Back

زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی میوانداری سێهه‌مین وۆركشۆپى (دایه‌لۆگی نیشتمانی بۆ ڕیفۆرم له‌ خوێندندا ) ده‌كات

له‌ هه‌وڵێكی زانستی ناوازه‌ی تردا ، زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی میوانداری و پێشوازی له‌ دایه‌لۆگكێكی نیشتمانی تایبه‌ت به‌ ئاسته‌كانی خوێندن ده‌كات له‌ قۆناغی په‌روه‌رده‌ی سه‌ره‌تاییه‌وه‌ تا ئاستی خوێندنی باڵا به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌رایه‌تی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و ژماره‌یه‌ك له‌ زانكۆ حكومی و ناحكومییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان. سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 11 ی تشرینی دووه‌می 2021 پ.د.ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی پێشوازیكرد له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌رۆك و یاریده‌ده‌ران و ڕاوێژكارانی زانكۆ حكومی و ناحكومییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی دایه‌لۆگێكی نیشتمانی سه‌باره‌ت به‌ ڕیفۆرم له‌ قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تاییه‌وه‌ تا خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت. سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن  پ.د.ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌خێرهاتنی گه‌رمی ئاماده‌بووانی كرد و خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی له‌پایته‌ختی ڕۆشنبیری و شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی به‌دیداری ئاماده‌بووان شاد ده‌بێت و سوپاسی خۆی و زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی دوپاتكرده‌وه‌ تایبه‌ت به‌ په‌رۆشی هه‌موو لایه‌ك له‌مه‌ڕ به‌شداری و خه‌مخۆرییان به‌ئامانجی گۆڕانكاری ڕیشه‌یی و ڕیفۆرمێكی زانستیانه‌ له‌ قۆناغه‌كانی خوێندن له‌ئاستی سه‌ره‌تاییه‌وه‌ تا ته‌واوكردنی خوێندن و به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی خوێندنی باڵا. ئومێدی خواست ئه‌م دایه‌لۆگه‌‌و سه‌رجه‌م ئه‌و چالاكییانه‌ی له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌نجامدراون به‌رهه‌مێكی ناوازه‌و ئه‌نجامێكی پۆزه‌تیفانه‌ی هه‌بێت بۆ گۆڕانكاری له‌سه‌ر سێكته‌ره‌كانی خوێندن به‌تایبه‌ت پرۆگرام و ئه‌و بابه‌تانه‌ی ده‌بنه‌ بنه‌ما بۆ پێگه‌یاندنی خوێندكاران، له‌كۆتایی قسه‌كانیدا هیوای سه‌ركه‌وتن و ئاینده‌یه‌كی ڕونتری بۆ پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێمی كوردستان خواست و داوای كرد بڕیارو ڕاسپارده‌كانی ئه‌م دایه‌لۆگه‌ نیشتمانییه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه‌ كاری له‌سه‌ر بكریت. له‌پاش ئه‌وه‌ ئاماده‌بووانی دایالۆگه‌كه‌ دابه‌شبوون به‌سه‌ر دوو گروپدا و هه‌ریه‌كه‌یان ڕاو بۆچوون و سه‌رنجه‌كانی خۆیان ده‌ربڕی به‌ ئاراسته‌ی دروستكردنی گۆڕانكاری له‌ سیستمی خوێندن و په‌روه‌رده‌دا. بڕیاره‌ تا سه‌رله‌ئێواره‌ گفتوگۆو دراسه‌كردنی بابه‌ته‌كه‌ به‌رده‌وام بێت. پ.د. سۆران سعید یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا به‌سایتی زانكۆی ڕاگه‌یاند : وه‌ك ئه‌ركێكی زانستی و هه‌نوكه‌یی له‌سه‌رشانمان ، به‌پێویستمان زانی ئه‌م دایالۆگه‌ نیشتمانییه‌ سازبكه‌ین و چه‌ندین پسپۆرو كه‌سانی به‌ئه‌زموون و خاوه‌ن ده‌سپێشخه‌ری كۆبكه‌ینه‌وه‌ له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ، به‌و ئامانجه‌ی بناغه‌ی سیستمی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا له‌هه‌رێمی كوردستان به‌ ئاقارێكی باشتردا به‌رین، پێشنیاری باش و سه‌رنجی گرنگ خرانه‌ڕوو كه‌ بێگومان پوخته‌ی دایالۆگه‌كه‌ ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ده‌كه‌ین له‌ داهاتوودا.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile