Back

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی سوپاس و پێزانین ئاراستەی مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران دەکات

دوای ئەوەی پرۆفیسۆر د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین بۆ ماوەی ھەشت ساڵ وەکو سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەستبەکاربووە, ئەمرۆ بە (کتاب)ێکی فەرمی سوپاس و پێزانین ئاراستەی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانی زانکۆ دەکات کە لەو ماوەیەدا پێکەوە کۆمەڵێک دەستکەوتی زانستی و ئەکادیمی و تەکنیکی و بەپێزیان بۆ زانکۆ بەدەستھێناوە. لە لێدوانێکدا بۆ سایتی زانکۆ پرۆفیسۆر د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین رایگەیاند: ” سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌ستكه‌وت و پێشكه‌وتنانه‌ی زانكۆ به‌هه‌وڵ و ماندوبوونی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی خۆنه‌ویست هاتۆته‌ به‌رهه‌م، سوپاس و پێزانینی خۆم ئاڕاسته‌ی یه‌ك به‌یه‌كی مامۆستایان وفەرمانبەران دەکەم لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی كه‌ سه‌ره‌ڕایی بوونی قه‌یرانی دارایی و نه‌بوونی مووچه‌ وەسەرهەڵدانی په‌تای كۆرۆنا و گرفت و كۆسپه‌كان، رێگه‌یان نه‌دا ده‌وام له‌ زانكۆکەیاندا بووه‌ستێت و سه‌ركه‌وتن و ده‌ستكه‌وته‌كانی زانكۆمان به‌رده‌وام بێت لەماوەی رابردوودا. سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی داوای کرد بە زووترین کات کارە یاساییەکان ئەنجام بدرێت بۆ گۆڕانکاری لە پۆستی سەرۆکی زانکۆ بە پێی یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ژ10 ساڵی 2008 کە تیادا هاتووە “ سەرۆکی زانکۆ لەسەر پێشنیاری وەزیری خوێندنی باڵا وە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دادەنرێت بۆ ماوەی چوار ساڵ کە دەتوانرێت بۆ چوار ساڵی دیکە ماوەکەی بۆ نوێ بکرێتەوە”. بەشێکی کەم لە دەستکەوتەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی: *زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەڕووی ڕانكی نیشتمانی و جیهانییەوە هەمیشە لەپێشكەوتندابووه‌، بەجۆرێك كه‌ لەساڵی ٢٠١٥ەوە پێش نزیكه‌ی 18 هەزار زانكۆ كەوتووەو ئێستا له‌ پله‌ی 4466هه‌مین زانكۆدایه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان كه‌ پێشووتر له‌ پلەبەندی نەبوە پاشان پله‌ی 22341 بووه‌، بەپێی ریزبه‌ندی نیشتمانی زانكۆكانی كوردستانیش لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان 6هەمین زانكۆیە، لەسەر ئاستی عێراقیش 27هەمین زانكۆیە لەكۆی ٩٥ زانكۆ كە لە رانکی ویبۆمیتریكسدا تۆماركراوە. *بۆ یەكەمینجار لەسەر ئاستی عێراق, زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كۆنفرانسی نێودەوڵەتی یەكێتی وڵاتانی عەرەبی بۆ تۆماری گشتی زانكۆ عەرەبییەكان بەڕێوەبرد, هەر لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا چەندین كۆنفرانسی زانستی ئاستبەرزی ئەنجامدا كە حەوت كۆنفرانستی تەندروستی نێودەوڵەتی لەگەڵ زانکۆی تاران ی پزیشکی ئەنجامدراوە و چوار كۆنفرانسی نێودەوڵەتی دیكە لەگەڵ زانکۆی ئازادی سنە لە بواری کارگێری وگەشەکردنی ئابووری ویەک کۆنفرانسی زانستی لە بواری نانۆ تەکنەلۆجی لە گەڵ زانکۆی UPM ی مالیزی و كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی ئایتی و ئەندازیاریی لەگەڵ زانكۆكانی دەرەوەی عێراق. *لە دەستپێشخەرییەکی نوێدا زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی سه‌نته‌ری خوێندن و راهێنانی پیشه‌یی تەکنیکی کردەوە له بواره‌كانی كارگێڕی و پەیوەندییە گشتییەکان و پلانسازی شاردا، کە بۆ یەکەمینجار دبلۆمی پیشەیی له بواری كارگێڕی له عێراقدا درا به خوازیاران له زانكۆماندا، کە ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەبوو لەسەر ئاستی زانکۆکانی عێراق وە پلانی پێشکەش کردوە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ کردنەوەی ماستەری پیشەیی MBA لە بوارەکانی کارگێری . *بۆ یه‌كه‌مینجار له‌سه‌ر ئاستی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان، زانكۆمان له‌سه‌ر داهاتی خۆی یه‌كه‌مین چالاكی ( Eng.Expo.2019 ) ساڵی 2019 بۆ خوێندكارانی به‌شی ته‌كنیكی ئه‌ندازیاری زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدا، به‌ئامانجی ده‌رخستنی توانا و لێهاتوویی خوێندكاران و دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار بۆ خوێندكارانی ته‌كنیكی ئه‌ندازیاریی له‌ كه‌رتی گشتی و تایبه‌تدا، له‌ ئیڤێنته‌كه‌دا 15 پرۆژه‌ی خوێندكاران خه‌ڵاته‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌میان به‌ده‌ستهێنا، كه‌ زۆربه‌یان پرۆژه‌كانی خوێندكارانی زانكۆمان بوون به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ ، هەروەها زانکۆمان بۆ هەمان مەبەست ساڵی ٢٠٢٢ دیداری خوێندکارانی میدیای ئەنجامدا بۆ خزمەتی خوێندکارانی بەشەکانی میدیا و پەیوەندییە گشتییەکان و بازاڕگەڕی کە یەکێک بوو لە چالاکییه‌ گرنگەکانی زانکۆمان بۆ خزمەتی خوێندکارانمان. *زانکۆمان كەناڵی ناوخۆیی ( SPUHD ) كه‌ بە دروشمی (زانست ، داهێنان) لە رێكه‌وتی 31/1/2019 ده‌ستی به‌ په‌خشكرد، تاكە كەناڵی زانستی سەر بە زانكۆیەكی حكومیی بوو لە هەرێمی كوردستان، وه‌ پەخشی بەرنامەكانی گه‌یانده‌ 24 كاتژمێریی، گرنگی بە بابەتە زانستییەكان و داهێنانی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان دەدا و دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی زانست و زانستخوازان و خوێندكاران بوو. *یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی خزمەتی خوێندکارانمان ئەوە بوو کە زانکۆ هەمیشە کاری کردوە بۆ گونجاندنی پرۆگرامی خوێندن لە گەڵ خواستی خوێندکاران وبازاری کار وە وەرگرتنی زیاترین ژمارەی خوێندکاران ساڵانە لە خوێندنی بەیانیان وئێواران کە دەگاتە زیاتر کە ٩٠٠٠ خوێندکار ساڵانە کە سەرووی پلانی زانکۆیە کە ئەمەش دەکاتە رێژەی نزیکەی ١٩٪ ژمارەی گشتی خوێندکارانی وەرگیراو ساڵانە لە کۆی ١٥ زانکۆی حکومی. هەر بابەتێکی دیکەی خزمەتی خوێندکاران رۆڵی تۆمارگای گشتی زانکۆیە بە ئەلیکترۆن کردنی سیستەمی وەرگرتن و گواستنەوە بوو کە بوە بناغەی سیستەمی گشتی وەرگرتن ودابەزینی خوێندکاران لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی. سوپاس و پیزانین – سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی
This shortcode LP Profile only use on the page Profile