Back

شاندێكی یەکێتی ئەوروپا زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌سه‌رده‌كاته‌وه‌

ئەمڕۆ پێنج شەممە ٨ی ئەیلولی ٢٠٢٢ پ. ی. د. هوشیار عبدللە عەزیز سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پێشوازیکرد لە شاندێكی یەکێتی ئەوروپا کەپێکهاتبوون لە د. برایان مایکل و جان ماریەس شارەزا لەیەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری پێشخستنی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی هەروەها د.هاوکار رەشید جێگری بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری و متمانە بەخشین له‌وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوە زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، کە سەردانی پەیمانگای تەکنیکی بەکرەجۆیان کرد. لەکۆبوونەوەیەکدا کە بەئامادەبوونی د.کامل صابر سعید ڕاگری پەیمانگای تەکنیکی بەکرەجۆو د.کارزان عبداللە محمد ڕاگری کۆلێجی زانستە پراكتیكییه‌كانی هەڵەبجەو د.چیا محەممەد حسن ڕاگری کۆلێجی تەکنیکی کەلارو سەرۆکی بەشە كشتوكاڵییه‌كانی پەیمانگای تەکنیکی بەکرەجۆو كۆلێجی ته‌كنیكی كه‌لارو كۆلێجی زانسته‌ پراكتیكییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ بەڕێوەچوو، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی وتەیەکی پێشکەشکردو وێڕای بەخێرهێنانی شاندەکە، باسی لەئاڵەنگاری و گرفتەکانی بەشە کشتوکاڵییەکانی زانکۆ کردو رایگەیاند، ئێمە لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و لەسەرەتای دەستبەکاربوونمانەوە هەوڵمانداوە سەرجەم بەشەکانمان و بەتایبەتی بەشە کشتوکاڵییەکانمان نوێبکەینەوەو گرنگی زیاتریان پێبدەین، هاتنی ئێوەش بەوبەرنامە تایبەتەی کەهەتانە، هاوکارو هاندەرێکی باشدەبێت بۆمان، تاوەکو ژێرخانی زانستی بەشەکشتوکاڵییەکانمان لەهۆڵەکانی وانە خوێندن و تاقیگەکان پتەوبکەین و بەپشتیوانی و هاوکاری یەکێتی ئەوروپاو بەپێی ئەو بەرنامەیەش کە ئێمە لەزانکۆ هەمانە وابکەین، کە بەرنامەو پرۆگرامەکانی بەشە کشتوکاڵییەکانمان لەگەڵ زانستی نوێی سەردەم لەبواری کشتوکاڵدا بگونجێنین و نوێ بکەینەوە. پ.ی.د هوشیار عبداللە عزیز وتیشی، ئێمە مەبەستمانە ئاستی زانستی مامۆستایان و خوێندکارانمان لەزانستی کشتوکاڵدا بەرەوپێش ببەین، بەجۆرێک کە زانکۆمان ببێتە ناوەندێکی گرنگی توێژینەوەو پێشکەوتنی کەرتی کشتوکاڵی لەهەرێمی کوردستان، هەروەها دەمانەوێت بەجۆرێک کاربکەین کە خۆمان لەگەڵ بازاڕی کارو زانستی سەردەمیانەی ئەو کەرتەدا بگونجێنین و دەرچوانمان بتوانن بەئاسانی ببنە خاوەنکاری خۆیان لەوبوارەداو لەهەمان کاتدا ببنە هۆکارێکیش بۆ پێشکەوتن و داهێنان لەکەرتی کشتوکاڵی لەهەرێمی کوردستان. سەرۆکی زانکۆ داوای لەشاندی میوان کرد زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی تێکەڵ بەکارنامەو بەرنامەکانیان بکەن و لەوپێناوەشدا زانکۆ ئامادەی هەموو کارئاسانی و هاوکارییەکەو خواستی زانکۆشی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی راهێنان و پێشخستنی توانای زانستی مامۆستایان و خوێندکارانی بەشە کشتوکاڵییەکان. پ.ی.د هوشیار عبداللە عزیز سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، راگرو سەرۆک بەشەکانی بەشداربووی کۆبوونەوەکەی راسپارد کە کارنامەو ستراتیژی خۆیان بۆ گونجاندن لەگەڵ بەرنامەی شاندەکە ئامادەبکەن و هەوڵی تەواوبدەن بۆ دەستخستنی ئەو پاڵپشتییە داراییانەی کە بۆ ئەو بوارە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە لەئایندەدا دابین دەکرێت. لەبەرامبەردا شاندی میوان باسیان لەکارنامەو بەرنامەی سەردانەکەیان و ناوەڕۆکی کارەکانیان لەعێراق و هەرێمی کوردستان کردو خۆشحاڵی خۆیان بەو گرنگیپێدانەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەبڕی و گفتوگۆی چڕوپڕیش لەنێوان ئامادەبوان و شاندی میوان و سەرۆکی زانکۆدا کرا.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile