Back

زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی یادی 124 ساڵه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی به‌رز ڕاگرت

بۆ پیرۆزكردنی یادی 124 ساڵه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی و گفتوگۆو ڕاگۆڕینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی و قۆناغه‌كانی داهاتوو، سه‌نته‌ری خزمه‌ت و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌هاوبه‌شی ڕێكخراوی گه‌شه‌پێدانی مه‌ده‌نیه‌ت CDO له‌شاری سلێمانی و لقی سلێمانی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نوسانی كورستان مه‌راسیم و دیبه‌یتێكیان سازكرد. به‌ئاماده‌بوونی پ.د.ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و ئارام بكر به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندن و چالاكییه‌كان له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و م. ئارینا مصطفی به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری خزمه‌ت و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵگه‌و ڕێكخراوی CDO و سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نوسان و ژماره‌یه‌ك له‌ ڕۆژنامه‌نوسان و چالاكانی بواری ڕاگه‌یاندن و مامۆستایانی زانكۆ، كاتژمێر 3 ی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21 ی نیسانی 2022 له‌ باخچه‌ی ڕێكخراوی CDO له‌یادی 124 ساڵه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی مه‌راسیمێك و دیبه‌یتێك بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی قۆناغه‌كانی گه‌شه‌كردنی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی به‌ڕێوه‌چوو. سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌كه‌ بۆ ڕێزلێنان له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی ڕێگای ڕۆژنامه‌گه‌ری و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌پێناوی ده‌رخستنی ڕاستییه‌كاندا گیانیان به‌خشی یان زیانمه‌ند بوون وه‌ بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی ڕێگای ئازادی و سه‌رفرازی كوردستان ئاماده‌بووان به‌بێ ده‌نگی خوله‌كێك وه‌ستان. پاشان به‌ناوی هه‌رسێ لایه‌نی ئاماده‌كاری مه‌راسیمه‌كه‌ كاروان انور سه‌رۆكی لقی سلێمانی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نوسانی كوردستان ووتارێكی پێشكه‌شكردو پیرۆزبایی له‌ سه‌رجه‌م ڕۆژنامه‌نوسان و میدیاكاران كرد و ڕایگه‌یاند به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ ساڵ به‌ساڵ و فۆناغ له‌دوای قۆناغ كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوی باش ده‌بڕێت سه‌ره‌ڕای ئاسته‌نگ كه‌ بوونی هه‌یه‌، به‌ڵام شووێن ده‌ستی ڕۆژنامه‌نوسان به‌ پیشكه‌وتنی عه‌قڵ و بیری خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌ دیاره‌و له‌ ڕووداوه‌كانیشدا ڕاگه‌یاندنه‌كان تا ڕاده‌یه‌كی باش متمانه‌یان دروستكردووه‌ لای خه‌ڵك. پاشان دیبه‌یتێكی تایبه‌ت به‌و یاده‌ به‌ڕێوه‌چوو له‌لایه‌ن:
  • دادوه‌ر فه‌رهاد حاته‌م بابه‌تێكی به‌ناونیشانی (یاسای كاری ڕۆژنامه‌وانی و گرفته‌كانی به‌رده‌م جێبه‌جێكردن) پێشكه‌شكرد.
  • هه‌وراز احمد بابه‌تێكی به‌ناونیشانی (ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م په‌یامنێران) پێشكه‌شكرد.
  • پ.ی.د. كارزان محمد بابه‌تێكی به‌ناونیشانی (تاوانه‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان جۆرو ڕێكاره‌كانی چاره‌سه‌ر) پێشكه‌شكرد.
  • هانا شوان بابه‌تێكی به‌ناونیشانی (بنه‌مای ئاكاری ڕۆژنامه‌وانی) پێشكه‌شكرد.
  له‌كۆتاییدا ئاماده‌بووان گفتوگۆیه‌كی چڕوپڕی زانستیانه‌یانكرد له‌سه‌ر بابه‌ته‌ پێشكه‌شكراوه‌كان و سه‌رنجی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ ده‌ربڕی كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ پێشكه‌وتنی زیاتری بواری ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی له‌ هه‌رێمی كوردستان.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile