Back

زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی زانکۆ تەکنیکییەکانی عێراق بەدەستهێنا

بەپێی نوێترین ریزبەندى زانكۆ تەکنیکییەکانی جیهان بۆ ساڵی 2022 كە دەزگاى سایماگۆ (SCImago) ئەنجامیداوه، زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەسەر ئاستى زانكۆ تەکنیکییەكانى عێراق لە پلەی یەکەمدایە و پێشەنگی گرتووە، کە ئەمەش بە تۆمارێكى نوێ دادەنرێت لە مێژووى زانكۆكەدا. سایماگۆ (SCImago) کە بە SIR ناسراوە بۆ ریزبەندى دامەزراوەكان ساڵانە بە پیێ پێوەرى زانستى ریزبەندى بۆ زانكۆكانى جیهان دەكات لە 5 سێكتەرى جیاوازدا لەوانە ( حكومى ، تەندروستى ، زانکۆ ، سەکتەری تایبەت )، کە ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە توێژەران و مامۆستایانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە ماوەی رابردوودا زۆرترین توێژینەوەی ئاستبەرزی جیهانییان ئەنجامداوە. زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە پلانیدایە مانگی داهاتوو دیداری ” زانکۆ تەکنیکییەکانی عێراق لە سلێمانی ” ئەنجام بدات بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم زانکۆ تەکنیکییەکانی عێراق بەمەبەستی یەکخستنی ئاڕاستەکان لە خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی لە عێراقدا کە ئەمەش بەچاودێری پلانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند و رێکخراوی یونسکۆی جیهانی بەڕێوەدەچێت. لەوبارەیەوە پ.د.ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی تایبه‌ت به‌ سایتی زانكۆمان وتی: ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ زانکۆمان و جێگای شانازییه‌ بۆ ئێمه‌و ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كه‌ ساڵ له‌دوای ساڵ له‌ ڕیزبه‌ندی زانكۆكانی جیهان و عێراق و كوردستاندا هه‌نگاوی گه‌وره‌ ده‌بڕین به‌ئاراسته‌ی پێشخستنی ئاستی زانستی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و پێشكه‌شكردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ توێژینه‌وه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان و ئه‌نجامدانی هه‌موو ئه‌و ڕێكاره‌ زانستی و ئه‌كادیمییانه‌ی كه‌ ئاستی زانكۆ و خوێندنی باڵا پێشده‌خات. هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی زانكۆ سوپاس و پێزانین و ده‌ستخۆشی ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی زانكۆو ڕاگرایه‌تی كۆلێج و په‌یمانگاكان و مامۆستایان و توێژه‌ران و فه‌رمانبه‌رانی زانكۆ ده‌كات كه‌ به‌دڵسۆزییه‌كی له‌ڕاده‌به‌ده‌ره‌وه‌ كار بۆ پێشكه‌وتنی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی ده‌كه‌ن به‌بێ گوێدانه‌ كێشه‌و قه‌یرانه‌كان، هەروەها سوپاسی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێم دەکات کە هەمیشە پاڵپشتی بەردەوام بووە بۆ خوێندنی تەکنیکی لە هەرێمی کوردستان, دووپاتیشیكرده‌وه‌ پاڵپشتی به‌رده‌وامی هه‌ر پرۆژه‌و خزمه‌تێك ده‌بن كه‌ خزمه‌ت به‌ خوێندنی باڵاو به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی توێژینه‌وه‌كان و خوێندنی ته‌كنیكی بكات له‌ هه‌رێمی كوردستان.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile