لە بەردەوامی دەستکەوتە نێودەوڵەتییەکاندا، پڕۆپۆزەڵی پڕۆژەیەکی داهێنەرانەی د.ڕۆژین کەمال، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی کەلەپووری کولتووری دیجیتاڵی (دی سی ئێچ) لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و هاوبەڕێوەبەری تۆڕی نەهرەین و جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی ڕەشیدی نێودەوڵەتی، فەندێکی بەبڕی ١٠ هەزار پاوەندی پێدەدرێت لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی Minority Rights Group International ی بەڕیتانیەوە.
پڕۆژە نێوپسپۆڕیە داهێنەرانەکە بەناوی “بۆ خولەکێک هەست بە ئێزیدیەک بکە” کە تیایدا تەکنەلۆجیای نوێی “واقعی معزز” و بواری مافی کەمینە و کەلەپووری کولتووری پێکەوەبەستراوەتەوە لە خزمەت بەرەنگاربوونەوەی قسەی ڕق (توندوتیژی زارەکی) و ڕەگەزپەرستی بەرامبەر بە پێکهاتەی ئێزیدییەکان و ناساندنی کەلەپووری کولتووری ئێزیدی بۆ پەرەپێدانی ئاشتەوایی ناوپێکهاتە و کۆمەڵە ئیتنیکی و ئاینیە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق.
پڕۆژەکە لەئێستادا لە قۆناغی پەرەپێداندایە لەلایەن تیمێک لە ئەندامانی سەنتەری دی سی ئێچ و تۆڕی نەهرەین و ڕێکخراوی کەلەپووری کولتووری و پسپۆڕی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی لە بواری جیاوازی پەیوەندیداردا و لە ماوەیەکی نزیکدا بەردەستدەبێت بۆ بەکارهێنانی گشتی.
بەم فەندە نوێیەوە، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی کەلەپووری کولتووری دیجیتاڵی زانکۆ دەبێتە بەدەستهێنەری نزیک یەک ملیۆن دۆلار فەندی نێودەوڵەتی لە ماوەی ٥ ساڵی پێشوودا بۆ پڕۆژە توێژینەوە و چالاکییە ئەکادیمییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە جیاوازەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و هاوبەشە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانی.
[learn_press_profile]
