Back

زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی دوو به‌شی زانستی نوێی له‌ قه‌زای چوارتا كرده‌وه‌

به‌ئامانجی فراوانكردنی به‌شه‌ زانستییه‌كان و له‌به‌رژه‌وه‌ندی خوێندكاران خه‌ڵكی به‌شه‌ره‌فی ده‌ڤه‌ری شارباژێڕ وه‌ له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی دوو به‌شی زانستی (زانستی هه‌نگ) و ( كارگێڕی پرۆژه‌ كشتوكاڵییه‌كان)ی له‌ قه‌زای چوارتا كرده‌وه‌ كه‌په‌یوه‌ستن به‌ په‌یمانگای ته‌كنیكی به‌كره‌جۆوه‌. پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 28 ی كانونی یه‌كه‌می 2021 له‌ هه‌وڵێكی تری زانستی زانكۆی پۆایته‌كنیكی سلێمانی و به‌ ئاماده‌بوونی پ.د. ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و شاهۆ عوسمان قائیمقامی قه‌زای چوارتاو پ.د. سۆران ابوبكر یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵاو د.كامل صابر ڕاگری په‌یمانگای ته‌كنیكی به‌كره‌جۆو به‌ڕێز هیوا احمد وه‌ك بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید احمدی صناعه‌و ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سایه‌تی دییاری ناوچه‌ی شارباژێڕ ، هه‌ردوو به‌شی زانستی (زانستی هه‌نگ) و ( كارگێڕی پرۆژه‌ كشتوكاڵییه‌كان)ی له‌ قه‌زای چوارتا كرایه‌وه‌ كه‌سه‌ر به‌ په‌یمانگای ته‌كنیكی به‌كره‌جۆ ده‌بێت. له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا پ.د. ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ڕایگه‌یاند : خۆشحاڵین توانیمان داواكاری خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ به‌جێ بگه‌یه‌نین و له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی كه‌به‌م ناوچه‌یه‌ی دابوو دوو به‌شی زانستی له‌م ده‌ڤه‌ره‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ بۆ یه‌كه‌م جاره‌ له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێته‌وه‌ ، كه‌ هیوادارین بتوانین له‌ئاینده‌یه‌كی نزیدا بیكه‌ینه‌ په‌یمانگایه‌كی سه‌ربه‌خۆ. له‌قسه‌كانیدا سه‌رۆكی زانكۆ سوپاسی قائیمقامیه‌ت و شاره‌وانی قه‌زای چوارتای كرد بۆ به‌ده‌مه‌وه‌چوون و هاوكاریكردنیان ، هه‌روه‌ها سوپاسی تایبه‌تی ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید احمدی صناعه‌ی كرد كه‌ بیناكه‌یان به‌خشیوه‌ به‌ زانكۆو ڕایگه‌یاند كه‌ سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كانی خوێندن دابنكراوه‌ كه‌له‌سه‌ر داهاتی زانكۆ بووه‌. قائیمقامی قه‌زای چوارتا له‌ ووته‌یه‌كدا خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به‌ كردنه‌وه‌ی ناوه‌ندێكی تری زانستی له‌ناوچه‌كه‌یان و ووتی ئه‌مه‌ خه‌ونێك بوو به‌دیهات بۆمان ، دوپاتیكرده‌وه‌ هاوكارو پشتیوان ده‌بن بۆ دابینكردنی زه‌وی و كردنه‌وه‌ی بینای گه‌وره‌تر بۆ زه‌مینه‌خۆشكردنی په‌یمانگایه‌كی سه‌ربه‌خۆ بۆ ده‌ڤه‌ره‌كه‌، سوپاسی سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كرد هاوكارو پشتیوان بوون له‌كردنه‌وه‌ی ئه‌م ناوه‌نده‌ زانستییه‌. له‌كۆتاییدا ڕێزلێنان به‌خشرایه‌ به‌ڕێز هیوا شه‌هید م.احمد صناعه‌ بۆ به‌خشنده‌ییان و به‌خشینی بینای ئه‌و دوو به‌شه‌ زانستییه‌. وا بڕیاره‌ بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023 خوێندن له‌و دوو به‌شه‌ زانستییه‌ ده‌ستپێبكات.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile