سبەینێ زانکۆلاین بۆ دەرچووانى دوانزه‌ی ئامادەیی کارادەکرێت
پرۆسه‌ی پێشکەشکردن بۆ وه‌رگرتنی ده‌رچووانی دوانزه‌ی ئاماده‌یی له زانكۆكانی كوردستان دەستپێدەکات و لە سبەینێوە یەکشەممە ڕێکەوتى (2022/9/18) لە سەعات (8)ى بەیانى، زانكۆلاین بۆ ماوەى (10) رۆژ بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى کارا دەکرێت.
د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەیەنێت: لە سبەینێوە یەکشەممە ڕێکەوتى (2022/9/18) لە سەعات (8)ى بەیانى، وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی، تا سەعات (12)ى شەوى ڕۆژى (2022/9/27) واتە بۆ ماوەى (10) ڕۆژ کارا دەبێت، به‌وه‌ش ده‌رچووانی (12)ی ئاماده‌یی لەو ماوەیەدا ده‌توانن فۆرمی وه‌رگرتن له زانكۆ و په‌یمانگه‌كان پڕبكهنهوهو پێشكه‌شی بكه‌ن، هه‌روه‌ك ده‌رچووان ده‌بێت بە بەكارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەرو وشەى تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسۆرد) كە پێشتر له خوێندنگەکانیان وهریانگرتۆتهوه فۆرمی وه‌رگرتن پڕبكه‌نه‌وه
بۆ به‌رچاوڕوونی زیاترى ده‌رچووانی پۆلی دوانزه‌و ئاشنابوونیان بهسیستمهكانی وه‌رگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن لەسەر وێبسایتى (www.regayzanko.com) ڕێبەرى وەرگرتن بە وردى بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان، هەروەهاش دەتوانن سەردانى مەڵبەندەکانى ڕاوێژکارى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنى ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌سه‌ر چۆنیه‌تی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن بهسیستمه جیاوازه‌كان، کە ئه‌مه‌ش دهرهفهتێكی گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی دەرچووان به‌ر له‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن پێشكه‌ش بكه‌ن و ئاگاداری ورده‌كارییه‌كانی سیستمه‌كه بن و هەوڵ بدەن خودى خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین و تەنها بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچووان پڕ دەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نابێت لەهەر هەڵە و بەشێک کە لەلایەن دەرچوو پێشکەش دەکرێت.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیدەگەیەنێت، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچووان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە ڕەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار/ قوتابى، بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزوو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن. هەروەها پێویستیشە دەرچووانى پۆلى دوانزە هەر لە یەکەم ڕۆژی کاراکردنی زانکۆلاین دەست بکەن بە پێشکەشکردن و کارەکانیان دوا نەخەن بۆ کۆتا ڕۆژەکانی زانکۆلاین.
لە کۆتایدا وەزارەتى خوێندنى باڵا سەبارەت بە هەبوونى پەیج و ئەکاونت بەناوى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن، ڕایدەگەیەنێت: ستافى وەرگرتن هیچ جۆرە پەیج و ئەکاونتێکى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نییە بەناوەکانى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن یان هەر ناوێکى دیکە، بەڵکو تاکە مینبەرى گەیاندنى ڕێنماییەکانى ئێمە لەڕێگەى سایت و پەیجى فەرمى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییە لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بەم ناونیشانە: (www.facebook.com/KRG.MOHE.Official)