Back

وه‌زیری‌ خوێندنی‌ باڵا سوپاسنامه‌ ئاڕاسته‌ی‌ دوو لە بەڕێوەبەرانی سەنتەری هەلی کاری زانكۆی‌ پۆلیته‌كنیكی‌ سلێمانی‌ ده‌كات

له‌و نووسراوه‌ی‌ كه‌ د. یوسف گۆران، وه‌زیری‌ خوێندنی‌ باڵا ‌و توێژینه‌وه‌ی‌ زانستی‌ ئاڕاسته‌ی‌ كردوون‌، هاتووه‌: “به‌رامبه‌ر هاو ئاهه‌نگیی‌ ‌و پابه‌ندبوونی‌ به‌رچاوتان له‌ خوله‌كانی‌ راهێنان ‌و به‌دواداچوونی‌ چالاكییه‌كان له‌گه‌ڵ‌ رێكخراوی‌ (IREX) ‌و ته‌واوكردنی‌ كار ‌و چالاكییه‌كانی‌ ناوه‌نده‌كه‌تان له‌كاتی‌ خۆیدا به‌ رێكوپێكی‌، سوپاس ‌و پێزانینی‌ خۆمانتان ئاڕاسته‌ ده‌كه‌ین ‌و هیوای‌ سه‌ركه‌وتنی‌ زیاترتان له‌ كاركانتان بۆ ده‌خوازین”.

له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م كار و چالاكییه‌ به‌رده‌وامانه‌ی سه‌نته‌ره‌كانی هه‌لی كاری ١٤ زانكۆ حکوومیەکەی هەرێم‌، وه‌زاره‌تی خۆێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی سوپاس و پێزانینی بۆ ئه‌ندامه‌ چالاكه‌كان و سه‌نته‌ره‌ هه‌ره‌ چالاكه‌كانی نێو ١٤ سه‌نته‌ره‌كه‌ ده‌ركردووه‌ كه‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی یه‌كێكه‌ له‌ پله‌ باڵاكانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌، ئه‌وانیش م. به‌ناز ڕه‌شید، به‌ڕێوبه‌ری به‌رێوبه‌رایه‌تی به‌كار خستن و م. سه‌رخێڵ سیروان، پسۆڕی‌ كار.. مامۆستا به‌ناز ڕه‌شید خاوه‌نی‌ بڕوانامه‌ی ماسته‌ره‌ له‌ بواری سه‌رچاوه‌ مرۆییه‌كاندایه‌ له‌ ووڵاتی ئوسترالیا، هه‌روه‌ها مامۆستا سه‌رخێڵ‌ سیروان، خاوه‌نی‌ بڕوانامه‌ی ماسته‌ره‌ له‌ ته‌كنۆلۆجیای زانیاری له‌ به‌ریتانیا.

مامۆستا سه‌رخێڵ‌ سیروان، له‌ سه‌نته‌ری‌ هه‌لی‌، رایگه‌یاند: “سه‌نته‌ره‌كانی هه‌لی كار له‌ هه‌ر ١٤ زانكۆ حكومیه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ مانگی ئایاری‌ ٢٠١٥ له‌ ژێر چاودێری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، ڕێكخراوی ئایڕێكسی ئه‌مریكییان ڕاسپارد‌ كه‌ پاڵپشتی لە دروستكردن و خستنه‌سه‌ر پێ و هەروەها كارا كردنی سەنتەرەکان بکات”. ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو: “کە ئایرێكس هەر لە سەرەتاوە بە وێرکشۆپی چڕ و پڕ دەستی پێکرد بۆ بەشداربووانی هەر ١٤ سەنتەرەکەی زانکۆکان و پاشانیش به‌ كۆرسی ئۆنڵاین، بە بەکارهێنانی‌ سیسته‌می موودڵ هەموو بەشداربووانی ئەم کۆرسەیان لە سەنتەرەکانی هەلی کاری زانکۆکانی کوردستان پێکەوە بەستەوە، کە لە په‌یوه‌ندی و كۆبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ئۆنڵاینداین بەسەرپەرشتی ئایڕێکس، بەردەوامیش دەرگای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لەڕێگەی ئیمه‌یڵ و فۆروم بە ئۆنڵاین كراوه‌یه‌ لە نێوانماندا هەیە، بەمەش پردی بەیەکبەستنەوەی نێوان زانکۆکانی کوردستانی بەهێزتر کردووە.

هه‌ر له‌سه‌ر به‌رده‌وامی له‌و کار و چالاكیانە و لە پێشبڕكێیه‌كی ئارێکسدا بۆ سەرجەم لە بەشداربووانی کۆرسەکە لە سەنتەرەکانی هەلی کار، پێشەنگەکانی ئەم پێشبڕکێیە بانگهێشت ئەکرێن بۆ کۆرسێکی دە ڕۆژیی لە زانکۆی میشگن ستەیتی ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لە نزیکەوە ئاگاداری سەنتەری هەلی کاری زانکۆی میشگن ستەیت بن، کە م. سەرخێڵ سیروان یەکێکە لەو ئەندامانەی ئەچێتە ئەمریکا.

كار و چالاكیه‌كانی‌سه‌نته‌ری‌ هه‌لی‌ كاری‌ زانكۆی‌ پۆلیته‌كنیكی‌ سلێمانی‌ لە هاوینی ٢٠١٥وە، بریتیی بووه‌ له‌ ئه‌نجامدانی‌ چەند وێرکشۆپێک، بۆ خوێندكارانی مه‌شقی هاوێنه‌ به‌شه‌ ته‌ندروستیه‌كان له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ تایبه‌تی‌ شاری‌ پزیشكی‌ فاروق، په‌یمانگای زانستی كۆمپیوته‌ر، كۆلێژی ته‌ندروستی، كۆلیژی كارگێڕی، ده‌رچووانی په‌یمانگا و كۆلیژی ته‌كنیكی، به‌شی میكانیك، هه‌روه‌ها بۆ نوێنه‌رانی سه‌نته‌ری هه‌لی كار له‌ هه‌موو په‌یمانگه‌ و كۆلیژه‌كانی زانكۆی پۆلیته‌كنیك ئه‌نجامداوه‌.

هه‌روه‌ها دروستكردن و به‌ڕێوه‌بردنی ماڵپه‌ڕی سه‌نته‌ره‌كه‌ و په‌یجی فه‌یس بووك كه‌ به‌رده‌وم له‌ هه‌ردووكیاندا، کار و چالاکی و ڕێنمایی تێدا بڵاو ده‌بێته‌وه‌. جگه ‌له‌وه‌ش بەڕێوەبردنی ماڵپه‌ڕی ئه‌لوومنی، واته‌ ده‌رچووانی زانكۆ‌، له‌و ماڵپه‌ڕه‌دا‌ ناوی سەرجەم دەرچووانی زانکۆی پۆلی تەکنیکی سلێمانی تێدا کۆکراوەتەوە لە ساڵی ١٩٧٦ەوە هەروەها ئەنجامدانی وێرکشۆپێک بۆ هەماهەنگی دروستکردن لە نێوان سەنتەری هەلی کار و مامۆستایانی وانەبێژی گفتوگۆی ئەکادیمیی.

This shortcode LP Profile only use on the page Profile