Back

سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كۆلێجی هونه‌ری پراكتیكی له‌به‌غدا به‌سه‌ركرده‌وه‌

له‌چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی بۆ زانكۆی ته‌كنیكی ئه‌وسه‌ت له‌به‌غدا ، كۆلێجی هونه‌ری پراكتیكی به‌سه‌ركرده‌وه‌و له‌نزیكه‌وه‌ سه‌ردانی به‌شه‌ جیاوازه‌كانی كرد. ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 10 ی شوباتی 2022 پ.د. ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌یاوه‌ری پ.د. سۆران ئه‌بوبه‌كر محمد یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا له‌پاش سه‌ردانی بۆ سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی ته‌كنیكی ئه‌وسه‌ت له‌به‌غدا و كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی زانكۆو ژماره‌یه‌ك له‌به‌رپرسانی زانكۆكه‌و واژۆكردنی ڕێككه‌وتننامه‌یه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی كاری هاوبه‌ش و ئاڵوگۆڕی تواناكان و سوودوه‌رگرتن له‌یه‌كدی، پاشنیوه‌ڕۆی هه‌مان ڕۆژ شاندی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كۆلێجی هونه‌ری پراكتیكیان به‌سه‌ركرده‌وه‌و له‌نزیكه‌وه‌ به‌شه‌جیاوازه‌كانی ئه‌و كۆلێجه‌یان به‌سه‌ركرده‌وه‌ وه‌ك وه‌رشه‌و تاقیگه‌و هۆڵه‌كانی خوێندن و چالاكییه‌كان و به‌شی میدیاو ستۆدیۆی ڕاگه‌یاندنی كۆلێجه‌كه‌، وه‌ چه‌ند دیمه‌نێك له‌كارو چالاكییه‌كان نمایشكرا كه‌ ژماره‌یه‌كیان به‌شێك بوون له‌ پرۆژه‌ی خوێندكاره‌ ده‌رچووه‌كانیان. پ.د. ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی سه‌رسامی خۆی به‌ پێشكه‌وتنه‌كانی ئه‌و كۆلێجه‌ هونه‌رییه‌ ده‌ربڕی و هیوای خواست كاری گه‌وره‌ترو ناواوازه‌تر ئه‌نجام بده‌ن و داواشی كرد په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌شی ته‌كنیكی میدیای زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی دروست بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سوود له‌تواناكانی یه‌كتر وه‌ربگرن چ له‌ڕووی مرۆییه‌وه‌ چ له‌ڕووی ته‌كنه‌لۆجیاو كاری هونه‌رییه‌وه‌و گه‌شبینی خۆی ده‌ربڕی به‌ ئاینده‌یه‌كی ڕوون بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندی زانستی و ئه‌كادیمی له‌نێوان زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و زانكۆی ته‌كنیكی ئه‌وسه‌ت له‌به‌غدا.  
This shortcode LP Profile only use on the page Profile