Back

لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی: ده‌ستكه‌وته‌كانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی جێگای شانازیین

دوای ئه‌وه‌ی له‌ نوێترین ریزبەندى زانكۆکانی جیهاندا بۆ ساڵی 2022 به‌پێی دەزگاى سایماگۆ (SCImago)، زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەسەر ئاستى زانكۆ تەکنیکییەكانى عێراق پلەی یەکەمی به‌ده‌ستهێنا، لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كی سلێمانی سه‌ردانی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كرد. ئه‌مڕۆ دووشەممە 2022/4/18، به‌مه‌به‌ستی پیرۆزبایی و ده‌ستخۆشی له‌و ده‌ستكه‌وته‌ گه‌وره‌ی كه‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌سه‌ر ئاستی زانكۆكانی عێراق به‌ده‌ستیهێناوه‌، جه‌زای سه‌ید مه‌جید لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كی سلێمانی به‌یاوه‌ری د.عه‌باس مسته‌فا لێپرسراوی كۆمیته‌ی رێكخستنی 23ی زانكۆ و په‌یمانگه‌كان سه‌ردانی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كردو له‌لایه‌ن پرۆفیسۆر د.ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆ و پ.ی.د.دانا ئه‌حمه‌د یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی و به‌ئاماده‌بوونی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ پێشوازی له‌ به‌ڕێزیان كردو له‌ دیدارێكدا تاوتوێی ده‌ستكه‌وته‌كانی زانكۆیان كرد. له‌سه‌ره‌تادا پ.د.ئالان فه‌ره‌یدون سه‌رۆكی زانكۆ مێژوویه‌كی كورتی سه‌باره‌ت به‌ زانكۆ باسكرد كه‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامدابووه‌‌ تاكو پێشه‌نگی زانكۆكانی كوردستان و عێراق بگرێت و خزمه‌تێكی گه‌وره‌ پێشكه‌ش به‌ خوێندكاران و پرۆسه‌ی خوێندن بكات، وتیشی: ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ زانکۆمان و جێگای شانازییه‌ كه‌ له‌ ریزبه‌ندی یه‌كه‌می زانكۆ ته‌كنیكییه‌كانی عێراقداین به‌پێی نوێترین ریزبەندى زانكۆکانی جیهان كه‌ دەزگاى (SCImago) ئەنجامیداوه، بۆیه‌ ئێمه ‌و ئه‌نجومه‌نی زانكۆ شانازی ده‌كه‌ین كه‌ ساڵ له‌دوای ساڵ له‌ ڕیزبه‌ندی زانكۆكانی جیهان و عێراق و كوردستاندا هه‌نگاوی گه‌وره‌ ده‌بڕین به‌ئاراسته‌ی پێشخستنی ئاستی زانستی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و پێشكه‌شكردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ توێژینه‌وه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان و ئه‌نجامدانی هه‌موو ئه‌و ڕێكاره‌ زانستی و ئه‌كادیمییانه‌ی كه‌ ئاستی زانكۆ و خوێندنی باڵا پێشده‌خات. سه‌رۆكی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ لە پلانماندایه‌ مانگی داهاتوو دیداری ” زانکۆ تەکنیکییەکانی عێراق لە سلێمانی ” ئەنجام بده‌ین بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم زانکۆ تەکنیکییەکانی عێراق بەمەبەستی یەکخستنی ئاڕاستەکان لە خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی لە عێراقدا. له‌به‌رامبه‌ردا لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كی سلێمانی پیرۆزباییان له‌ سه‌رۆكی زانكۆ و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ و مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و خوێندكارانی زانكۆی پۆلیته‌كنكی سلێمانی كرد كه‌ جێگای شانازی و خۆشحاڵییه‌ زانكۆیه‌كی كوردستان پێشه‌نگی زانكۆ ته‌كنیكییه‌كانی عێراقی گرتووه‌ ئه‌ویش زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانییه‌، هه‌روه‌ها دووپاتیشیكرده‌وه‌ وه‌كو تیمی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پاڵپشتی به‌رده‌وامی هه‌ر پرۆژه‌و خزمه‌تێك ده‌بن كه‌ خزمه‌ت به‌ خوێندنی باڵاو به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی توێژینه‌وه‌كان و خوێندنی ته‌كنیكی بكات له‌ هه‌رێمی كوردستان.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile