زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی رێككه‌وتنێكی ئه‌كادیمی له‌گه‌ڵ زانكۆی ناگاساكی ژاپۆنی واژۆ ده‌كات
له چوارچێوه‌ی هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌كان بۆ فراوانكردنی په‌یوه‌ندییه ئه‌كادیمییه‌كان له‌گه‌ڵ زانكۆ ئاست به‌رزه‌كانی جیهاندا، زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی رێككه‌وتنێكی زانستی و ئه‌كادیمی گرنگی له‌گه‌ڵ زانكۆی ناگاساكی ژاپۆنی واژۆ كرد.
له نامه‌یه‌كیشدا بۆ پرۆفیسۆر د.ئالان فه‌ره‌یدوون عه‌لی ئەمین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی، زانكۆ ژاپۆنییه‌كه خۆشحاڵی خۆیان پیشانداوه بۆ ئه‌نجامدانی رێككه‌وتنه‌كه و هیوای ئه‌وه‌شیان خواستووه ئه‌م رێككه‌وتنه هاوبه‌شه زیاتر په‌ره‌ی پێبدرێت له نێوان هه‌ردوو زانكۆدا.
وه‌ك له ناوه‌رۆكه‌كه‌یدا هاتووه، ئامانجی رێككه‌وتنه‌كه گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه ئه‌كادیمی و زانستییه‌كانی نێوان هه‌ردوولایه به‌تایبه‌ت له بواری ئاڵوگۆڕی زانستی له‌سه‌ر ئاستی مامۆستا و خوێندكار‌و فه‌رمانبه‌ران، به‌شێكی تری رێككه‌وتنه‌كه تایبه‌ته به ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌ی هاوبه‌ش له نێوان هه‌ردوو زانكۆدا به‌تایبه‌ت له‌و بوارانه‌ی كه جێ بایه‌خی هه‌ردوولان. ئه‌نجامدانی كۆنفرانس و سیمپۆزیه‌م و وۆركشۆپ به‌شێكی تره له‌و خاڵانه‌ی هه‌ردوو زانكۆ له‌سه‌ری رێككه‌وتوون.
دوای كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌رێكی تایبه‌ت به لێكۆڵینه‌وه له پاشماوه‌كانی چه‌كی كیمیایی له‌سەر هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید له‌لایه‌ن زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانییه‌وه له‌و پارێزگایه، بڕیاره هه‌ر به پێی رێككه‌وتنه‌كه و وه‌ك له ماوه‌كانی پێشووتریشدا ته‌ئكیدی لێكراوه‌ته‌وه، زانكۆی ناگاساكی هاوكار ده‌بێت له په‌ره‌پێدانی ئه‌م سه‌نته‌ره و له‌لای خۆشیانه‌وه ره‌زامه‌ندییان نیشانداوه له ماوه‌كانی داهاتوودا چه‌ند كارێكی هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ن.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه شیروان حامد به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی نێوده‌وڵه‌تی زانکۆ رایگه‌یاند زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ته‌نیا زانكۆیه له‌سه‌ر ئاستی عێراق و هه‌رێمی كوردستان رێككه‌وتنی زانستی و ئه‌كادیمی له‌گه‌ڵ زانكۆی ناگاساكی ژاپۆنی ئه‌نجام بدات و له هه‌وڵی به‌رده‌وامیشدایه بۆ ئه‌نجامدانی رێككه‌وتنی زیاتر له‌گه‌ڵ زانكۆ پێشكه‌وتووه‌كانی تری جیهاندا. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا پێش ئه‌نجامدانی ئه‌م رێككه‌وتنه‌ش هه‌ردوو زانكۆ له هاوینی ئه‌مساڵدا سیمپۆزییهمێكی هاوبه‌شیان ئه‌نجامدا له‌باره‌ی كاریگه‌ری چه‌كی كیمیایی له‌سه‌ر ژینگه و خاك و خۆڵی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید كه تیایدا چه‌ندین توێژه‌ر له‌لایه‌ن هه‌ردوو زانكۆوه به‌شداربوون.
جێی باسه، زانكۆی ناگاساكی یه‌كێكه له زانكۆ ئاست به‌رزه‌كان له‌سه‌ر ئاستی ژاپۆن و جیهان و گرنگییه‌كی تایبه‌ت ده‌دات به توێژینه‌وه له‌سه‌ر كاریگه‌ری چه‌كی ئه‌تۆمی و كیمیایی له‌سه‌ر مرۆڤ و ژینگه.