ئەنجامی زانکۆلاین ڕاگەیندرا و (٣٤) هەزار خوێندکار وەرگیران
بۆ ساڵی خوێندنى (٢٠١٥-٢٠١٦) زیاتر لە (٣٤) هەزار خوێندكار لە زانكۆ و پەیمانگەكانى هەرێمى کوردستان وەرگیران.
لەو بارەیەوە د. كەریم عەبدول ڕاوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجامی وەرگرتنی خوێندكارانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگەكان ڕایگەیاند و ووتی: وەزارەتی خوێندنی باڵا ماوەیەكە زۆر بەچڕی و وردی و دڵسۆزانە بەهاریكاری وەزارەتی پەروەردە كار دەكات بۆ وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەش هەوڵیداوە زۆرترین ڕێژەی خوێندكاران لە زانكۆ و پەیمانگەكان وەربگرێت.
لەو چوارچێوەیەشدا ئەمساڵ (٥٩٥٣٩) خوێندكاری 12ی ئامادەیی لە ڕێگەی (زانكۆلاین)ەوە فۆرمی وەرگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگەكان پێشكەش كردوە، لەو ژمارەیەشدا زیاتر لە (٣٢) خوێندكاری لە زانكۆ و پەیمانگە حكومیەكان وەرگیران، جگە لەوەی كە (٢٢٥٧) بەهۆی هەڵەو كەمی هەڵبژاردن لەلایەن خوێندكارانەوە لەكاتی پڕكردنەوەی فۆرمی زانكۆلاین ناویان نەهاتۆتەو، دواتر لەلایەن (زانكۆلاین) دابەش دەكرێنەوە، بەو شێوەیە كۆی وەرگیراون دەبێتە زیاتر لە (٣٤) بۆ ساڵى خوێندنی (٢٠١٥-٢٠١٦).
لەبارەی كەمترین كۆنمرەی وەرگیراو د. كەریم عەبدول ئاشكرایكرد كە “كەمترین كۆنمرەی وەرگیراو لە بەشی زانستی(٤٤١,١) کە دەکاتە ڕێژەى (٦٣), لەبەشی وێژەیش کەمترین کۆنمرەى وەرگیراو (٤٤١,١٧) کە دەکاتە ڕێژەى (٦٣,٢٤) بووە”. رونیشیكردەوە كە توانای وەرگرتنی زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٥-٢٠١٦) دەگاتە نزیكەی (٢٠٠٠٠) هەزار خوێندكار.
هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەیەدا د. محمد سابر بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلان و بەدواداوچون ڕاگەیاند: بۆ ئەمساڵی خوێندن و زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك لە دەرچوانی خوێندكارانى ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان وەردەگرن بەپێی ڕێنماییەكان، لەهەمان كاتدا ڕێژەیەك لە ئامادەییە پیشەییەكان وەردەگیرێن و، دواى زانکۆلاین کار لەسەر ئەوانیش دەکەین.
خوێندكارانى دوانزەی ئامادەیی دەتوانن لە ئەمڕۆ ١ شەممە، ڕێكەوتی (٠٦/١٢/٢٠١٥) لە سەعات (٨)ی شەو بەدواوە لە ڕێگەی وێب سایتی ئەلیكترۆنی (www.regayzanko.com) بەبەكارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەرو وشەى تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) كە پێشتر فۆرمی (زانكۆلاین)یان پێ بڕكردبوەو، دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە كە لێیی وەرگیراون.
هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەیەدا د.کەریم عەبدول دواى پیرۆزابیکردن لە وەرگیراوان و کەس وکاریان ڕاگەیاند: هەفتەیەک دیاریکراوە بۆ تانەگرتن و سکاڵا، لەهەمان کاتدا داواشى لە خوێندکاران کرد پەیوەندی بەو بەش و كۆلێژانەوە بكەن کە ناوەکانیان لێ هاتۆتەوە بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكانیان، چونكە رێكەوتی (١٣/١٢/٢٠١٥) یەكەم ڕۆژی دەوامی ساڵی نوێ خوێندنیان دەبێت لە زانكۆ و پەیمانگەكان.