خوێندكارێكی باڵای ژاپۆن له زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی درێژه به خوێندنه‌كه‌ی ده‌دات
به‌مه‌به‌ستی ته‌واوكردنی به‌شێك له خوێندنه‌كه‌ی، خوێندكارێكی باڵای ژاپۆن له‌ناو زانكۆكانی هه‌رێمی كورردستاندا، زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هه‌ڵده‌بژێرێت.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا رۆژی دووشەمە 29/11/2021، پرۆفیسۆر دكتۆر سۆران ئه‌بوبه‌كر یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی به ئاماده‌بوونی شیروان حامد به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی نێوده‌وڵه‌تی له سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ، پێشوازیی له كۆكی سیا خوێندكاری باڵای زانكۆی واسێدای ژاپۆنی كرد.
له دیدارێكدا باس له پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه ئه‌كادیمییه‌كانی زانكۆكانی هه‌رێم و زانكۆكانی ژاپۆن كرا كه له‌م بواره‌دا زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به ئه‌نجامدانی رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ زانكۆی ناگازاكی ژاپۆنی بووه سهرمهشهقی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان بۆ دروستكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه.
هه‌ر له دیداره‌كه‌دا یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی باسی له گرنگی كرانه‌وه‌ی زانكۆكانی هه‌رێم كرد به رووی زانكۆكانی جیهان به گشتی و زانكۆكانی ژاپۆن به تایبه‌تی و ئاماده‌یی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی بۆ هه‌ر جۆره هاوكارییه‌ك له‌م بواره‌دا راگه‌یاند.
له‌لای خۆیه‌وه، كۆكی سیا له لێدوانێكیدا بۆ سایتی زانكۆمان باسی له هۆكاره‌كانی هه‌ڵبژاردنی زانكۆی پۆلیتهنیكی سلێمانی كرد بۆ درێژه‌دان به به‌شێك له خوێندنه‌كه‌ی و رایگه‌یاند له‌به‌رئه‌وه‌ی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ته‌نیا زانكۆیه له هه‌رێم كه په‌یوه‌ندیی ئه‌كادیمی له‌گه‌ڵ زانكۆكانی ژاپۆندا هه‌یه له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره ئه‌م زانكۆیه‌ی هه‌ڵبژاردووه.