دەزگایەکى بڵاوكراوەی ئەڵمانی كتێبێكی زانستی مامۆستایەكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بڵاودەكاتەوە
دوای ئەوەی مامۆستایەكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی توێژینەوەیەكی زانستی دەربارەی (سوتێنەری ناسروشتی) دەنووسێت،بڵاوكراوەیەكی ئەڵمانی داوا لەو مامۆستا كوردە دەكات كتێبەكەی بڵاوبكاتەوە.
دكتۆر جاسم جاف مامۆستا لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بە چەند توێژینەوە بەشداری لە گۆنگرەی زانستی جیهانیدا دەكات و دەزگای بڵاوكراوەی بە ناوبانگی ئەڵمانی (LAMBERT Academic Publishing) كە تایبەتە بە بڵاوكراوە ئەكادیمییەكان خوازیارە كتێبێكی مامۆستا جاف دەربارەی (سوتێنەری ناسروشتی) بە زمانی ئینگلیزی بڵاوبكاتەوە.
دكتۆر جاسم جاف ئاشكرایكرد لەلایەن ئەو بڵاوكراوە ئەڵمانییەوە داوایەكی پێگەیشتووە كە تێیدا داوای رەزامەندی دەكات بە بڵاوكردنەوەی كتێبی (سوتێنەری ناسروشتی … سوتێنەری بەربڵاوی پیشەسازی) بە زمانی ئینگلیزی.
د.جاف دەڵێت: لە ئێستادا كتێبەكە لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانیدا دەخوێنرێت، روپێوێكی تێروتەسەلە دەربارەی جۆرەكانی سوتاندن و جێبەجێكردنی لە تاقیگە و پیشەسازی، مەرجەعێكیشە بۆ یەكەكانی پیشەسازی وەكو كارگەی ئاسن و چیمەنتۆ و شوشە و سەرلەنوێ گەڕانەوەیان.
هەروەها نووسەری كتێبەكە دەڵێت: لە كتێبەكەدا رێگەكانی كەمكردنەوەی بەهای بڵاوبوونەوەی غازی یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن (CO) دیاری دەكات لەبەرامبەر بەهای بڵاوبوونەوەی سوتێنەرەكانی تر، وە دانانی میكانیزمێكیشە بۆ كەمكردنەوەی بڵاوبوونەوە یاخود تیشكدانەوەی هایدرۆكاربۆنەكان كە نەسووتاون (HC)، كە بەمەش تێكەڵكردنی هەوا و سووتەمەنییەكە دەبێتەهۆی دابەزاندنی بڵاوبوونەوەی غازەكان و هایدۆركابۆناتە نەسووتاوەكان.
بڵاوبوونەوەی ئەم كتێبە لە بڵاوكراوە جیهانییەكاندا لایەنی زانستی و ئەكادیمیی گرنگ لەخۆدەگرێت و دەبێتەهۆی ناساندنی مامۆستا و ئەكادیمییەكان و زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەربڵاو لە جیهاندا. دەزگای بڵاوكراوەی (LAMBERT Academic Publishing) یەكێكە لەو شوێنانەی كە هەزارەها گەورە توێژەر و نووسەر و زانا ناسراوەكان لەخۆدەگرێت و پێشەنگە لە بڵاوكردنەوەی كتێبە زانستی و ئەكادیمیاییەكان لە جیهاندا، ئەو دەزگایە پاش چاپكردنی كتێبەكان لە وڵاتی ئەڵمانیا دواتر لەڕێی تۆڕێكی فراوانەوە لە (40) وڵاتی وەكو بەریتانیا و ئەمریكا هەڵسەنگادنیان بۆ دەكات لەلایەن زانای تایبەتمەندەوە.