وه‌زیری خوێندنی باڵا: زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ئامانجی گه‌وره‌ی به‌دیهێناوه
به‌مه‌به‌ستی پیرۆزبایی له سه‌رۆكی نوێی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی، د.ئارام محه‌مه‌د قادر وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی هاوڕێی, سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی به‌سه‌ركرده‌وه و پشتیوانی وه‌زاره‌تی بۆ سه‌رۆكی نوێی زانكۆ دووپاتكرده‌وه.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 2022\6\26 پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر د.هوشیار عه‌بدوڵا عه‌زیز سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌ئاماده‌بوونی یاریده‌ده‌رانی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا‌و كارگێڕی و دارایی و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ و به‌ڕێوه‌به‌رانی زانكۆ، پێشوازی له د.ئارام محه‌مه‌د وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی و وه‌فدی وه‌زاره‌ت كرد.
پاشان له هۆڵی پیره‌مێردی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ، له وته‌یه‌كدا پ.ی.د.هوشیار عه‌بدوڵا عه‌زیز به‌ناوی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییەوە به‌خێرهاتنی وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و وه‌فدی میوانی كرد‌و سه‌ردانه‌كه‌ی به‌ڕێزیانی به‌گرنگ ناوبرد، وتی: سه‌ره‌تا زۆر سوپاسی به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌م بۆ پێدانی ئه‌و متمانه‌یه كه هه‌میشه به‌ڕێزیان پشت و په‌نای زانكۆكان و داوا ره‌واكانی خوێندكاران و مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران بووه، هه‌روه‌ها سوپاسی خودی وەزیر و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و ئه‌و لایه‌نانه‌ی کرد که رۆڵیان هه‌بووه له به‌خشینی ئه‌و ئه‌ركه نوێیه.
سه‌رۆكی زانكۆ دووپاتیشكرده‌وه كه هه‌موو هه‌وڵ و توانایه‌كی خۆی ده‌خاته‌گه‌ڕ بۆ فه‌راهه‌مكردنی ده‌رفه‌تی كار‌و پێشخستن و خزمه‌تی زیاتری زانكۆ، وه به‌گرنگی زانی كه كاری پێكه‌وه‌یی ئه‌نجام بدرێت له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی ئامانج و ئه‌ركه‌كان، وتیشی: پێمان باشه په‌ره‌بدەین به به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی مامۆستایان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی وانه‌وتنه‌وه و ده‌ستبه‌ركردنی ژینگه‌ی ته‌ندروست بۆ خوێندكاران له رێگه‌ی دابینكردنی پێداویستییه‌كانی خوێندن و تاقیگه‌كان تا خوێندكاران بتوانن گه‌شه به توانا‌و كارامه‌یی خویان بده‌ن.
له كۆتاییدا پ.ی.د.هوشیار عه‌بدوڵا داوای له راگرانی كۆلێج و په‌یمانگاكانی سه‌ر به زانكۆ كرد كه هاوكاربن به‌هێنانه پێشه‌وه‌ی كه‌سی به‌توانا له رووی كارگێڕی و زانستییه‌وه تا ئه‌ركه هه‌ستیارو گرنگه‌كانی كۆلێج و په‌یمانگاكانیان پێبسپێرێت و بتوانن به‌شێك بن له پرۆسه‌ی چاكسازی و پێشخستنی زانكۆكه‌مان.
له وته‌یه‌كدا وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی رۆڵی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌رزنرخاندو وتی ئه‌م زانكۆیه ئومێدی هه‌مووانه و توانیویه‌تی له‌ماوه‌یه‌كی كه‌می ته‌مه‌نیدا هه‌نگاوی گه‌وره هه‌ڵبگرێت، وتی: خۆشحاڵم ئه‌مڕۆش له‌م مه‌راسیمه‌دا به‌شدارم و پیرۆزبایی له پ.ی.د.هوشیار عه‌بدوڵا عه‌زیز ده‌كه‌م كه وه‌كو سه‌رۆكی نوێی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ده‌ستبه‌كاربووه، هه‌ر لێره‌وه هه‌موو پشتیوانی و هاوكارییه‌كی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا دووپات ده‌كه‌ینه‌وه بۆ سه‌رخستنی كار‌و چالاكییه‌كانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی.
له درێژه‌ی وته‌كه‌یدا د.ئارام محه‌مه‌د ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه زانكۆكان و ناوه‌نده ئه‌كادیمییه‌كان جگه له پرۆسه‌ی فێركردن و خوێندن ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی دیکەیان هه‌یه كه ده‌بێت ببنه ناوه‌ندی گۆڕانكاری كۆمه‌ڵگه و به‌دواچوون بۆ كێشه و قه‌یرانه‌كان بكه‌ن و له رێگه‌ی توێژینه‌وه‌وه چاره‌سه‌ری ته‌ندروست بدۆزنه‌وه تاکو خزمه‌تی گه‌وره‌تر به كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان بكه‌ن.
پاشان به‌ئامانجی تاوتوێكردنی ره‌وشی خوێندنی باڵا‌و پرۆسه‌ی خوێندن، گفتوگۆیه‌كی كراوه له نێوان وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن و به‌ڕێوه‌به‌رانی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ رێكخرا، تێدا ژماره‌یه‌ك له راگری كۆلێج و په‌یمانگاکان و به‌ڕێوه‌به‌رانی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ چه‌ندین پرسیار‌و سه‌رنجی خۆیان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی خوێندن و كاروباره كارگێڕییه‌كان خسته‌ڕوو وه له‌لایه‌ن وه‌زیری خوێندنی باڵاوه وه‌ڵامی سه‌رجه‌م پرسیاره‌كان به‌ڕوونی و راشكاوانە درایه‌وه و ئومێدی سه‌ركه‌وتنی زیاتری بۆ هه‌مووان خواست.
له كۆتاییدا سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی سوپاسی ئاماده‌بوونی وه‌زیری خوێندنی باڵا و ستافی وه‌زاره‌تی كرد بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه و ئه‌نجامدانی گفتوگۆكه‌یان كه هیوای گه‌وره‌ی لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت.