Back

خوێندن به‌ سیستمی (ئێواران) له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌باشی به‌ڕێوه‌ده‌چێت

به‌ئامانجی گرنگیدانی زیاتر به‌ هه‌موو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا بۆ فه‌راهه‌مكردنی هه‌لی خوێندن و به‌ده‌ست هێنانی بڕوانامه‌ی زانستی و ڕه‌چاوكردنی بارودۆخی ئه‌و كه‌سانه‌ی خوازیارن خوێندن ته‌واو بكه‌ن و له‌كاتی خۆیدا ده‌رفه‌تیان بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌، زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌سه‌ره‌تای ده‌ست به‌كاربونییه‌وه‌ تا هه‌نوكه‌ وه‌ك یه‌كێك له‌ پێویستییه‌كان بڕیاریداوه‌ له‌پاڵ خوێندنی به‌یانیاندا خوێندنی ئێوارانیش بكاته‌وه‌. زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی هه‌وڵیداوه‌ ساڵ له‌دوای ساڵ و هه‌نگاو به‌هه‌نگاو زیاتر په‌ره‌بدات به‌ خوێندنی ئێواران و پرۆگرامه‌كانی خوێندن و به‌رزكردنه‌وه‌ی كوالێتی خوێندن به‌ دابینكردنی سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كانی هۆڵی خوێندن و تاقیگه‌كان و دابینكردنی ستافی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران تا به‌شێوازێكی ئه‌كادیمییانه‌ و ته‌كنیكییانه‌ خوێندكار سه‌رجه‌م ئه‌و وانانه‌ی به‌ تێوری فێر ده‌كرێن به‌ پراكتیكیش ئه‌زمونی بكه‌ن و له‌كۆتاییدا كادیری ته‌كنیكی و شاره‌زا له‌ پسپۆرییه‌كانی خۆیان پێشكه‌ش به‌ بازاڕی كارو ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت و كه‌رتی تایبه‌ت بكات. بۆ ئه‌مساڵی خوێندن 2021-2022 زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌ كۆی 7 په‌یمانگای ته‌كنیكی له‌ناو شاری سلێمانی و قه‌زاو ناحییه‌كان به‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌شه‌وه‌ 32 به‌شی زانستی ئێوارانی كردۆته‌وه‌و به‌پێی نمره‌و خواستی خوێندكاران و به‌سه‌ر په‌رشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناوه‌ندی وه‌رگرتن له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی خوێندكاری وه‌رگرتووه‌. خوێندن له‌ به‌شی ئێوارانی په‌یمانگاكاندا هاوشێوه‌ی خوێندنی به‌یانیانه‌و به‌ دوو ساڵی ته‌واو له‌گه‌ڵ پێشكه‌شكردنی پرۆژه‌ی توێژینه‌وه‌و مه‌رجه‌ پێویستییه‌كان به‌كۆتا ده‌گات و بڕوانامه‌ی دبلۆمی ته‌كنیكی ده‌درێته‌ ده‌رچووان. ئه‌و به‌شه‌ زانستییانه‌ی له‌په‌یمانگاكانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی (ئێواران) خوێندكار تیایدا ده‌خوێنێت بریتین له‌ : (په‌رستاری ، شیكاری نه‌خۆشییه‌كان، ته‌ندروستی و كۆمه‌ڵ، ژمێریاری، زانستی كۆمپیوته‌ر، میدیا، ئایتی، داتابه‌یس، نێتۆرك، گه‌یاندن، كارگێڕی كار، كارگێڕی بانكه‌كان،كارگێڕی پرۆژه‌ كشتوكاڵییه‌كان، په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كان و بازاڕگه‌ری) كه‌لپێكهاتوون له‌ په‌یمانگاكانی ( سلێمانی، زانستی كۆمپیته‌ر، دوكان، چه‌مچه‌ماڵ، ده‌ربه‌ندیخان، هه‌ڵه‌بجه‌، كه‌لار) . شایانی باسه‌ پ.د.ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌رده‌وام له‌ به‌دواداچووندایه‌ بۆ چاودێری پرۆسه‌ی خوێندن به‌گشتی له‌زانكۆداو به‌تایبه‌تتر خوێندنی ئێواران به‌مه‌به‌ستی پڕكردنه‌وه‌ی هه‌ر كه‌موكوڕییه‌ك و پشتیوانی زیاتر كه‌ سه‌رجه‌میان له‌سه‌ر داهاتی زانكۆ خه‌رج ده‌كرێت. شایانی ووتنه‌ ده‌رچووانی به‌شه‌ زانستییه‌ ته‌كنیكییه‌كان له‌ دوای ده‌رچونیان و وه‌رگرتنی بڕوانامه‌كانیان باشترین هه‌لی كاریان له‌ بازاڕی كاردا بۆ ده‌ڕه‌خسێت چونكه‌ سه‌رجه‌م به‌شه‌ زانستییه‌ ته‌كنیكییه‌كان نزیكایه‌تی و هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ بازاڕو ئه‌و پیشانه‌دا هه‌یه‌ كه‌ پێداویستی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكن.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile