زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەساڵڕۆژی دامەزراندنیدا پەیامێک بڵاودەکاتەوە
سەرۆكایەتی و ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەساڵڕۆژی دامەزراندنی زانكۆدا، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی ئه‌كادیمیستان و هەڵگرانی ئاڵای زانست و خوێندنی باڵا و پەروەردە دەكەن كه ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
زانستخوازان و ئەكادیمیان
مامۆستایان و خوێندكاران و فەرمانبەرانی زانكۆ
لەساڵڕۆژی دامەزراندنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانیدا پیرۆزباییەكی گەرم ئاڕاستەی زانستخوازان و مامۆستایان و خوێندكاران و فەرمانبەرانی زانكۆ و هەڵگرانی ئاڵای زانست و خوێندنی باڵا و پەروەردە دەكەین و رایدەگەیەنین لەم چەند ساڵەی رابردوودا سەرەڕایی قەیران و كۆسپەكان زانكۆمان هەنگاوی گرنگی بڕیوە و دەستكەوتی گەورەی بەدەستهێناوە له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی.
وه‌ك ئاشكرایه 49 ساڵ پێش ئێستا و لە ساڵی 1973 بە دامەزراندنی یەكەمین پەیمانگا لە كوردستان، پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی (پەیمانگای دایك) بەرهەمهێنانی مەعریفە و پەرەپێدانی زانست و خوێندن و پلانی ئایندە و هەوڵی بەردەوام لەپێناو باشترین رێگاكانی گەیاندنی زانست و فەرهەنگ و زانیاریی، وه لە ساڵی 2012ەوە لە دەستەی تەكنیكییەوە بەرفراوانبووە و گۆڕاوە بۆ زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، كه لەئێستادا لە 129 بەش لە بەیانیان و ئێواران پێكهاتووە و بەسەر 6 كۆلێجی تەكنیكی و 7 پەیمانگای تەكنیكیدا له پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و ( كه‌لار و دوكان و چه‌مچه‌ماڵ و ده‌ربه‌ندیخان ) دابەشبوون له‌گه‌ڵ بوونی سەنتەرەكانی ( سه‌نته‌ری نێودەوڵەتی زمانی ئینگلیزی، سه‌نته‌ری توێژینەوەی زانستی، سه‌نته‌ری گەشەپێدانی كار(CDC)، سه‌نته‌ری جێندەرناسی، سه‌نته‌ری توێژینەوەی كەلەپووری كولتووری دیجیتاڵی و سه‌نته‌ری سیسكۆ و سه‌نته‌ری پێداگۆجی و سه‌نته‌ری خوێندنی پیشه‌یی و سه‌نته‌ری خزمەتی كۆمەڵگەی زانكۆ و سەنتەری توێژینەوەی هەڵەبجە بۆ دیراساتی پاشماوه‌ی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی، سەنتەری راهێنانی هواوی SPU ).
بەخۆشحاڵییەوە له‌ئێستادا زانكۆمان خاوەنی ستافێكی زانستی ئاستبەرزە، كه له‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردوودا به‌ته‌واوی ره‌نگیدانه‌وه بەجۆرێك زانكۆمان خاوەنی زیاتر لە ( 15 ) هه‌زار خوێندکار و ستافێکی ئەکادیمیی گەورەیە کە خۆی دەبینێتەوە لە نزیكه‌ی ( 650 ) مامۆستا کە 138یان هەڵگری نازناوی دكتۆران و زیاتر له 500یان هه‌ڵگری نازناوی ماستەر لەگەڵ خاوه‌نی زیاتر له ( 100 ) پرۆفیسۆر و پرۆفیسۆری یاریدەدەر، هەروەها زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەشێکی گەورەی خوێندکارانی لە بەشە ناوخۆییەکانیدا لەخۆگرتووە کە ژمارەیان نزیکەی شەش هەزار خوێندکارە و لە ( 10 ) کەمپسی جیاوازی زانکۆ‌دا نیشتەجێن لەگەڵ دەستبەرکردنی خزمەتگوزاریی شایستە و پێویست بۆیان، وه لەڕووی بە ئەلیكترۆنیكردنی زانكۆكەشەوە، بەڕێوەبەرایەتی تەكنۆلۆجیای زانیاری زانكۆ، خزمەتگوزاری تەواوی ئیمەیل و سیستمی فێركردنی ئەلیكترۆنی بۆ خوێندكاران و مامۆستایان به‌رده‌ستخستووه، هه‌روه‌ها ژماره‌ی رێكه‌وتننامه و لێكتێگه‌یشتنه زانستیی و ئه‌كادیمییه‌كانی زانكۆمان گه‌یشتووه به ( 92 ) یاداشتنامه‌ی لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ زانكۆ و ناوه‌نده ئه‌كادیمیی و ده‌زگا ناوخۆیی و نێوده‌وڵته‌ییه‌كاندا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رده‌وام ده‌بین له پێشخستنی بواری خوێندن و توێژینەوەی زانستی و بەدەستهێنانی بڕوانامەی نێودەوڵەتی و گەشتن بە ئاستی زانكۆ جیهانییەكان، كه ئەم دەستكەوتانەش له هەوڵ و كۆششه به‌رده‌وامه‌كانی مامۆستایان و فەرمانبەران و توێژەران و خوێندكارانی زانكۆ به‌ده‌رنه‌بووه.
لەڕووی ڕانكی نیشتمانی و جیهانییەوە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی هەمیشە لە پێشكەوتندایە، بەجۆرێك كه لە ساڵی 2015ه‌وه پێش نزیكه‌ی 18 هەزار زانكۆ كەوتووە لەسەر ئاستی جیهان، كه به‌پێی نوێترین ریزبەندی نێودەوڵەتی ویبۆمێتریکس Webometrics بۆ زانكۆكانی جیهان، زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له پله‌ی ( 4466) زانكۆدایه، هه‌روه‌ها بەپێی ریزبه‌ندی نیشتمانی زانكۆكانی كوردستانیش لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان 6هەمین زانكۆیە و لەسەر ئاستی عێراقیش 27هەمین زانكۆیە لەكۆی 100 زانكۆ كە لە ویبۆمیتریكسدا تۆماركراوە.
لە دەستپێشخەرییەکی نوێ‌دا زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی سه‌نته‌ری خوێندن و راهێنانی پیشه‌یی تەکنیکی کردەوە له بواره‌كانی كارگێڕی و پەیوەندییە گشتییەکان و پلانسازی شاردا کە بۆ یەکەمینجار دبلۆمی پیشەیی له بواری كارگێڕی له عێراقدا درا به خوازیاران له زانكۆماندا کە ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە لەسەر ئاستی زانکۆکانی عێراق، هەروەها ساڵانە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی رێژەیەکی بەرچاو لە چالاکی کۆنفرانس و سیمپۆزیۆم و وۆرکشۆپ و سیمینار و گەشتی زانستی خوێندکاران و خولی تەندروستی و هۆشیاری و هونەری و وەرزشی و خزمەتی کۆمەڵگە و هتد.. دەکاتەوە کە لەپاڵ خوێندکاراندا خزمەتێکی گەورە بە چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە دەکات.
به‌ڵێن ده‌ده‌ین له‌به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتی زیاتر به‌رده‌وام بین و لەداهاتوودا كاری زیاتردەكەین بۆ رەخساندنی هەلی كاری پێویست بۆ دەرچووانمان و پڕكردنەوەی پێداویستی بازاڕ لەكادری بەتوانا و ئەكادیمی و ئامادەكردنی هێزی كاری بەتوانا و راهێنراوتر بۆ دەزگا و دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بووژاندنەوەی كەرتی تایبەت، بۆیه پشتگیری بەردەوامی وەزارەت و توێژەران و ئەكادیمیستان و زانستخوازانی هەرێمی كوردستان بۆ زانكۆمان به‌رزده‌نرخێنین.
دووبارە پیرۆزبێت ساڵیادی دامەزراندنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، سڵاو لەسەرجەم شەهیدانی رێگەی زانست و رووناكردنەوەی بیری رۆشنبیری، سوپاس بۆ مامۆستایان و توێژه‌ران و فه‌رمانبه‌ران و خوێندكارانی زانكۆ و سەرجەم ئەو كەس و لایەنانەی پشتیوانی زانكۆ بوون.
سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی
2022/4/4