Back

مه‌لا به‌ختیار: ئاڵاى كوردستان په‌لكه‌ زێڕینه‌ى ویژدانى ناخمانه‌

به‌بۆنه‌ى رۆژى ئاڵای كوردستانه‌وه‌ كۆڕێك بۆ سیاسه‌تمه‌دار و رۆشنگه‌ر به‌ڕێز مه‌لا به‌ختیار به‌ناونیشانى (سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، شكستى مێژوویی، ئه‌ركه‌كانى ئێستا) و كردنه‌وه‌ى پێشانگایه‌ك له‌ زانكۆى پۆلینه‌كنیكى سلێمانى به‌ڕێوه‌چوو.

به‌سه‌رپه‌رشتى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى پێش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ بەروارى ١٧/١٢/٢٠١٥ كۆڕێك به‌ناونیشانى ( سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، شكستى مێژوویی، ئه‌ركه‌كانى ئێستا) بۆ سیاسه‌تمه‌دار و رۆشنگه‌ر به‌ڕێز مه‌لا به‌ختیار له‌ هۆڵى سه‌نته‌رى رۆشنبیرى سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى پۆلیته‌كنیك له‌ سلێمانى و به‌ ئاماده‌بوونى (د. ئالان فه‌ره‌یدون علی)سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیك و یاریده‌ده‌رانى و راگرانى كۆلێژ و په‌یمانگاكان و ژماره‌یه‌كى به‌رفراوان له‌ مامۆستایان و رۆشنبیران و خوێندكاران به‌ڕێوه‌چوو.

سه‌ره‌تاى كۆڕه‌كه‌ به‌ ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستانى ئاماده‌بووان بۆ گیانى پاكى شه‌هیدان و به‌رزڕاگرتنى ئاڵاى كوردستان ده‌ستیپێكرد، سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى له‌ وته‌یه‌كدا پیرۆزبایی رۆژى ئاڵاى كوردستانى له‌ سه‌رجه‌م خوێندكاران و مامۆستایان و گه‌لى كوردستان كرد و رایگه‌یاند كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین چالاكییه‌ له‌م هۆڵه‌دا ئه‌نجامى ده‌ده‌ین و سوپاسی ته‌واوى ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ هاوكارمان بوون له‌ رێكحستنى كۆڕه‌كه‌دا.

له‌ ده‌ستپێكى كۆڕه‌كه‌دا مه‌لا به‌ختیار پیرۆزبایی رۆژى ئاڵاى كوردستانى له‌ ئاماده‌بووان و گه‌لى كورد كرد و ئاڵاى كوردسنتانیشى وه‌كو په‌لكه‌ زێڕینه‌ى ویژدانى ناخى مرۆڤایه‌تى وه‌سفكرد، مه‌لا به‌ختیار باسى له‌ سه‌ره‌تا و مێژووی ئاڵاى كوردستان كرد و وتى: له‌ سه‌ره‌تادا ئاڵاى كوردستان له‌ رۆژئاواى كوردستانه‌وه‌ به‌رزكراوه‌ته‌وه‌ و شه‌كێنراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام به‌هۆى په‌له‌ كردن له‌ شۆڕش و ناهه‌موارى باردۆخى ئه‌و كاته‌ شكستى هێناو دواتر له‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستان و له‌سه‌ر ده‌ستى پێشه‌وا قازى محه‌مه‌د ئاڵاى كوردستان له‌ كۆمارى مه‌هاباد شه‌كێنرایه‌وه‌.

دواتر مه‌لا به‌ختیار به‌ وردى تیشكى خسته‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانى كورد بۆ به‌ده‌ستهێنانى سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و ئه‌و هۆكارانه‌ى كه‌ شكستیان به‌و هه‌وڵانه‌ هێناوه‌ و وتى: مێژووى ئێمه‌ى كورد مێژووی به‌ره‌نگارى و قوربانیدانه‌ بۆیه‌ به‌درێژایی مێژوو هیچ نه‌ژاد و نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌قه‌د میله‌تى كورد قوربانى نه‌داوه‌ و هه‌میشه‌ یه‌كێك له‌ مه‌یدانه‌كانى كوردستانیش به‌ره‌نگارى و شۆڕشى تێدا بووه‌.

مه‌لا به‌ختیار سه‌باره‌ت به‌ ده‌مه‌زراندنى ده‌وڵه‌ت ته‌ئكیدى كرده‌وه‌: هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك كلتور و میرنیشینه‌كانى نه‌پارێزێت ناتوانێت ببێته‌ خاوه‌نى ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ستبهێتێت، نموونه‌ى ده‌وڵه‌تانى ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیای هێنایه‌وه‌ كه‌ تاوه‌كو ئێستا پارێزگارییان له‌ كلتور و میرنشینه‌كانیان كردووه‌.

ده‌رباره‌ى ئه‌ركه‌كانى ئێستاى كوردستان بۆ به‌دیهێنانى ده‌وڵه‌تى كوردى مه‌لا به‌ختیار ته‌ئكیدى كرده‌وه‌ سه‌ربه‌خۆى كوردستان دێته‌دى و چاوه‌ڕوانى زۆر له‌وه‌ش گه‌وره‌تر ده‌كه‌ین، چونكه‌ به‌درێژایی مێژوو وڵاتانى جیهان به‌م شێوه‌ى ئێستا له‌ هاوكاریكردن و پشتگیركردنى گه‌لى كورد هێنده‌ ته‌با نه‌بوون ، وتیشى: ئێستا له‌ دۆخێكداین سۆزى خه‌ڵك و ئامانجى گه‌لى كوردستان سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌ و پێویسته‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌ر چوار پارچه‌ى كوردستان به‌وپه‌ڕى وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌ چاره‌نوسسازه‌ى كوردستان و ناوچه‌كه‌دا بكه‌ن.

به‌شێكى تر له‌ چالاكییه‌كانى رۆژى ئاڵاى كوردستان كردنه‌وه‌ى پێشنگایه‌كى وێنه‌یی بوو له‌لایه‌ن خوێندكارانى به‌شى ته‌كنیكى میدیاى سه‌ر به‌ زانكۆى پۆلینه‌كنیكى سلێمانى كه‌ ئامانجی خوێندكاران چه‌سپاندنى پیرۆزی ئاڵاى كوردستان و به‌دیهێنانى خه‌ونه‌كانى گه‌لى كورد بوو بۆ سه‌ربه‌خۆیی.

شایه‌نى باسه‌ سه‌رجه‌م كۆلێژ و په‌یمانگه‌كانى سه‌ر به‌ زانكۆى پۆلینه‌كنیكى سلێمانى به‌چه‌ندین چالاكى جۆراوجۆر به‌شدارییان له‌ یادكرنه‌وه‌ى رۆژى ئاڵاى كوردستاندا كرد.

This shortcode LP Profile only use on the page Profile