Back

مامۆستایەکی زانکۆمان چاپتەرێک لە کتێبێکی نێودەوڵەتیدا بڵاودەکاتەوە

دوابەدوای پێشکەشکردنی سیمینارێک لەسەر کارەکانی لەمیانەی بانگهێشتکردنی و سەردانیکردنی زانکۆی UCL ی بەڕیتانی-برانچ (لق)ی وەک توێژەری پێشکەوتووی سەردانکەر، د.ڕۆژین کەمال مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی کەلەپووری کولتووری دیجیتاڵی لەلایەن سەرۆک بەشی ئەوکاتەی پڕۆگرامی مۆزەخانە لە زانکۆی میواندارەوە (پرۆفیسۆر ئەلێکساندرا بۆنیا) بانگهێشتکرا بۆ نووسینی چاپتەرێک لە کتێبێکی دا. لەم مانگەدا (کانوونی دوومی ٢٠٢٢) کتێبەکە لەژێر ناونیشانی (Emerging Technologies and Museums: Mediating Difficult Heritage) بڵاودەبێتەوە کە دانانی (ئیدیت) بۆ کراوە لەلایەن پرۆفیسۆر ئەلێکساندرا بۆنیا کە ئێستا لە زانکۆی ئیجەیە لە یۆنان و د.تیۆپیستی ستایلایونو-لامبێرت لە زانکۆی تەکنەلۆجی قوبرس و د.ئەنتیگۆن هێراکلایدۆ توێژەری پۆست دکتۆرا لە تاقیگەی مۆزەخانەی سەر بە سەنتەری توێژینەوەی Interactive Media, Smart Systems and Emerging Technologies لە قوبرس و کتێبەکە لەلایەن دەزگای بێرگهانەوە بڵاودەکرێتەوە کە بنکەکانی لە شارەکانی نیویۆرک لە ئەمریکا و ئۆکسفۆردە لە بەڕیتانیا. لە چاپتەرێکی کتێبەکەدا، د.ڕۆژین کەمال باس لە ڕۆڵی تەکنەلۆجیای داهێنەرانەی واقعی مەجازی و واقعی معزز دەکات لە دەوڵەمەندکردنی ئەزموونکردنی مۆزەخانە و بینا و شوێنی کەلەپوور کولتووری. لە بەشی دووەمی چاپتەرەکەدا، لە ڕێگەی شیکارکردنی دیزاینی پێشانگای  واقعی مەجازی “کەس گوێ ناگرێت”ەوە، مامۆستاکەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی خوێنەران ئاشنا دەکات بە بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆجیا داهێنەرانە لە ئەزموونکردنی کەلەپووری کولتووری پەیوەست بە ڕووداوی سەختی وەکو جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکان. شایەنی باسە بەڕێوەبەرەکەی سەنتەری دی سی ئێچ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چەند ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە نێوانیاندا، هاوبەڕێوەبەری پڕۆژە توێژینەوەیەکی گەورەی هاوبەش بەناوی تۆڕی نەهرەین (کە پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان زانکۆکانی یوسی ئێڵ و ئۆکسفۆردی بەڕیتانی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و ڕێکخراوی کەلەپووری کولتووری و زانکۆی قادسیەیە) و توێژەری فەخری لە زانکۆی یوسی ئێڵی بەڕیتانی و جێگری نوێی سەرۆکی ڕێکخراوی ڕەشیدی نێودەوڵەتی لە ئەڵمانیا و هەڵسەنگێنەری نێودەوڵەتی دەزگای توێژینەوە و داهێنانی بەڕیتانی. بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی کتێبەکە و چاپتەرەکەی د.ڕۆژین کەمال، دەتوانن گرتە لەم لینکە بکەن.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile