Back

گەوهەرێكی ڕۆژنامەگەری كوردی بەشێوەی كتێب خرایەڕوو

لە هۆڵی سیمیناری كەمپی كۆلێجە تەكنیكییەكانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و لە چوارچێوەی چالاكییەكانی بەشی تەكنیكی میدیای كۆلێجی تەكنیكی كارگێڕی، ڕۆژنامەی (خۆرنشین) لە شێوەی كتێب بڵاوكرایەوە کە لە ئامادەكردنی دكتۆر (كارزان محمەد )ە. لەمەراسیمەكەدا بەئامادەبوونی پ.ی.د.حەكیم عوسمان ڕاگری كۆلێجی تەكنیكی كارگێری و د.هێرش رەسوڵ یاریدەدەری ڕاگر و د.كاوە ڕەزا ڕاگری پەیمانگای تەكنیكی دوكان و د.شێركۆ جەبار سەرۆك بەشی تەكنیكی میدیا و ژمارەیەك مامۆستای كۆلێج و میوانانی دەرەوە ناوەرۆكی ڕۆژنامەكە خرایەڕوو .   لە وتەیەكدا د.كارزان محەمەد ئامادەكاری كتێبەكە ڕایگەیاند:ئەم ڕۆژنامەیە لە نێوان ساڵانی (1951_1952) لە تاران ،لە سەردەمی پاش كۆماری كوردستانی شاری مهاباد، بەهەردوو زمانی (فارسی و كوردی) چاپ و بڵاوكراوەتەوە، سەرنوسەرەكەشی هەریەک (عەبدولحەمید مەعریفەت ود.وەكیل كوردستانی ) بوون. د.كارزان محمەد ڕوونیشکردەوە: ساڵح بێچاری شاعیرو نووسەر بەسەلیقەی وردی خۆی ژمارەی ڕۆژنامەكانی سكانكردوون و پاكیكردونەتەوە و پارێزگاری سلێمانیش ئەركی لەچاپدانی لەئەستۆگرتووە.   كارزان محمەد مامۆستای بەشی تەكنیكی میدیا ،لە كۆلێجی تەكنیكی كارگێڕی زانکۆی پۆلیتەلنیکی سلێمانی، خاوەنی ( 10 ) كتێبە لە بواری دۆكۆمێنت و توێژینەوە، ( 18 )كتێبیشی لە زمانی فارسییەوە بۆ سەر زمانی شیرینی كوردی وەگێڕاوە.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile