Back

ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا، پرۆپۆزەلى کردنەوەى دوو زانکۆى حکومى لە هەرێمى کوردستان پەسەندکرد‎

ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى (2022/8/16) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و سەرۆک زانکۆکانى کوردستان کۆبونەوەى ژمارە پێنجى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێکى زانستى و ئەکادیمى بەڕێوەچو. لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئاماژەى بە ئامادەکارییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا کرد بەمەبەستى پێشوازیکردن لە ساڵى نوێى خوێندن، بۆ ئەمەش سەرەتا سوپاسى سەرۆک زانکۆکانى پێشوى کرد کە پار ساڵ سەرەڕاى ئەو ژمارە زۆرەى دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى، توانرا زۆرترین دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنرێت، هەروەها سوپاسى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتە پەیوەندارەکانى کرد بۆ پاڵپشتی و هاوکارییان بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى. هەر لەبارەى ئامادەکارییەکان بۆ ساڵى نوێى خوێندن، د. ئارام محمد قادر، تەواوى ئامادەکارییەکانى وەزارەتى بۆ پێشوازى کردن لە ساڵى نوێى خوێندن بۆ ئامادەبوان خستەڕو، لەو چوارچێوەیەشدا زانکۆکانى کوردستانى ڕاسپارد کە پلان و بەرنامەکانیان بۆ پێشوازى لە ساڵى نوێى خوێندن ئامادە بکەن، بۆ ئەوەى بەپێى پلانى زانستى پرۆسەى خوێندنى ئەمساڵ بەپێى ساڵنامەى زانکۆیی دەستپێبکاتەوە. لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پرۆپۆزەڵى کردنەوەى هەردو زانکۆى (پۆلیتەکنیکى گەرمیان و زانکۆى ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان)ى لە هەرێمى کوردستان پەسەندکرد، جێگەى ئاماژە پێدانە کردنەوەى ئەم دوو زانکۆ حکومییە لە چوارچێوەى ستراتیجى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیە بەمەبەستى فراوانکردنى دەرفەتى خوێندنى تەکنیکى و بوارى زانستە کردارییەکان لەهەرێمى کوردستان، دواى پەسەندکردنى لەلایەن ئەنجومەنى وەزارەت پێشنیازى کردنەوەى ئەم دوو زانکۆیە ئاراستەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران دەکرێت بۆ بڕیاردانی کۆتایی لەسەر کردنەوەیان.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile