Back

ژن و میدیا لە سیمپۆزیۆمێکدا پێشکەشکرا

بەبۆنەی رۆژی جیهانی ژنان ( ٨ )ی مارسەوە، سەنتەری یەکسانی جێندەریی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەهاوبەشی پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی، سیمپۆزیۆمی ( ژن و میدیا )ی رێکخست. کاتژمێر ١٠ی بەیانی یەکشەممە ٢٠٢٢/٣/١٣، بەوەستانی ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان بەگشتی و ژنانی شەهید بەتایبەتی و بەبۆنەی ( ٨ )ی مارس رۆژی جیهانی ژنانەوە، سیمپۆزیۆمی ( ژن و میدیا ) دەستیپێکرد، کە لەلایەن سەنتەری یەکسانی جێندەریی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەهاوبەشی پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی رێکخرابوو. سیمپۆزیۆمەکە بەئامادەبوونی پ.ی.د.دانا ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیته‌کنیکی سلێمانی بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و ژمارەیەک لە راگرانی کۆلێج و پەیمانگاکانی زانکۆ و چالاکوانانی مافی ژنان و مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ، لە هۆڵی سەرۆکایەتی زانکۆ بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا وتەی بەخێرهاتن لەلایەن د.دڵپاک تاهیر بەرێوەبەری سەنتەری یەکسانی جێندەری زانکۆ پێشکەشکراو رایگەیاند: ناونیشانی ئەم سیمپۆزیۆمە خۆی لە خۆیدا ئاماژەیە کە ژن لە میدیای کوردیدا لەژێر پرسیاردایە و یەکێکە لە پرسە گرنگەکان بۆیە بە خۆشحاڵییەوە سەنتەری یەکسانی جێندەری زانکۆ وەک ناوەندێکی ئەکادیمیی دەیەوێت شرۆڤەیەکی تێروتەسەل بۆ ئەم پرسە گرنگە بکات. پاشان پ.ی.د.دانا ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بەناوی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییەوە وتەیەکی پێشکەشکردو تیایدا، پیرۆزبایی لە ژنانی کوردستان و جیهان و ژنانی ئامادەبووی سیمپۆزیۆمەکە کرد بەبۆنەی رۆژی جیهانی ( ٨ )ی مارسەوە و وتی: لە رێگەی ئەم چالاکییە گرنگەوە دەمانەوێت کۆمەڵگەکەمان هۆشیار بکەینەوە دەربارەی ئەم پرسە، بۆیە دەستخۆشی ئاڕاستەی ئامادەکارانی ئەم سیمپۆزیۆمە دەکەین و دەخوازین ئەم چالاکییە ببێتە بەشێک لە چارەسەری گرفتەکانی بەردەم مافی ژنان و بواری میدیا. لە پانێڵی یەکەمی سیمۆزیۆمەکەدا کە لەلایەن م.ی.عباس جمعە بەڕێوەبرا هەریەک لە پ.ی.د.پاڤێ جمیل بابەتێکی لەسەر وێنای ژن لە میدیای کوردیدا پێشکەشکرد، پاشان د.شوان ئادەم ئەیڤەس، بابەتێکی لەسەر رۆڵی پرۆگرامە کۆمیدییەکان لە بەرھەمھێنانی جیاکاریی جێندەرییدا پێشکەشکرد، هەروەها مامۆستا تاژان دڵشاد، ژن و سۆشیاڵ میدیای کوردیی خستەڕوو. لە درێژەی سیمپۆزیۆمەکەدا و لە پانێڵی دووەمدا کە بەرێوەبەری پانێڵ، مامۆستای یاریدەدەر ڤیان عمر خدر بوو، د.نەوزاد صدیق باسی لە بابەتە جێندەرییەکان لە میدیادا بۆ ئامادەبووان کرد، هەروەها مامۆستای یاریدەدەر ھەرمن شێرکۆ تیشکی خستەسەر وێنای ڕاگەیاندنکاری ژن لە کەناڵە کوردییەکاندا، لە کۆتاییشدا د.هونەر رەسوڵ بابەتێکی لەسەر رۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە دەرخستنی دەنگ و رەنگی ژنی کورددا پێشکەشکرد. بە گفتوگۆ و پرسیارکردن لەسەر تەوەرەکانی پانێلەکە لەلایەن ئامادەبووانەوە کۆتایی بە سیمپۆزیۆمەکە هات و خەڵاتی رێزلێنان لەلایەن پرۆفیسۆر د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆوە پێشکەش بە پانێلیستەکان کراو هیوای به‌ده‌وامی و سه‌ركه‌وتنی زیاتری بۆ خواستن.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile