Back

سه‌رۆكی زانكۆ پێشوازیكرد له‌ شاندێكی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی دیاله‌

به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی په‌یوه‌ندی زانستی و نزیككردنه‌وه‌ی ڕاو بۆچونه‌كان ، شاندێكی باڵای سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی دیاله‌ سه‌ردانی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانیان كردو له‌لایه‌ن سه‌رۆك و یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زاكۆ به‌گه‌رمی پێشوازیكران. كاتژمێر 10 ی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 24 ی شوباتی 2022 پ.د.ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌ئاماده‌بوونی پ.د.سۆران ابوبكر یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵاو د. كامل صابر ڕاگری په‌یمانگای ته‌كنیكی به‌كره‌جۆو به‌رێوه‌به‌رایه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕاگه‌یاندن و چالاكییه‌كان، پێشوازیكرد له‌  د.عبد المنعم عباس كريم سه‌رۆكی زانكۆی دیاڵی و شاندێكی باڵای ئه‌و زانكۆیه‌. له‌دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان ده‌ربڕی به‌ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی لێیان كراو دڵخۆشبوون به‌ بینینی پایته‌ختی ڕۆشنبیری هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها باسیان له‌ ناوو ناوبانگی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كرد كه‌ زانكۆیه‌كی پێشكه‌وتووه‌ له‌سه‌ر ئاستی زانكۆكانی هه‌رێم و عێراق ، ڕایانگه‌یاند به‌پێویستمان زانیوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و زانكۆیه‌ی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندی پته‌و دروستبكه‌ین له‌پێناو سوود وه‌رگرتن له‌تواناكانی یه‌كتری و ئه‌نجامدانی پرۆژه‌ی هاوبه‌ش و كاری زانستی پێكه‌وه‌یی. پ.د.ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌ناوی خۆی و ئه‌نجومه‌نی زانكۆوه‌ به‌خێرهاتنی شانده‌كه‌ی كردو شادمانی خۆی ده‌ربڕی به‌سه‌ردانه‌كه‌، هه‌روه‌ها ووتی مایه‌ی دڵخۆشییه‌ زانكۆكانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندی باش دروست بكه‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای خزمه‌تكردنی پرۆسه‌ی خوێندن و ئاڵوگۆڕی توانا زانستییه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی مامۆستایان و خوێندكاران، سه‌رۆكی زانكۆ ڕایگه‌یاند ئەگەر سیاسه‌تیش به‌هه‌رهۆكارێك بیه‌وێت دوورمان بخەنەوە له‌یه‌كتری به‌ڵام پێویسته‌ ئێمە زیاتر کاری پێکەوەیی بکەین، با پێکەوە نزیکایەتی زانستی و ئەکادیمی بکەینە هەوێنی زیاتر نزیکبوونەوەی کۆمەڵایەتیش، ئێمە دەتوانین لە ئایندەدا ئەم پەیوەندییە دووانیانە بگۆڕین بۆ پەیوەندیەکی گشتگیری ئاست بەرز لەنێوان سەرجەم زانکۆکانی هەرێم و ناوەڕاست و باشووری عێراق، نزیکی جوگرافی و تێکەڵی کۆمەڵایەتیمان لە نێوان ناوچه‌ی گەرمیان کە کۆلێج و پەیمانگای تەکنیکی کەلاری زانكۆی ئێمه‌ی لێیه‌و و زانکۆکەی ئێوەش لە دیالە هەیە،هەروەها پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانمان، وامان لێدەکات پەرۆشانەتر هەنگاو بۆ پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی نێوانمان بنێیین. پاشان به‌یاوه‌ری سه‌رۆكی زانكۆ شانده‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی دیالی سه‌نته‌ری نێوده‌وڵه‌تی زمانی ئینگلیزیان به‌سه‌ركردووه‌ كه‌ تاكه‌ سه‌نته‌ره‌ بڕوانامه‌ی ئایه‌ڵس بداته‌ فێرخوازان و په‌یوه‌ندی پته‌وی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی بریتش كاونسڵ هه‌یه‌، پاشان هۆڵه‌كانی وانه‌ووتنه‌وه‌ی سه‌نته‌ره‌كه‌یان به‌سه‌ر كرده‌وه‌و شاندی میوان سه‌رسامی خۆیان نیشاندا به‌و پێشكه‌وتنه‌ زانستییانه‌ی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی، دوابه‌دوای ئه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندن و چالاكییه‌كانیان بینی و كه‌ناڵی SPU HD یان به‌سه‌ركرده‌وه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ له‌په‌خشی ئاسایی وه‌ستاوه‌ به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌و به‌لای شانده‌كه‌وه‌ زۆر گرنگ بوو زانكۆیه‌ك توانای دانانی كه‌ناڵێكی ته‌له‌فزیۆنی هه‌بێت كه‌ 24 كاتژمێر په‌خشی هه‌بووه‌. هه‌ربۆیه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای پێشكه‌وتنه‌كانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و دروستكردنی پردێكی په‌یوه‌ندی به‌هێز به‌پێویستیان زانی ڕێككه‌وتنی زانستی له‌نێوان هه‌ردوو زانكۆدا بكرێت. بڕیاره‌ شانده‌كه‌ی زانكۆی دیالی كه‌مپی كۆلیجه‌ ته‌كنیكییه‌كانی چوارچرای زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌سه‌ربكه‌نه‌وه‌.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile