Back

بۆ داڕشتنەوەی چوارچێوەى نیشتمانى بۆڵۆنیا پرۆسێس و پەرەپێدانى پرۆگرامەکان، دوو کۆنفرانسى زانستى ئەنجام دەدرێت

بۆ تاوتوێکردنى بابەتە زانستى و دارایى و کارگێڕييەکانى زانکۆکانى کوردستان، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر کۆبۆوە، لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا بۆ هەردو پرسى بۆڵۆنیا پرۆسێس و هەڵسەنگاندن و پەرەپێدانى پرۆگرامەکانى خوێندن لە کۆلێژەکانى یاسا، لە کۆتایى مانگى حوزەیرانى ئەمساڵ دو کۆنفرانسى زانستى ئەنجام بدرێت. ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى (2022/4/19) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و پ.د.ئالان فەرەیدون علی ئەمین سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى و سەرجەم سەرۆک زانکۆ حکومییەکان، کۆبونەوەى ژمارە ٣ى ئەنجومەنى وەزارەت بەڕێوەچو. لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەپاڵ باسکردنى ڕەوشى خوێندن و ئاستى زانستى و ئەکادیمى زانکۆکانى کوردستان و چالاکییە زانستییەکان، ئاماژەى بە گرفتە دارایى و کارگێڕى و زانستییەکانى زانکۆکان کرد، بۆ ئەمەش نەخشە ڕێگەى پێویست بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکان خرانەڕو. دواتریش بۆ دەوڵەمەندکردنى پرۆژە زانستییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و زانکۆکان، بریاردرا چەند کۆنفرانسێکى زانستى جیا ئەنجام بدرێت و سیاسەت و ستراتیژى وەزارەت و نەخشە ڕێگەى کارکردنى زانکۆکان بۆ جێبەجێکردنى پرۆژەکان بخرێتەڕو. لەو چوارچێوەیەشدا سەبارەت بە پەرەپێدانى بۆڵۆنیا پرۆسێس و داڕشتنەوەى چوارچێوەیەکى نیشتمانى بۆ جێبەجێکردنى، هەروەها بۆ مەبەستى پێداچونەوەو پەرەپێدانى پرۆگرامەکانى خوێندن لە کۆلێژەکانى یاسا لە زانکۆکانى کوردستان، دواى گفتوگۆیەکى وردو هەڵسەنگاندنى زانستى ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا لە کۆتایى مانگى حوزەیرانى ئەمساڵ دو کۆنفرانسێکى فراوانى زانستى بۆ هەردو بابەتەکە ئەنجام بدرێت. لەبارەى پرسى خوێندنى تەکنیکى لەهەرێمى کوردستان، د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: بایەخدان بەخوێندنى تەکنیکى و پیشەیى لە هەرێمى کوردستان کارەکانى بەباشى ڕێچکەى خۆیان گرتوەو پڕۆژەى خوێندنى پیشەیى کارى جدى بۆ کراوە، لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەک پڕۆپۆزەڵ ئاراستەى وەزارەتەکەمان کراون بۆ کردنەوەى خوێندنى پیشەیى تایبەت لە هەرێمى کوردستان، بۆ ڕایى کردنى کارەکانیش لیژنەیەکى تایبەت پێکهێندراوە بۆ هەڵسەنگاندنى پرۆژەکان، وتیشى: لەگەڵ وەزارەتى پەروەردە هاوتەریب بۆ خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى لەکارداین. لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە جێبەجێکردنى سیستمى ئەلیکترۆنى لە دامەزراوەکانى خوێندنى باڵاى کوردستان کردو ڕایگەیاند: جێبەجێکردنى سیستمى ئەلیکترۆنى لە دامەزراوەکان یارمەتیدەرمان بوە بۆ ئەوەى بتوانین خێراتر و کاراتر خزمەتگوزارییەکانمان پێشکەش بەهاوڵاتیان بکەین و ڕۆتین و بیرۆکراسیەتى کارگێڕى کەم بکەینەوە، لەلایەکى دیکەشەوە دەرفەتى چەسپاندنى بنەماکانى شەفافیەت و کەمکردنەوەى خەرجى بەڕێوەبردن دەڕەخسێنێت، بۆیە سەرۆک زانکۆکانى ڕاسپارد لەپاڵ هەوڵەکانیان بۆ بەئەلیکترۆنى کردنى سەرجەم سێکتەرەکانى خوێندنى باڵا بابەخى زیاتر بەم بوارە بدرێت، چونکە جێبەجێکردنى ئەم سیستەمە کاریگەرى لەسەر ژیانى هاوڵاتیان و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانى زانکۆ و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا دەبێت.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile