پێنج خوێندکاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەشداری کۆرسێکی رۆژنامەوانی لە ئەسفەهان دەکەن
پێنج خوێندکاری بەشی تەکنیکی میدیای کۆلێجی تەکنیکی کارگێڕی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، بەشداری کۆرسێکی بەرھەمھێنانی ھەواڵ و ڕاپۆرت دەکەن لە شاری ئەسفەھان-ی ئێران، کە سەرکەتووەکان دەبنە خاوەن بروانامەی دبلۆمی پیشەیی وەزارەتی رۆشنبیری و کلتوری کۆماری ئێران.
ئەحمەد مستەفا، خوێندکاری بەشی تەکنیکی میدیا بە سایتی زانکۆی راگەیاند: زیاتر لە 30 رۆژنامەوان و فێرخواز بەشداری کۆرسێکی رۆژنامەوانی بەرھەمھێنانی ھەواڵ و ڕاپۆرت-یان کرد لە سلێمانی، پاش ھەڵسەنگاندن بۆ کۆرسی دووەم و تەواوکاری، سەرکەوتووەکان کە نزیکەی 15 رۆژنامەوان بوون لەگەڵ پێنج خوێندکاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی نێردرانە ئەسفەھان”.
وتیشی: کۆرسی تەواوکاری ماوەی دە رۆژ بەردەوام دەبێت، بڕیارە ھەر خوێندکارێک کار لەسەر ژانرێکی رۆژنامەوانی بکات، ھاوکات رۆژانی کۆتایی دادەنرێت بۆ سەردانی مەیدانی ئاژانس و کەناڵە فەرمییەکانی وڵاتەکە، دواتر سەرکەوتووەکان دەبنە خاوەن بروانامەی دبلۆمی پیشەیی وەزارەتی رۆشنبیری و کلتوری کۆماری ئێران”.
ئەسفەھان یەکێکە لە پارێزگا دێرینەکانی کۆماری ئێران و لەلایەن ئێرانییەکان بەنیوەی جیھان وەسفدەکرێت، کە چەندین دەزگا رۆژنامەوانی و میدیایی لە ھەناویدا دروستبوون.