
دیداری زانستی (بوژاندنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه دوای 3/16) به‌ڕێوه‌چوو
به‌بۆنه‌ی نزیك بونه‌وه‌ی یادی مه‌رگه‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌و كاركردن بۆ بوژادنه‌وه‌ی سه‌رخان و ژێرخانی ئه‌و شاره زیندووه، سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌ڵه‌بجه بۆ دراساتی پاشماوه‌كانی چه‌كی كیمیاوی له زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ، دیدارێكی بایه‌خداری بۆ زیاتر خزمه‌تكردنی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه سازكرد.
كاتژمێر 10 ی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 9ی ئازاری 2022 له‌هۆڵی مۆنۆمێنتی شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه و به‌ئاماده‌بوونی پ.د. ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و ئازاد تۆفیق پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌و د. سۆران ابوبكر یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا‌و پ.ی.د. دانا احمد مصطفی یارده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی و لقمان عبدالقادر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی چه‌كی كیمیاوی و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له نوێنه‌رایه‌تی ده‌زگا حزبی و حكومی و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و مامۆستایان، سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه بۆ دراساتی پاشماوه‌كانی چه‌كی كیمیاوی سه‌ر به زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی دیداری (بوژاندنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه دوای 3/16)ی سازكرد.
سه‌ره‌تا ئاماده‌بووان خوله‌كێك بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی ڕێگای ئازادی كوردستان به‌بێ ده‌نگی وه‌ستان، پاشان له‌لایه‌ن پ.د.ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له ووته‌یه‌كدا به‌خێرهاتنی میوانانی دیداره زانستییه‌كه‌ی كرد‌و ده‌ستخۆشی له كۆلێجی ته‌كنیكی زانسته پراكتیكییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه كرد بۆ ڕێكخستنی چالاكییه‌كه، سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له ووته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی كرد به‌و تاوانه گه‌وره‌یه‌ی ده‌رهه‌ق به شاری هه‌ڵه‌بجه كرا له 1988/3/16 له‌لایه‌ن سه‌رانی ڕژێمی له‌ناوچووی حزبی به‌عسه‌وه‌و له‌ئه‌نجامدا 5000 هاوڵاتی بێ‌تاوانیان شه‌هید كرد‌و به‌سه‌دان و هه‌زاران كه‌سیشیان بریندار‌و كه‌مئه‌ندام و ئاواره‌ی سنوره‌كان كرد. له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا دوپاتیكرده‌وه له‌سه‌ر هه‌موولایه‌ك پێویسته به‌پێی توانا هاوكارو پشتیوانی بوژاندنه‌وه‌ی ئه‌م شاره خۆشه‌ویسته بێت كه تا ئێستاش به‌پێی پێویست و گه‌وره‌یی ئه‌و تاوانه‌ی به‌رامبه‌ری كراوه قه‌ره‌بوو نه‌كراوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها ووتی ئێمه له‌زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له یه‌كه‌مین هه‌وڵماندا بۆ بوژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی خوێندنی باڵا‌و خزمه‌تكردنی خوێندكارانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره په‌یمانگای ته‌كنیكی هه‌ڵه‌بجه‌مان كرده‌وه‌و پاشان كۆلێجی ته‌كنیكی زانسته پراكتیكییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌و تا ئێستاش به هه‌زاران خوێندكاری ئه‌م سنوری بڕوانامه‌یان به‌ده‌ستهێناوه‌و بونه‌ته خاوه‌ن كاری خۆیان، پ.د. ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین ڕایگه‌یاند به‌هۆی پێویستی زۆری ناوچه‌كه، پارساڵ له هه‌وڵێكی ترماندا له 2021/1/31 بڕیارماندا (سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه بۆ دراساتی پاشماوه‌كانی چه‌كی كیمیاوی) له‌شاری هه‌ڵه‌بجه دابمه‌زرێنین تا له‌و ڕێگه‌یه‌وه بتوانین خزمه‌تی زیاتر به خه‌ڵكی ناوچه‌كه بكه‌ین و له‌ڕووی زانستییه‌وه لێكۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانی له‌سه‌ر پاشماوه‌كانی چه‌كی كیمیاوی و نه‌خۆشییه جۆربه‌جۆره‌كان بكه‌ین. له‌كۆتایی ووته‌كه‌یدا پشتیوانی خۆی و سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی بۆ (سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه بۆ دراساتی پاشماوه‌كانی چه‌كی كیمیاوی) دوپاتكرده‌وه.
پاشان به‌رنامه‌ی دیداره‌كه ده‌ستیپێكردو دوو پانێڵ به‌رێوه‌چوو كه پانێڵی یه‌كه‌م به‌م شێوه‌یه بوو:
(كێشه‌كانی به‌ڕێوه‌بردن و حوكمڕانی دوای به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاوی) ناونیشانی بابه‌تێك بوو كه ئازاد تۆفیق پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه پێشكه‌شیكرد.
(پێگه‌ی هه‌ڵه‌بجه له‌بواری بازرگانی و پیشه‌سازی ) ناونیشانی بابه‌تێك بوو كه‌علی عوسمان بریكاری وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی پێشكه‌شیكرد.
(ئه‌ركی شاره‌وانی له‌خزمه‌تی هه‌ڵه‌بجه) ناونیشانی بابه‌تێك بوو كه كوێستان ئه‌كره‌م فه‌ره‌ج سه‌رۆكی شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه پێشكه‌شیكرد.
پاشان له پانێڵی دووه‌مدا له‌سه‌ر كێشه‌ی ته‌ندروستی و خۆراك و ژینگه له‌هه‌ڵه‌بجه گفتوگۆكرا به‌م شێوه‌یه:
(كاریگه‌ری چه‌كی كیمیاوی له‌سه‌ر خاك و ئاو) ناونیشانی بابه‌تێك بوو كه د.علی محمد صاڵح پێشكه‌شیكرد.
(كێشه ته‌ندروستییه‌كانی به‌ركه‌وتووان) ناونیشانی بابه‌تێك بوو كه د.هه‌ڵگورد علی محمد پێشكه‌شیكرد.
(كاریگه‌ری چه‌كی كیمیاوی له‌سه‌ر ژینگه) ناونیشانی بابه‌تێك بوو كه د.كارزان عبدالله محمد پێشكه‌شیكرد.
له‌كۆتایی هه‌ردوو پانێڵه‌كه‌دا ئاماده‌بووان چه‌ندین پرسیاریان ئاراسته‌ی پانێڵسته‌كان كرد‌و وه‌ڵام درانه‌وه.
بڕیار‌و ڕاسپارده‌كانی پانێڵه زانستییه‌كه‌ی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی پێشكه‌ش به ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت بۆ سوود لێ وه‌رگرتنی.