Back

سه‌رۆكی زانكۆو شاندێكی زانستی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی كاری پێكه‌وه‌یی زانستی هاوڕابوون

به‌ ئامانجی پیرۆزبایی و پته‌وكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان، وه‌فدێكی زانستی و كونسوڵگه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران سه‌ردانی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانیان كرد. سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 6 ی ته‌مموزی 2022 پ.ی.د.هوشیار عبدالله‌ عزیز سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌ئاماده‌بوونی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی، پێشوازی له‌وه‌فدێكی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران كرد به‌ سه‌رپه‌رشتی (اغای مهندس قلعه‌ نه‌وعی) به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی نوسینگه‌ی ته‌كنه‌لۆجی سه‌رۆك كۆماری ئیسلامی ئێران و هه‌ریه‌ك له‌ (اغای دكتۆر عرب) جێگری راوێژكاری زانستی سه‌رۆك كۆماری ئیسلامی ئێران و (اغای مهدی شوشته‌ری) سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ سلێمانی. له‌دیدارێكی دۆستانه‌دا وه‌فدی میوان پیرۆزبایی خۆیان گه‌یانده‌ سه‌رۆكی زانكۆ به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربونییه‌وه‌و دوپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ستیانه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی هه‌بێت هه‌روه‌ك له‌ڕابردوودا كاری پێكه‌وه‌یی و هاوبه‌شیان ئه‌نجامداوه‌ به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ زانكۆكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕی بۆ هه‌ر ئاسانكارییه‌ك كه‌ ببنه‌ پردی په‌یوه‌ندی نێوان وه‌زاره‌ت و زانكۆكان له‌ هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران. لەبەشێکی گفتوگۆکاندا باس لە سیستمی (ECO)کرا، کە ناوەندێکی تایبەتە بە پێگەیاندن و ناساندنی دەرچووانی خاوەن ئەزموون و بەتواناو بەهرەمەندی زانکۆکان بۆ کەرتی گشتی و تایبەت لە پسپۆرییە جیاوازەکاندا، کە ئەم سیستمە لە ووڵاتی ئێران و هەندێک ووڵاتی دیکە بەکاردەهێنرێت کە بازاری کارو دەرچووانی لەیەکتر نزیکكردۆته‌وه‌و هۆکارێکی گرنگە بۆ دەسخستنی هەلی کار، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆکی زانکۆ ئامادەیی خۆی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پیشاندا بۆ هێنانی هەمان سیستم بۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی شاری سلێمانی و بەدیاری کراوی بۆ دەرچووانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، وەفدی میوانیش بەڵێنی هەموو کارئاسانیەکیاندا. سه‌رۆكی زانكۆ وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵییان به‌سه‌ردانه‌كه‌و زۆر سوپاسی كردن بۆ گه‌یاندنی په‌یامی پیرۆزباییان و پشتیوانیان بۆ كارو چالاكییه‌ زانستییه‌كانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی. پ.ی.د.هوشیار عبدالله‌ عزیز ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ كه‌ زانكۆكانی كۆماری ئیسلامی ئێران پێگه‌ی زانستیان له‌ جیهاندا به‌رزو دیاره‌و هاوكارێكی باشی زانكۆكان و خوێندكارانی هه‌رێمی كوردستان بوون به‌تایبه‌تی بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی ماسته‌رو دكتۆرا له‌ پسپۆرییه‌ جیاوازه‌كاندا، دڵخۆشی خۆیان ده‌ربری به‌زیاتر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌ زانستییه‌كان و ئه‌نجامدانی كاری پێكه‌وه‌یی له‌پێناو سوودگه‌یاندن به‌ مامۆستایان و خوێندكارانی هه‌ردوولا.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile