خولی ڕاهێنانی تواناکان (Internship)ی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەستیپێکرد
سەنتەری گەشەپێدان بۆ کار (CDC) لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، میوانداری خولی ڕاهێنانی تواناکان(Internship)ی خوێندکارانی ١١ زانکۆ و پەیمانگای سنووری پارێزگای سلێمانی دەکات کە لە کۆمپانیای ئاسیاسێڵ مەشقی هاوینە وەردەگرن.
ئەمڕۆ ٣/٧/٢٠٢٢ لە ناوەندی گەشەپێدان بۆ کار لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی, خولی ڕاهێنانی تواناکانی زانکۆکانی (ئەمریکی_سلێمانی,گەرمیان، کۆیە، هەڵەبجە، چەرموو، کۆمار، گەشەپێدانی مرۆیی، تیشکی نێودەوڵەتی، پەیمانگای تەکنەلۆجی ناشناڵ، پەیمانگای تەکنیکی کوردستان) لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و پەیمانگای زانستی کۆمپیوتەر و پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی و پەیمانگای تەکنیکی دەربەندیخانی سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە بینای سەنتەری گەشەپێدان بۆ کار بە بەشداری ١٦٠ خوێندکار لە کەمپی کۆلێجە تەکنیکییەکانی چوارچرا دەستیپێکرد.
شایەنی باسە مەشقەکە بە دوو گرووپ ڕاهێنانەکان وەردەگرن، گرووپی یەکەم ٣/٧ – ١٥/٨/٢٠٢٢، گرووپی دووەم ١/٨ – ١٥/٩/٢٠٢٢.
خولی ڕاهێنانی تواناکان (Internship)ی مەشقی خوێندکارانە بۆ بەکارخستنی توانا زانستی و تیۆرییەکانیان لەناو کۆمپانیاکاندا کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێم لەڕێگەی سەنتەرەکانی گەشپێدان بۆ کار بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی (IREX)ی ئەمریکی بە بەشداری سەدان کۆمپانیا جێبەجێ دەکرێت.