Back

كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی ژماره‌ 10ی ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆو به‌دواداچوون له‌سه‌ر كاروباره‌كانی زانكۆو پرۆسه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی ساڵ و به‌دواداچوون بۆ گرفته‌كان و دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌ بۆیان، به‌سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆكی زانكۆ ، ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی ژماره‌ 10ی ساڵی خوێندنی 2021-2022 ی سازكرد. پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 31 ی ئایاری 2022 به‌سه‌رپه‌رشتی پ.د.ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و به‌ئاماده‌بوونی پ.د. سۆران ابوبكر یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی سه‌رۆكی زانكۆو به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندن و چالاكییه‌كان ، له‌هۆڵی بێكه‌س تایبه‌ت به‌ كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ ، كۆبونه‌وه‌ی ژماره‌ 10ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ به‌ڕێوه‌چوو. له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكی زانكۆ ده‌ستخۆشی له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن و مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانكرد سه‌باره‌ت به‌كۆتا گه‌یاندنی پرۆسه‌ی خوێندنی ئه‌مساڵ، هه‌روه‌ها ئاماژه‌یكرد به‌وه‌ی هیچ پرۆسه‌یه‌ك به‌ئاسانی نایه‌ته‌ به‌رهه‌م و دڵنیاین له‌ كاركردن و ماندوبوون و شه‌ونخونی هه‌موولایه‌ك كه‌ سه‌ره‌ڕای چه‌ندین كۆسپی دارایی و نه‌بوونی موچه‌و ته‌ندروستی (ڤایرۆسی كۆرۆنا)، ڕێگه‌نه‌دراوه‌ پرۆسه‌ی خوێندن له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی په‌كی بكه‌وێت ، هه‌ربۆیه‌ به‌فه‌رمی نوسراوی سوپاس و پێزانینی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانكرد له‌ پای هه‌وڵ و ماندوبوونیان و به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وته‌ زانستییه‌كان. شایانی باسه‌ وه‌ك نوێنه‌رایه‌تی خوێندكارانی زانكۆ چه‌ند خوێندكارێك به‌شداری به‌شێكی كۆبونه‌وه‌كه‌یانكردو، بۆ به‌ره‌وپێشبردنی پرۆسه‌ی خوێندن چه‌ندین داواكاری و پێشنیاریان پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكی زانكۆو ئه‌نجومه‌نی زانكۆ كرد و گفتوگۆی پێویستیان له‌باره‌وه‌كراو بڕیاری گونجاویان له‌سه‌ر درا. له‌ته‌وه‌رێكیتردا باس له‌ كاروباره‌كانی كارگێڕی و دارایی زانكۆ كراو پێشنیازی كۆلێج و په‌یمانگاكان گفتوگۆی پێویستی له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌سه‌ركرا. تەوەری زانستی و خوێندنی باڵا وگەشەپێدانی سەنتەرەکانی توێژینەوەی زانستی لە زانکۆو كاروباری خوێندکاران وگفتوگۆکردن لە سەر داواکاری خوێندکاران ودانانی پلانی جێبەجێکردنی داواکاریەکان بە گشتی ته‌وه‌رێكیتری كربونه‌وه‌كه‌بوو. دواتر راپۆرتی کۆلێج وپەیمانگاکان له‌سه‌ر كاروباره‌ زانستی و كارگێڕییه‌كان و پلانیان بۆ ساڵی خوێندنی ئاینده‌ پێشكه‌شكرد. له‌كۆتاییدا له‌لایه‌ن پ.د.ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ڕێزلێنان پێشكه‌ش به‌ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ كرا.    
This shortcode LP Profile only use on the page Profile