Back

ئه‌نجومه‌نی زانكۆ بڕیاریدا ڕۆژی 25ی ئەیلول یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندن بێت لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی

له‌كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی خۆیدا، ئه‌نجومه‌نی زانكۆ بڕیاریدا ڕۆژی 25ی ئەیلول یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندن بێت لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی. ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى 1ی ئەیلولی 2022، بەسەرپەرشتیی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر پ.ی.د.هوشیار عبداللە عزیز سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و به‌ئامادەبوونى یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵاو كارگێڕی و دارایی و كاروباری خوێندكاران و ڕاگرانی کۆلێج پەیمانگاکان، کۆبوونەوەى ئاسایی ژمارە 1ی ئەنجوومەنى زانکۆ بۆ تاووتوێکردنى چەند پرسێکى زانستى و ئەکادیمى بەڕێوەچوو. لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا سەرۆکی زانکۆ ئاماژەى بە ئامادەکارییەکانى زانکۆ کرد بەمەبەستى پێشوازیکردن لە ساڵى نوێى خوێندن، پ.ی.د. هوشیار عبداللە عزیز تەواوى ئامادەکارییەکانى زانکۆ بۆ پێشوازیکردن لە ساڵى نوێى خوێندن بۆ ئامادەبووان خستەڕوو، لەو چوارچێوەیەشدا ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی ڕاسپارد کە پلان و بەرنامەکانیان بۆ پێشوازى لە ساڵى نوێى خوێندن ئامادە بکەن، بۆ ئەوەى بەپێى پلانى زانستى پڕۆسەى خوێندنى ئەمساڵ بەپێى ساڵنامەى زانکۆیی دەستپێبکاتەوە. لە بەشێکى دیکەى ووتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ ئاماژەى بە ئامادەکردنى پلانی خوێندنى باڵا/ دبلۆمى باڵاو ماستەر و دکتۆرا کرد، بۆ ئەمەش جەختىکردەوە کە پلانەکان بەشێوەیەک دابڕێژینەوە کە زۆرترین توانای زانکۆی بۆ تەرخان بکرێت و تیایدا ڕەچاوی پێوەر و ستانداردە زانستییەکان بکرێت، لەم ڕوانگەیەوە سەرۆکی زانکۆ دوپاتیکردەوە پێویستە پلانەکان بەجۆرێک دابڕێژرێن کە زۆرترین دەرفەتى درێژەدان بە خوێندنى باڵا بۆ خوازیاران بڕەخسێنن و بتوانین تواناى زانستى و کارامەییەکانیان پەرەپێبدن. هەرەوەها لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە بەشداری کارای زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی کرا لە کۆنفڕانسی بۆڵۆنیا پرۆسێس و بڕیاردرا کە تاوەکو ساڵێکیتر هەموو ئەو بەشانەی لە دەرەوەی بۆڵۆنیا پڕۆسێسن ئەوانیش خۆیان لەگەڵ ئەو پڕۆسێسە بگونجێنن. هەر لە کۆبونەوەکەدا جەختکرایەوە لەسەر ئامادەکارییەکانی زانکۆ بۆ پێشوازی لە خوێندکاران و هەموو ئامادەکاریەکیش کراوە بۆ بەشە ناوخۆییەکانی خوێندکاران. لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنى زانکۆ تاوتوێی پرۆپۆزەڵى کردنەوەى چەند بەشێکی زانستی کرد. لە بەشى کۆتایى کۆبونەوەکەى ئەنجوومەنى زانکۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانیدا گفتوگۆ لەبارەى ساڵنامەی خوێندنی 2022-2023 کردەوە و بڕیاردرا کە ڕۆژی 17ی ئەیلولی 2022 دەرگای بەشە ناوخۆییەکان بکرێتەوە بۆ پێشوازی لە خوێندکاران و ڕۆژی 25ی ئەیلول یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندن بێت لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile