Back

كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی ژماره‌ 7ی ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو

به‌ئامانجی گفتوگۆو خستنه‌ڕووی سه‌رجه‌م كارو چالاكییه‌كان و به‌رنامه‌دانان بۆ ئاینده‌ ، ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كۆبوه‌وه‌. به‌سه‌رپه‌رشتی پ.د.ئالان فه‌ره‌یدون عەلی ئه‌مین سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و به‌ئاماده‌بوونی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵاو ڕاگرانی سه‌رجه‌م كۆلێج و په‌یمانگاكان و ئه‌میندارێتی ئه‌نجومه‌ن و به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی سه‌رۆك و به‌ڕێوه‌به‌ری دارایی ، كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی ژماره‌ 7ی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ به‌ڕێوه‌چوو. لە کۆبوونەوەکەدا كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 26ی كانونی دووه‌می 2022به‌ڕێوه‌چوو ، پ.د.ئالان فه‌ره‌یدون عەلی ئه‌مین سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی باسی له ‌دۆخی ته‌ندروستی كردو له‌پێناو پاراستنی گیانی مامۆستایان و خوێندكاران و فه‌رمانبه‌ران داوای كرد هه‌مووان پابه‌ندی ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بن و ئه‌وانه‌ی ڤاكسینیان به‌كارنه‌هێناوه‌ به‌كاربهێنن. له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی زانكۆدا گفتوگۆكرا له‌سه‌ر پرۆسه‌ی خوێندنی باڵا له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و به‌تایبه‌ت ته‌وه‌ری كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا ، هه‌روه‌ها گفتوگۆ له‌سه‌ر ته‌وه‌ره‌كانی خوێندكاران و كارگێڕی و دارایی قسه‌وباسی پێویستیان له‌باره‌وه‌كرا ، به‌ڕێز شارۆ ئاوات محمود به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دارایی زانكۆ له‌به‌شێكی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی زانكۆدا به‌شداربوو بۆ ڕونكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك ئیش و كاری تایبه‌ت به‌ بواری دارایی و دابینكردنی بودجه‌ی تایبه‌ت بۆ به‌شه‌ناوخۆییه‌كانی خوێندكاران و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی زانكۆ. له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا بڕیار له‌سه‌ر داواكارییه‌ هه‌نوكه‌یی و یاساییه‌كان وه‌رگیرا و پلانی پێویست په‌سه‌ندكرا له‌مه‌ڕ جێبه‌جێكردنی هه‌موو ئه‌و داواكاریانه‌ی كه‌هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت داواكاری خوێندكاران. هه‌روه‌ها له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا ڕاپۆرتی كۆلێج و په‌یمانگاكانی سه‌ر به‌زانكۆ خوێنرایه‌وه‌ و سه‌رجه‌م داواكارییه‌كانیان به‌ هه‌ند وه‌رگیرا. له‌كۆتایی كۆبونه‌وه‌كدا جه‌خت له‌سه‌ر خه‌رجكردنی شایسته‌ داراییه‌كانی مامۆستایانی ئێواران و وانه‌بێژی كرایه‌وه‌ له‌گه‌ڵ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كارگێڕی و دارایی بۆ زانكۆكان و خه‌رجكردنی داهاتی زانكۆ بۆ خودی خۆی و پرۆسه‌ی خوێندن و دابینكردنی پێداویستی هۆڵه‌كانی خوێندن و به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile