Back

زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی خوێندنی ئێواران دەکاتەوە

زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی مژده‌ ده‌داته‌ ئه‌و خوێندكارانه‌ی كه‌ ناویان له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان نه‌ھاتۆته‌وه‌، ده‌توانن له‌ به‌شه‌كانی زانكۆكه‌یان به‌ سیسته‌می خوێندنی تایبه‌ت، خوێندنی‌ ئیواران بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٥-٢٠١٦ درێژه‌ به‌ خوێندن بده‌ن،سه‌رۆكی زانكۆش ناوه‌ڕۆكی پرۆسه‌كه‌ ده‌خاته‌ڕوو .

پاشنیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ 17ی كانونی دووه‌می 2016، )د. ئالان فه‌ره‌یدون/ سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی(، مژده‌ی ده‌ستپێكردنی خوێندی ئیوارانی له‌ زانكۆكه‌ راگه‌یاند و وتی: “له‌سه‌ر رۆشنایی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی ھه‌رێم و كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی‌ ئه‌نجومه‌نی زانكۆمان، مژده‌ی ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی خوێندنی ئێواران له‌ زانكۆكه‌مان راده‌گه‌یه‌نین

“. وتیشی: “زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی، كه‌ له‌ (٩) كه‌مپ پێكھاتووه‌، ژماره‌ی به‌شه‌كانی بریتییه‌ له‌ ٦٥ به‌ش، له‌ بواره‌ جیاجیاكان، له‌ ئێستادا سه‌رقاڵی داڕشتنی پلانێكی تایبه‌تین بۆ دیاریكردنی ئه‌و به‌ش و پسپۆڕییانه‌ی كه‌ وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م بۆ خوێندنی ئێواران له‌ زانكۆكه‌مان ده‌ستپێده‌كات”.

د. ئالان فه‌ریدون ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كه‌ “نرخی خوێندنی ئێواران له‌ زانكۆكه‌مان به‌ڕێژه‌ی ٧٠% بۆ ٥٠% كه‌متر ده‌بێت به‌راورد به‌و نرخه‌ی له‌ زانكۆ تایبه‌ته‌كان وه‌رده‌گیرێت، له‌ ھه‌مان كاتدا له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌شدا داشكاندن به‌ رێژه‌ی ٥٠% بۆ كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌ھیدان ده‌كرێت، چونكه‌ ئێمه‌ قه‌رزاری‌ گیانی‌ ئه‌و شه‌هیده‌ نه‌مرانه‌ی‌ كوردستانین

“. سه‌باره‌ت به‌ ئامانجی كردنه‌وه‌ی به‌شی خوێندنی ئێواران، سه‌رۆكی زانكۆ رونیشیكرده‌وه‌: “جگه‌ له‌ ئامانجی سه‌ره‌كی بۆ ده‌ستكه‌وتی داھات و ده‌رفه‌ت خستنه‌به‌رده‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی ئاره‌زووی خوێندن ده‌كه‌ن، كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و به‌پێی رێنماییه‌ تایبه‌ته‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی، رێژه‌یه‌كی زۆر له‌ داھاته‌كه‌ بۆ خه‌رجییه‌كانی زانكۆ به‌كاربھێنرێت، له‌ ھه‌مان كاتدا ره‌خساندنی ھه‌لی كار بۆ مامۆستا له‌ ئه‌نجامی وتنه‌وه‌ی وانه‌كان و سودوه‌رگرتن له‌ پسپۆڕه‌ ده‌رچووه‌كانی ئه‌و زانكۆیه‌ له‌ كه‌رته‌ جیاجیاكاندا”.

له‌ھه‌مان كاتدا سه‌رۆكی زانكۆ مژده‌ی دا به‌و خوێندكارانه‌ی كه‌ ناویان له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كاندا نه‌ھاتۆته‌وه‌، باسی‌ له‌وه‌كرد، كه‌ ده‌توانن سود له‌م پرۆسه‌یه‌ وه‌ربگرن بۆ ئه‌وه‌ی درێژه‌ به‌خوێندن بده‌ن له‌و پسپۆریانه‌ی خۆیان ئاره‌زوی‌ ده‌كه‌ن.

زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌ ھه‌شت په‌یمانگا و پێنج كۆلێژ پێكھاتووه‌، به‌سه‌ر زۆربه‌ی ناوچه‌كانی پارێزگای سلێمانی دابه‌شبووه‌، بۆ خوێندنی ئه‌م ساڵیش شه‌ش ھه‌زار خوێندكاری وه‌رگرتووه‌.

This shortcode LP Profile only use on the page Profile