وۆركشۆپێك بەناونيشانى ڕەخساندنى هەلى كار بەڕێوەچوو
بەمەبەستی ڕەخساندن و دۆزينەوەى هەلى كارە بۆ خوێندکاران و دروستكردنى پەيوەندى لەگەڵ بازاڕى كاردا، سەرلەبەيانى ئەمڕۆ چوارشەممە 27/2/2022 لە هۆڵى سيمينارى كەمپسى چوارچرا، كۆلێجى تەکنیکی ئەندازيارى بەهاوكارى سەنتەرى (CDC) زانكۆى پۆليتەكنيكى سلێمانى و بەهاوبەشى كۆمپانياى كۆڕەك تيليكۆم، وۆركشۆپێكى بەناونيشانى ( ڕەخساندنى هەلى كار بۆ خوێندكارانى بەشى ئەندازيارى گەياندن و تواناى كارەبايى ) ڕێكخست.
وۆركشۆپەكە بەئامادەبوونى د.عەتا شێخ كەريم ڕاگرى كۆلێجی تەکنیکی ئەندازیاری و ياريدەدەرى ڕاگر و نوێنەرى كۆمپانياى كۆرەك تيليكۆم و ژمارەيەك لە مامۆستايانى كۆلێج و خوێندكاران بەڕێوەچوو.
لە وۆركشۆپەكەدا ڕاگرى كۆلێج وتەيەكى پێشكەشكرد و تێيدا باسى لە گرنگى ئەنجامدانى وۆركشۆپەكە كرد و ئاماژەى بەوەكرد كارى زانكۆ و كۆلێج جگە لە پێگەياندنى خوێندكار، ڕەخساندن و دۆزينەوەى هەلى كارە بۆيان، كە ئەمەش بە ئەنجامدانى چالاكى لەم جۆرە و دروستكردنى پەيوەندى لەگەڵ بازاڕى كاردايە، هەروەها بەشداريكردنى كاراى خوێندكار لەم چالاكييانەدا يارمەتيدەرە بۆ دۆزينەوەى هەلى كار.
پاشان مامۆستا ئەيوب كەريم لە سەنتەرى (CDC) بابەتێكى بەناونيشانى (ناوەندێك بۆ ئامادەسازى خوێندكار بۆ بازاڕى كار) پێشكەشكرد، دواتر كۆمپانياى كۆڕەك تيليكۆم فيلمێكى ديكۆمێنتارييان سەبارەت بەشێوازى دامەزراندنى كۆمپانياى كۆڕەك و چۆنيەتى كاركردن لە كۆمپانيا و شێوازەكانى پەيوەنديكردن بۆ ئامادەبوان، نمايش كرد.
پاشان مامۆستا ڕەوەز حسێن عەبدوڵا، لە بەشى ئەندازيارى گەياندن بابەتێك بەناونيشانى (Spectra and Bandwidth of Emissions based on ITU-R Recommendations) پێشكەشكرد.
لە كۆتاييدا پرسيار و گفتوگۆ لە نێوان ئامادەبووان و مامۆستايانى وۆركشۆپەكە ئەنجامدرا.