زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی زیاتر لە (٣٥٠٠) خوێندكاری وەرگرتووە
بەڕێوبەری تۆمارگەی گشتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی رایدەگەیەنێت، كە تائێستا زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی (٣٨١٢)خوێندكاری لە كۆلێج و پەیمانگەكانی وەرگرتووە، دەشڵێت: “ئامادەكاریی تەواومان كردووە و دەسەڵاتەكانمان بۆ كۆلێج و پەیمانگەكان شۆڕكردۆتەوە، بۆئەوەی خوێندكاران مامەڵەكانیان بە ئاسانی بەڕێوەبچێت”. بەختیار عوبێد، بەڕێوبەری تۆمارگەی گشتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، رایگەیاند: “چەند سیستمێك هەیە كە خوێندكارانی پێوەردەگیرێن، لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا، بە فەرمانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە رێگەی سیستمی خوێندنی پۆلیتەكنیكەوە (٢٢١) خوێندكارمان وەرگرت، هەروەها (٨٣)خوێندكاری یەكەم و دووەمەكانی سەر ئاستی بەشەكانی پەیمانگە تەكنیكیەكان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، لە كۆلێژە تەكنیكییەكانی زانكۆمان وەرگیراونەتەوە”. وتیشی: “دوای راگەیاندنی ناوی وەرگیراوانی خوێندكارانی دەرچووی قۆناغی ئامادەیی بۆ زانكۆ و پەیمانگەكان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە، رێژەی (٣٠٧٠) خوێندكار لە هەشت پەیمانگەكەی سەر بە زانكۆمان وەرگیراون، هەروەها(٤٣٨) خوێندكاریش لە پێنج كۆلێجەكەمان وەرگیراوە، بەمەش كۆی گشتی وەرگیراوان لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بۆ ساڵی 2015 – 2016، دەكاتە (٣٨١٢) خوێندكار”. جەختیشی لەوە كردەوە، كە “بێگومان ئەم ژمارەیە روو لە زیادبوون دەكات، چونكە وەك وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاندووە، بەم نزیكانە ناوی وەرگیراوانی زیاتر لە (٢٢٠٠) خوێندكار بۆ زانكۆ و پەیمانگەكان رادەگەیەندرێت، جگەلەوەش تائێستا ناوی وەرگیراوانی دەرچووانی ئامادەییە پیشەییەكان رانەگەیەندراوە، بێگومان لەمەش پشكمان بەردەكەوێت، بەڵام ئومێد دەكەم زۆر زیاتر نەبێت”. ئەوەشی خستەڕوو: “بەپێی پلانی خوێندنی زانكۆمان، كە بەرزمانكردبۆوە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا، بە هەموو سیستمەكانەوە (٢٣٦٨) خوێندكارمان بەرزكردبۆوە، بەڵام تائێستا (٣٨١٢) خوێندكارمان وەرگرتووە، واتە رێژەی سەدا سەدمان زۆر زیاتر تێپەڕاندووە، چونكە ئەوەندە و نویوێكی پلانی خۆمانمان وەرگرتووە”. سەبارەت بەوەی ئەو رێژە زۆرە لە وەرگرتنی خوێندكاران هیچ گرفت بۆ پلانەكەیان دروست ناكات، بەختیار عوبێد، وتی: “بێگومان پلانەكەمان لەلایەن بەشەكانی زانكۆمانەوە دیاری كراوە بەپێی پێویستی و توانای هۆڵەكانی خوێندن و تاقیگەكان ئامادەكراوە، بێگومان رێز لەو ژمارەیەی وەرگیراوان دەگرین، چونكە ئەو خوێندكارە كەسوكاری ئێمەن، ناكرێ وەرنەگیرێن، هەر فەرمانێكیش لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە بێت جێبەجێی دەكەین”. بەڕێوبەری تۆمارگەی گشتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، هیواشی خواست زووتر رێنماییەكانیان لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە بەدەست بگات، بۆئەوەی زووتر مامەڵەی خوێندكاران رایی بكەن. ئاماژەی بەوەشكرد: “مەرج و رێنماییەكان بۆ دابەزاندنی بەش لەلایەن وەزارەتەوە دیاری دەكرێت، كەمترین كۆنمرەی خوێندكار لەو بەشەی لێوەی وەرگیراوە، دەتوانێت دابەزین بكات بۆ بەشێك كە لەو كۆنمرەیە كەمتر بێت، بەڵام دەبێت رەزامەندی هەردوو بەشەكەی لەسەر بێت”. دووپاتیشی كردەوە، كە “ئەمساڵیش وەك ساڵی رابردوو خوێندنی ئێوان لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی نابێت، هەروەها سیستمی پارالێڵ-یش بۆ ئەمساڵی خوێندنی 2015-2016 جێبەجێ ناكرێت”. بەختیار عوبێد، باسی لەوەشكرد: “ئێستا كەمترین لۆد لەسەر سەرۆكایەتی زانكۆمان هەیە، ئەویش بەهۆی ئەوەوەیە كە نزیكەی مانگێكە ئامادەكاریمان بۆ وەرگرتنی خوێندكاران كردووە و سەرجەم دەسەڵاتەكانیشمان شۆركردۆتەوە بۆ كۆلێج و پەیمانگەكانمان، بۆئەوەی بەڵێننامە و كەفالەتەكان لەلای خۆیان بۆ خوێندكاران پڕبكرێنەوە، تەنها نوێنەری كۆلێج و پەیمانگەكانمان ئەوە دەخرێتە ئەستۆی كە بەڵێننامە و كەفالەتەكان بهێنێتە سەرۆكایەتی زانكۆمان، بۆئەوەی لەلایەن بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی یاسایی زانكۆ پەسەند بكرێت”. ساڵی رابردوو زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە رێگەی هەشت پەیمانگە و پێنج كۆلێجییەوە نزیكەی حەوت هەزار خوێندكاری وەرگرتووە