Back

سه‌رۆك و ئه‌نجومه‌نی زانكۆ له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری خوێندكاران كۆبونه‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی گوێگرتن له‌داوا ڕه‌واكانی خوێندكاران و به‌ڕێوه‌بردنی ساڵێكی سه‌ركه‌وتوو ، سه‌رۆك و ئه‌نجومه‌نی زانكۆ له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری خوێندكارانی كۆلێج و په‌یمانگاكانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كۆبونه‌وه‌. سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 1ی كانونی یه‌كه‌می 2021 پ.د. ئالان فه‌ره‌یدوون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و به‌ ئاماده‌بوونی یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆكی زانكۆو ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ ، كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی ژماره‌ 5 ی ئه‌نجومه‌نی زانكۆیان ئه‌نجامداو له‌سه‌ره‌تای كۆبونه‌وه‌كه‌دا میوانداری ژماره‌یه‌ك له‌خوێندكارانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كرا بۆ ئاماده‌بوون له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ و پێشكه‌شكردنی داواكاری و ڕاپۆرتی خۆیان به‌ ئه‌نجومه‌نی زانكۆ. سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی وێڕای به‌خێرهاتنی خوێندكاران ، داوای له‌ نوێنه‌رانی خوێندكارانكرد هه‌ر داواو ڕه‌خنه‌و پێشنیارێكیان هه‌یه‌ ئازادانه‌ پێشكه‌شی بكه‌ن . نوێنه‌ری خوێندكاران به‌ یاداشتێك سه‌رجه‌م داواكارییه‌كانی خوێندكارانی خسته‌ڕوو كه‌خۆی له‌چه‌ند خاڵێكدا ده‌بینییه‌وه‌ له‌وانه‌:
  • دابینكردنه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌ی مانگانه‌ بۆ سه‌رجه‌م خوێندكارانی زانكۆ.
  • فه‌راهه‌مكردنی سه‌رجه‌م خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ به‌شه‌ ناوخۆییه‌كانی زانكۆ .
  • هه‌وڵدان بۆ گرنگیدان به‌ پرۆگرام و هۆڵه‌كانی خوێندن .
له‌به‌رامبه‌ردا پ.د. ئالان فه‌ره‌یدوون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی دوپاتیكرده‌وه‌ له‌ پشتیوانیان له‌ داوا ڕه‌واكانی خوێندكاران و دابینكردنی پێداویستییه‌ هه‌نوكیی و گرنگه‌كانی پرۆسه‌ی خوێندن و به‌شه‌ناوخۆییه‌كان كه‌ ده‌بێته‌ بنه‌مای خوێندنێكی پڕ به‌رهه‌م و سه‌ركه‌وتوو هه‌م بۆ زانكۆو هه‌م بۆ خوێندكارانیش، به‌ناوی ئه‌نجومه‌نی زانكۆوه‌ به‌ڵێنی به‌خوێندكاراندا داوا ڕه‌واكانیان بگه‌یه‌نێته‌ شوێنی مه‌به‌ست و داكۆكیكه‌رێكی ڕاسته‌قینه‌بن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خوێندكاران هه‌روه‌ك چۆن له‌ ڕابردوشدا هه‌رچییه‌كیان پێكرابێت درێغیان نه‌كردووه‌ به‌ڵام له‌ دوو سێ ساڵی ڕابردوودا به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی دارایی و شه‌ڕی داعش و ڤایرۆسی كۆرۆنا هه‌موو كه‌رته‌كانی هه‌رێمی كوردستان ڕوبه‌ڕووی قه‌یران بونه‌وه‌و پرۆسه‌ی خوێندنیش به‌ده‌ر نه‌بوو له‌و ئاسته‌نگانه‌. هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌شكرد كه‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی بۆ ئه‌مساڵی خوێندن زیاتر له‌ 100 ملیۆن دیناری له‌سه‌ر داهاتی زانكۆ ته‌رخانكردووه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستی پرۆسه‌ی خوێندن و به‌شه‌ناوخۆییه‌كان چونكه‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی یه‌كێكه‌ له‌زانكۆ گه‌وره‌و فراوانه‌كان و چه‌ندین كه‌مپی له‌خۆگرتووه‌و ساڵانه‌ به‌هه‌زاران خوێندكار تیایدا ده‌خوێنن كه‌ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ ڕێژه‌ی داواكاری و پێداویستییه‌كان له‌ئاستێكی به‌رزدابن. له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی خوێندكارانی دڵنیاكرده‌وه‌ له‌وه‌ی چه‌ندین نوسراویان ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و وه‌زاره‌تی دارایی كردووه‌ بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌كانی پرۆسه‌ی خوێندن به‌گشتی وڕایگه‌یاند هه‌رگیز بۆ ساتێكیش ئه‌و بواره‌یان فه‌رامۆش نه‌كردووه‌. له‌كۆتاییدا داوای له‌نوێنه‌رانی خوێندكارانی زانكۆ كرد به‌ ئارامی بچنه‌وه‌ هۆڵه‌كانی خوێندن و ده‌ست به‌وه‌رگرتنی به‌شه‌ وانه‌كانیان بكه‌نه‌وه‌ چونكه‌ به‌پێی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بودجه‌یه‌ك دابینكراوه‌ بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كانی خوێندن و له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا هه‌موولایه‌ك به‌رهه‌مه‌كه‌ی ده‌بینین، هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواستن. دوا به‌دوای ئه‌وه‌ كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ ده‌ستی به‌كاره‌كانی خۆی كرد و له‌سه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ی كه‌ پێویست و هه‌نوكه‌یی بوون گفتوگۆویان له‌باره‌وه‌ كرا و ڕاوبۆچوونی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ به‌ گرنگییه‌وه‌ وه‌رگیرا. داوا له‌ سه‌رجه‌م كۆلێج و په‌یمانگاكانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كرا به‌گوڕو تینێكی زۆره‌وه‌ ده‌ست به‌ پرۆسه‌ی خوێندن بكه‌نه‌وه‌و چاودێرێكی جددی بن له‌سه‌ر دابینكردنی پێداویستییه‌كانی خوێندن و خوێندكاران تا به‌هه‌موولایه‌ك باشترین ساڵی خوێندن به‌ڕێبكرێت.  
This shortcode LP Profile only use on the page Profile