دیداری خوێندكارانی میدیا لە سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی راگەیەندرا
بەدروشمی (دەرفەتێك بۆ ئەفراندنی بەهرەو تواناكان) و بەچاودێری پ.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، (دیداری خوێندكارانی میدیا) بۆ بەشە زانستییەكانی راگەیاندن و تەكنیكی میدیا لە زانكۆ و پەیمانگا حكومی و ئەهلییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، لە سەرۆکایەتی زانکۆ راگەیەندرا.
پاشنیوەڕۆی 3/4/2022 لە هۆڵی پیرەمێرد لە سەرۆکایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، دیدارەکە لەلایەن لیژنەی باڵای ئامادەكارەوە راگەیەندراو پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.شێركۆ جەبار سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاریی دیدار بەناوی پ.د.ئالان فەریدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆ بەخێرهاتنی سەرۆكی بەشەكانی راگەیاندن و میدیا و پەیوەندییە گشتییەكان و بازاڕگەری پەیمانگا و زانكۆ حكومی و ئەهلییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی كرد، پاشان پوختەی ناوەڕۆكی چالاكییەكانی رۆژانی دیدارەكەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو كە بڕیارە لە رۆژانی ١٨ و ٢٠٢٢/٥/١٩ بەڕێوەبچێت.
دیداری خوێندكارانی میدیا كۆمەڵی چالاكی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت وەك پێشبڕكێی باشترین ( بەرهەمی فیلمی دیكۆمینتاری، فیچەر، ناوەڕۆكی ریكلامی ڤیدیویی، بەرهەمهێنانی رۆژنامە ) کە بەرهەمە یەكەم و دووەم و سێیەمەكانی دیدار خەڵاتی شایستە دەكرێن لەلایەن سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانییەوە.