Back

مامۆستایەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەبێتە مامۆستای میوانی زانکۆیەکی ئەمریکی

د.ڕۆژین کەمال بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی کەلەپووری کولتووری دیجیتاڵی (دی سی ئێچ) و هاوبەڕێوەبەری تۆڕی نەهرەینی بەڕیتانی و جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی ڕەشیدی نێودەوڵەتی، وەکو مامۆستای میوان لەلایەن زانکۆی ئەریزۆناوە بانگهێشت دەکرێت بۆ پێشکەشکردنی وانەیەک دەربارەی پاراستنی کەلەپووری کولتووری بۆ خوێندکارانی ماستەری پڕۆگرامیکی زانکۆ ئەمەریکییەکە.   دوابەدوای وتنەوەی وانەکە بەشێوەی ئۆنلاین، مامۆستاکەی زانکۆمان نامەیەکی سوپاس و پێزانینی لە زانکۆ ئەمەریکیەکەوە پێدەگات کە تیایدا جەخت لە بەسوودی وانەکەی د.ڕۆژین کەمال کراوەتەوە بۆ خوێندکارەکانیان بۆ وروژاندنی پرسیار و گفتوگۆ دەربارەی پاراستنی کەلەپووری کولتووری لە ناوچەی ناکۆک، هەر لەنامەکەدا دەستخۆشی لە پڕۆژە و چالاکییە سوودبەخشەکانی مامۆستاکەی زانکۆمان لەناو سەنتەری (دی سی ئێچ )دا کراوەتەوە.   هەر لەنامەکەدا لە ڕێگەی نووسراوێکی هاوپێچەوە، خوێندکارەکانی پڕۆگرامی ماستەرەکە جگە لە دەربڕینی سوپاس و پێزانینیان بۆ وانە نایاب و سوود بەخشەکەی مامۆستاکەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، پرسیارەکانیشیان ئاڕاستەی ناوبراو کردووە بۆ دەستکەوتنی زانیاری زیاتر. شایەنی باسە لەبەر سەرسامی و بایەخی مامۆستای سەرەکی کۆرسەکە لە زانکۆی ئەریزۆنا (د.لیۆنارد هامێر) بە پڕۆژەکانی د.ڕۆژین کەمال لە دی سی ئێچ و تۆڕی نەهرەین و ڕێکخرای ڕەشید، لە کۆبوونەوەیەکی دواتردا مامۆستاکەی زانکۆی ئەریزۆنا چەند پێشنیار و بیرۆکەیەکی لەگەڵ د.ڕۆژین کەمالدا تاوتوێکرد بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە و چالاکی هاوبەش لە نێوان سەنتەری دی سی ئێچ لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و زانکۆی ئەرێزۆنا و بانگهێشتکردنەوەی د.ڕۆژین کەمال بۆ پێدانی وانەیەکی تر لە وەرزێکی تری خوێندنی هەمان پڕۆگرامدا.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile