Back

زانكۆی‌ پۆلیته‌كنیكی‌ سلێمانی‌ له‌گه‌ڵ‌ زانكۆی‌ ئیشک پانێلێكیان ئه‌نجامدا

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ بەروارى ١٠/١/٢٠١٦ به‌ ئاماده‌بوونی‌ هه‌ردوو سه‌رۆكی‌ زانكۆ ‌و به‌ناونیشانی‌ (سه‌فه‌ری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، توندڕه‌ویی یان لێبورده‌یی)، زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌ هاوبه‌شی‌ زانكۆی‌ ئیشک، له‌ هۆڵی‌ سه‌نته‌ری‌ رۆشنبیری‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ زانكۆی‌ پۆلیته‌كنیكی‌ سلێمانی‌، پانێلێكی‌ گفتوگۆی‌ سازكرد. له‌سه‌ره‌تای‌ پانێله‌كه‌دا، د. ئالان فه‌ره‌یدون سه‌رۆكی‌ زانكۆی‌ پۆلیته‌كنیكی‌ سلێمانی‌، وتارێكی‌ پێشكه‌ش كرد ‌و تێیدا، وتی‌: “ئه‌مڕۆ زانكۆی‌ پۆلیته‌كنیكی‌ سلێمانی‌ له‌گه‌ڵ‌ زانكۆی‌ ئیشک له‌ (هه‌ولێر ‌و سلێمانی‌) له‌ سلێمانییه‌وه‌، سلێمانی‌ رۆشنبیری‌، پێشكه‌وتن، قوربانی‌، گه‌شتێك به‌ناو رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست دا، ده‌كات”. وتیشی‌: “رۆژهه‌ڵاتی‌ كورد ‌و عه‌ره‌ب ‌و تورك ‌و فارس و كلد ‌و ئاشوریی‌، رۆژهه‌ڵاتی‌ ئیسلامی‌ ‌و مه‌سیحیی‌ ‌و جوله‌كه‌ ‌و زه‌رده‌شتی‌، رۆژهه‌ڵاتی‌ ئه‌مڕۆ پڕه‌ له‌ خوێن ‌و تیرۆر ‌و پڕه‌ له‌ چیرۆكی‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ دڕنده‌یی‌ ‌و پڕه‌ له‌ رۆمانی‌ ئازایه‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ ‌و پیرۆزی‌ خوێنی‌ شه‌هیدان. ” د. ئالان فه‌ره‌یدون ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا: “پێكه‌وه‌ دیالۆك ده‌كه‌ین بۆ پێكه‌وه‌ ژیانی‌، نه‌كوشتن، پاراستنی‌ پێناس ‌و شوناسی‌، نه‌ك سڕینه‌وه‌ ‌و ئاینده‌یه‌كی‌ گه‌ش، نه‌ك نائومێدی‌، ئه‌مڕۆ ده‌مانه‌وێت بڵێین زانكۆ به‌شێكه‌ له‌ كۆمه‌ڵ‌ ‌و مینبه‌رێكه‌ بۆ گفتوگۆ ‌و له‌یه‌ك تێگه‌یه‌شتن ‌و باسكردنی‌ كێشه‌كان وه‌ك خۆی‌”. ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو: “دیالۆگ ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌نگمان بگاته‌ هه‌موو لایه‌ك ‌و بڵێین، پسپۆڕان ‌و مامۆستایان ‌و خوێندكاران، به‌شێكی‌ گرنگن له‌ چاره‌سه‌ری‌ قه‌یران ‌و كێشه‌كان بۆ بونیاتنانی‌ ئاینده‌یه‌كی‌ گه‌ش بۆ وڵاته‌كه‌مان، بۆ كوردستان، وه‌كو به‌شێك له‌ گه‌شته‌كه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستی‌ ئه‌مڕۆ”. دواتر پ. د. ئه‌حمه‌د ئوزتاش سه‌رۆكی‌ زانكۆی‌ ئیشک، وته‌ییه‌كی‌ پێشكه‌ش كرد ‌و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد: “له‌ زه‌مه‌نی‌ وێرانكارییه‌ یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كاندا ‌و له‌م كۆتا سه‌ده‌ی‌ پڕ له‌ فیتنه‌ییه‌دا باشترین ‌و پڕ سودترین چاره‌سه‌ر ‌و رێگا چاره‌، بریتییه‌ له‌ خۆشویستنی‌ خۆشه‌ویستی‌ ‌و نه‌فره‌ت كردن له‌ رق ‌و فڕێدانی‌ له‌ سینه‌دا” وتیشی‌: “مرۆڤایه‌تی‌ زه‌منێكه‌ چاوه‌ڕوانی‌ رۆژانێكه‌، كه‌ تیایدا هه‌نه‌سه‌كانی‌ خۆشه‌ویستی‌ ‌و برایه‌تی‌ ‌و ئاشته‌وایی‌، تارمایی‌ شه‌ڕه‌ نێوخۆییه‌ نه‌گریسه‌كانمان له‌بیر به‌رنه‌وه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكانێكی‌ زۆر له‌ ناخه‌وه‌ تامه‌زرۆی‌ هاتنی‌ ئه‌م كه‌شه‌ پڕ خۆشه‌ویستییه‌ن له‌ بیرمان نه‌چێت، كه‌ كۆمه‌ڵانێكی‌ تر هه‌ن هه‌وڵ‌ بۆ دروست نه‌بوونی‌ ئه‌م كه‌شه‌ ده‌ده‌ن” . له‌دوای‌ ئه‌مه‌ش پانێله‌كه‌ ده‌ستی‌ پێكرد ‌و تێیدا هه‌ر یه‌ك له‌ “پڕۆفیسۆر شه‌ماس سالور – زانكۆی‌ فاتیح له‌ ئیسته‌نبوڵ‌، د. ئومێد ره‌فیق- دكتۆرا له‌ سیاسه‌تی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، زریان رۆژهه‌ڵاتی‌- خوێندكاری‌ زانكۆی‌ پۆلیته‌كنیكی‌ سلێمانی‌، ئیمان فه‌خره‌دین- خوێندكار له‌ زانكۆی‌ عیشق” بابه‌ته‌كانیان پێشكه‌كرد، كه‌ تێیدا مامۆستا گه‌یلان نه‌ژاد به‌ڕێوبه‌ری‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ راگه‌یاندن ‌و په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كان پانێله‌كه‌ی‌ به‌ڕێوه‌ده‌برد. به‌شداربووانی‌ پانێله‌كه‌، باسیان له‌ توندڕه‌ویی‌ ‌و چۆنیه‌تی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ توندڕه‌ویی‌ ‌و دواتر لێبورده‌یی‌ ‌و میانڕه‌ویی‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست ‌و جیهان به‌ گشتی‌ كرد. پاشان ده‌رگای‌ گفتوگۆ له‌ نێوان ئاماده‌بووان ‌و به‌شداربووانی‌ پانێله‌كه‌ كرایه‌وه‌ ‌و تێیدا چه‌ندین پرسیار له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه‌ وروژێندرا ‌و به‌شداربووانیش وه‌ڵامی‌ پرسیاره‌كانیان دایه‌وه‌. هـ. ك

This shortcode LP Profile only use on the page Profile