کۆبونەوەى هاوبەشى وەزارەتى خوێندنى باڵا و وەزارەتى پەروەردە بەڕێوەچو
دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى (2022/4/12) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و مامۆستا ئالان حەمەسەعید ساڵح وەزیرى پەروەردە، و ئامادەبونى بریکارى هەردو وەزارەت و پ.د.ئالان فهرهیدون عهلی ئهمین سهرۆكی زانكۆی پۆلیتهكنیكی سلێمانی و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى هەردولا، کۆبونەوەى هاوبەشى هەردو وەزارەت بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێکى پەیوەست بەڕێوەچو.
لەکۆبونەوەکە دواى بەخێرهێنان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە کۆبونەوە هاوبەشەکانى نێوان هەردولا کردو، کۆبونەوە دەورییەکانى نێوان هەردو وەزارەتى بە بایەخ وەسفکرد بەمەبەستى تاوتوێکردنى پرس و بابەتە هاوبەشەکانى نێوانیان. بۆ ئەمەش وتى: تێگەیشتنى تەواومان بۆ هەردو سێکتەرى پەروەردەو خوێندنى باڵا لە کوردستان هەیە، بۆیە بونى هەماهەنگى و هاوکارى بەردەوام و ئاڵوگۆڕى بیروڕاکان هاوکارمان دەبێت بۆ پێشخستنى زیاترى کەرتەکان.
لەبەرامبەردا وەزیرى پەروەردە لەوتەیەکدا کۆبونەوە بەردەوامەکانى نێوان هەردولاى بەشێوەیەکى دەورى بەگرنگ زانى، بۆ ئەوەى پرس و بابەتە پێویستەکانى نێوان هەردو وەزارەت لە کۆبونەوەکاندا تاوتوێبکرێت. وتیشى: هەردو وەزارەت کارى زۆرمان بەیەکەوە هەیە.
لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا چەند بابەتێک تاوتوێکرا، لەوانە کردنەوەى بەشى زانست لە کۆلێژەکانى پەروەردەو پەروەردەى بنەڕەتى لە زانکۆکانى کوردستان، بۆ ئەمەش وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئامادەکارى پێویست بۆ ئەم بابەتە دەکات.
تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکە تایبەت بو بە یەکخستنى ستراتیژى خوێندنى پیشەیی لە هەرێمى کوردستان، بۆ ئەمەش دواى خستنەڕوى سیاسەت و ستراتیژى هەردو وەزارەت بۆ بایەخدانى زیاتر بە خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى لە هەرێمى کوردستان، کۆبونەوەکە چەند ڕاسپاردەیەکى گرنگى دەرکرد، لەبارەى دەرکردنى گۆڤارى پەروەردەیى و خوێندن لەبەشەکانى دەرونناسى و کۆمەڵناسى و شێوازى خوێندن لە کۆلێژەکانى پەروەردەى بنەڕەتى، گفتوگۆى تێروتەسەلیان لەبارەوە کراو ڕاسپاردەى پێویست بۆ بابەتەکان دەرچون.
لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا بڕیارى پێویست درا بۆ بەستنەوەى تێزى ماستەرو دکتۆراى مامۆستاو فەرمانبەرانى وەزارەتى پەروەردە بە بابەت و پرسە پەروەردەییەکانى کۆمەڵگەو هەرێمى کوردستان. هەر لە کۆبونەوەکەدا پێشنیازى بەڕێوەبەرایەتى گشتى ئەزمونەکان و بەڕێوەبەرایەتى گشتى فێرکردنى بنەڕەتى و باخچەى منداڵان گفتوگۆى لەبارەوە کرا.
لە کۆتایى کۆبونەوەکەدا چەند پێشنیازێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەبارەى چەند پرسێکى هاوبەش خرایەڕو، بۆ ئەمەش دواى گفتوگۆى نێوان هەردولا ڕاسپاردەى پێویستیان بۆ دەرچوو.