا نوێیەکانی وانەوتنەوە لەڕێی ئامادەبوون لە وانە و سیمینارەکانی زانکۆکە و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆکە لە ڕێی ئەنجامدانی ڕاهێنانی هەفتانەوە. شایەنی باسە ئەمساڵ پرۆگرامەکە لە زانکۆی ئەرکەنسا لە شاری فەیتڤیڵی ویلایەتی ئەرکەنسا بەڕێوەچوو لە ڕێکەوتی (٢٨ی ٦ی ٢٠٢٢) تاوەکو ڕێکەوتی (٥ی ٩ی ٢٠٢٢) خایاند. بۆ ئەمساڵ ( 10 ) مامۆستا لە سەرتاسەری عێراق لە بواری ڕێگاکانی وانەوتنەوەی زمانی ئینگلیزیدا هەڵبژێرراون کە ( 4 )یان لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستانن، وە ئەم پرۆگرامە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت و لەلایەن ڕێکخراوی ئەمیدیست-ەوە بەڕێوەدەبرێت.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile